کۆبوونەوەکانی سەرانی گرووپی ٢٠ و دیداری سەرۆک ترامپ و شینزۆ ئابێ لەمەڕ ئێران

0
601

ڕۆژی کورد :
سەرۆک کۆماری ئامریکا و سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن جەختیان کرد لە سەر دابینکردنی ئاسایش و باری ئەمنی دەریاوانی لە دەڤەری ئاوەکانی نێودەوڵەتی و باریکەڕێی هۆرمز. دەوروبەری ٨٠% نەوت و سووتەمەنی هاوردەکراوی ژاپۆن لە ڕێگای باریکەی هۆرمز تێپەڕ دەبێت و ماوەیەک پێش ئێستا یەکیک لە نەوتهەڵگرەکانی ئەو وڵاتە لە دەریای عەممان کەوتە بەر هێرشی تێکدەرانە و زیانێکی زۆری بەرکەوت. ئامریکا ئەڵێت کۆماری ئیسلامی ئێران بەرپرسی ئەم هێرشە بووە.

لە پڕۆسەی دیدار و چاوپێکەوتنی سەرۆک ترامپ لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن، هەر دوو لایەن جەختی زۆرتریان کرد لە سەر هاوکاری بازرگانی و ئابووری دوولایەنە. سەرۆک ترامپ دەسخۆشی کرد لە دامەزرانی کارگەکانی بەرهەمهێنان و شوێنەکانی درووستکردنی ترۆمبێل و ئامێرەکانی پەیوەست بە ترومبێل و هاتووچۆی ژاپۆن لە چەن ئیالەتێکی ئامریکا وەکوو ئۆهایۆ، پێنسیلوانیا و کارۆلینای باکوور. شینزۆ ئابێ، سەرۆک وەزیرانی وڵاتی ژاپۆن لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی سەرۆکانی گرووپی ٢٠ جەختی دووبارەی کرد سەبارەت بە ڕاگرتنی باری ئەمنی هێڵەکانی گواستنەوەی وزە بە هۆی خراپی بارۆدۆخی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
شینزۆ ئابێ لە ڕەوتی چاوپێکەوتنەکەی خۆیدا چەن وێنەیەکی لە دامەزراوە بەرهەمهێنانەکانی ژاپۆن لە ئیالەتە جوراوجۆرەکانی ژاپۆن خستە بەرچاوی سەرۆک ترامپ. سەرۆک کۆماری ئامریکاش هاوکات ئاماژەی بەوەکرد کە ڕەوتی هاوکارییەکانی دوولایەنە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و بەم زووانەش ئاکامی باشی لێدەکەوێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵنێری ڕۆیتێرز، ژمارەیەکی بەرچاو لە دەسەڵاتدارانی ئاگادار وتوویانە کە وەفدی ڕەسمی هەر دوو وڵاتانی ئامریکا و ژاپۆن لە مانگی داهاتوودا پێکەوە دیدار و چاوپێکەوتنیان دەبێت تا سەبارەت بە وردەکارییەکانی ئەم گرێبەستە بازرگانییە زیاتر وتووێژ بکەن. ژاپۆن هاوپەیمانی سەرەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا لە گەڵ ئەوەی پێوەندییەکی باشی لە گەڵ واشنگتۆن و تاران هەیە، هاوکات لە گەڵ پشتیوانی لە ڕێوشوێنی ئامریکا لە بەرانبەر کۆماری ئیسلامی ئێران، هەوڵی داوە کێشە و ئاڵۆزی نێوان ئەم دوو وڵاتە کەم بکاتەوە.
سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن پێش لە سەفەری فەرمیی خۆی بۆ تاران، لە وتووێژێکی تەلێفوونی لە گەڵ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا سەبارەت بە بابەتەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئێران ڕاوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان کرد. پێشتر سەرۆک ترامپ بە ئاماژە پێدان بە ئەگەری گونجانی نێوانجییگەری ژاپۆن باسی ئەوەی کردبوو : من لە سەر ئەو بڕوایەم کە ئێران ئەیەوێت وتووێژ پێک بهێنێت، ڕێزدار ئابێ لە دەسەڵاتدارانی ئێران و بیرکردنەوەیان زۆر نزیکە و هیچ کەس بە تایبەتی ئێمە حەز بە ڕوودان و بینینی نەهامەتی و ویشوومە ناکەین.
سەرەڕای هەموو ئەوانە و پێداگری ئامریکا لە سەر دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای وتووێژەوە، عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ڕەوتی دیدار و چاوپێکەوتن لە گەڵ شینزۆ ئابێ لە تاران بە ئاشکرا دژایەتی وتووێژی کرد و پێداگری کرد لە سەر ڕوانگە و هەڵویستەکانی پێشووی خۆی. باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە تۆکیۆ سەرەتای مانگی ئایار باسی لە ویستی هاوبەشی سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن کردبوو بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوت و سووتەمەنی ئێران. ژاپۆن یەکێکە لە کڕیارە دێرینە و سەرەکییەکانی نەوتی ئێران.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.