کوردی خۆرهەڵات، پاشکۆیەکی بەلاش و هەرزان بایی

0
921

نووسینی: شۆڕش خۆرهەڵاتی

کوردی کوردستانی خۆرهەڵات، بە تاک و بە کۆ، لە مێژە و دەکرێ بڵێین دوای تێکچوونی کۆماری ساوای کوردستان لە مهاباد، بووە بە پاشکۆ، پاشکۆیەک کە دواتر هەر بە شۆڕشی ئەیلوول و یەکێتی و پارتییەوە نەوێستا و لە پەکەکە و لقەکانیشیدا، چەقتر بووە و ئێستا گەیشتۆتە ئاستێک کە بۆ مانەوەی خۆرهەڵات، پێویست بە شۆڕشێک لە هەمبەر ئەو پاشکۆبوونە، حاشاهەڵنەگرە. پاشکۆبوونێک کە لە ڕێبەرایەتیی حیزبەکانەوە تا پاشخانی هزریی بەشی هەرە زۆر و نزیک بە هەرهەمووی کوردستانی خۆرهەڵاتی تەنیوە.

بۆ ئەوەی بزانی ئەو لێدوانە چەندە ڕاستە و بێ گرێیە، پێویست بە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی ناکات، تەنیا ئاوڕێک لە هزر و ڕەفتاری خۆمان و دەورووبەرمان بدەینەوە یان تەنیا یەک نووسینی فەیسبووکیی ڕەخنەئامێز لەسەر یەکێک لەو حیزبانە بنووسین، هەموو شت خۆی بە ڕوونی دەردەخات، چ بگا بەوەی کە وەک ڕۆژنامەنووسێک لە ڕووداوەکان و هەڵوێستەکان بڕوانی یان لە کاتی هاتنە ئارای بابەتێکی وەک سەفەری بەرپرسێکی یەکێک لەو حیزبانە بۆ ئێران یان هاتنە ئارای ڕووداوێکی وەک کردنەوەی ناوەندێکی ڕۆشنبیری یان پێشانگایەک لە زۆنی یەکێک لەو حیزبانە، بتهەوێ ڕای خاوەن ڕایان بپرسی یان لێکدانەوە بۆ نووسینە فەیسبووکیەکان لە تێروتەسەلەوە تا کرچ و کاڵ بکەیت.

کەم نین ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە بە هۆی کارکردن لە یەکێک لە دامەزراوەو ڕاگەیێنەکانی یەکێک لەو حیزبانە، هەودای هزریان لە دەست دەرچووە، کەم نین ئەو دوکتور و مامۆستا و دوکتورا و ئەندازیارانەی کە بە هیوای گەیشتن بە دەرەوە یان دابینبوونی تێچووی چاپی پەرتووکێک یان دامەزران لە زانکۆیەک، بە ئاشکرا هەڵوێستیان گۆرابێ.

با نموونەیەک بێنینەوە. دوکتورایەک کە دوای سەردانێک بۆ نموونە بۆ شنگال و هەندێک ڕێزلێنانی، یەکسەر دەگاتە ئەو بەناو ڕاستییە کە چیتر حیزب و مۆدێرنیتە بەکاری کورد نایە و کورد دەبێ سەرۆکێکی عەشیرەیی و شۆڕشێکی خێڵەکی هەبێ ئەگینا داوای فیدراڵی دەکات نەک سەربەخۆیی.

نموونەیەکی تر ئەو کاتانەیە کە بۆ نموونە سەنتەری ڕۆشنبیریی خومەینی لە کەرکووک دەکرێتەوە هەموو یەک دەنگ هاوار دەکەن بەڵام کە سەردانێکی فڵان ڕێبەرە بۆ تورکیە یان ئێران دەکرێت، هەموو سینگ شێرانە پاساوی بۆ دێننەوە و بە قازانجی کوردی دەناسێنن، بێ ئەوەی تەنانەت یەک بەڵگە و فاکتیان لەبەردەست بێت.

نموونەیەکی تر، لەناو زاران گەڕانی وشەی “سەرۆک”ـە بێ پاشکۆ، واتا بێ سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکی پەکەکە یان سەرۆکی ….تاد، کوردی ڕۆژهەڵات، ڕاستەوخۆ ئەو ڕێبەرانە کە تا ئێستاش نەیانتوانیوە ڕێبەری هەرێمەکەی خۆشیان بن بە سەرۆکی خۆی دەزانێت، ئەوە لە سەرۆکی ئەمریکاشدا هەر هەیە، دەگوترێ سەرۆک ترامپ وەک ئەوەی کوردی خۆرهەڵات، تاکێکی ئەمریکایی بێت.

نموونەی تر ئەو ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیێندکارانەن کە دوای دامەزرانیان لە دەزگایەکی حیزبێک، لەپێناو مووچە و مانگانە و بژیوی ژیان، هەستی شۆڕشگێڕیی پێشوویان یەکسەر دەگۆڕێ و هەڵوێستیان یان بێدەنگی دەبێ یان بەرپەرچدانەوەی ڕەخنە بە دژی یەکێک لەو حیزبانە کە کاری تێدا دەکەن.

نووسەری ئەو دێڕانە بە ڕاشکاوانە دەڵێ، لە ئێستادا، حیزبەکانی پارچەکانی تری کوردستان، بە ڕادەیەکی بەربەرین پەل و پۆیان لەناو ڕێبەرایەتیی حیزبەکانی کوردستانی خۆرهەڵات هاویشتووە و تەونی خۆیان تەنیوە، بۆ ئەو بابەتە دەکرێ بەڕاشکاوی لە کاتی لێدوان، کۆبوونەوە یان هەڵوێستەکان بۆ نموونە هەڵوێستی لەسەر خەباتی چەکداری، بە ڕاشکاوی ئەوە ببینین، ئەوە جیا لەوەیە کە ئەو حیزبانە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە جیاتی لابیگەری لە ئوروپا و ئەمریکا و کانادا و…بە گشتی جیهانی ئازاد، دەستیان کردووە بە لابیگەری لە ناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و پەروەردەکردن و زەق کردنەوەی کادر و تاک و …تاد بۆ ڕێبەرایەتیی ئەو حیزبانە و تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بوون.

هەر کام لە حیزبەکانی باشوور و باکوور و بە ڕوونی پەکەکە و پارتی، لە ناو حیزبەکەیان کەس یان کەسانێکیان بۆ هەر کام لە پارچەکانی تر داناوە و لە ڕێگای ئەو کەسانەوە، کار لەسەر هەست و سۆزی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکەن و لەلایەکی تریشەوە ڕووناکبیرانی خۆرهەڵاتی بەرەو لای خۆیان دەبەن و دەستەمۆیان دەکەن کە دەیان نموونەی زەق و زیندوو لەبەردەستدا هەیە و لە ئەنجامدا ئاسۆ لە ڕۆژهەڵاتێکی ڕۆژهەڵاتییەوە دەگۆڕدرێ بۆ ڕۆژهەڵاتێکی باکووری یان باشووری.

هەر کام لەو حیزبانەی پارچەکانی تریش بەڕادەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەترسانە و ناناتەوەییانە هێرش دەکەنە کەسانی ڕەخنەگر و دەیانکەن بە جاش و لە هەمان کاتێشدا وایان پەل هاویشتۆتە ناو حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە هەر بە دەست خودی حیزبەکان، تاکی ڕەخنەگر، شاربەدەر دەکەن و خەسار بە کەسایەتیی سیاسی دگەیێنن و بە جۆرێک هەوڵدەدەن تیرۆری کەسایەتی کەسەکە بکەن کە هەر ئەوەیان خۆی نێشاندەر و دەرخەری ڕادەی برەو و دەسەڵاتی ئەو حیزبانە لە ناو حیزبەکانی خۆرهەڵات و لەدەستدانی سەرەداوی سەربەخۆیی لەلایەن حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتە.

وەک گوترا پێویست بە شۆڕشێکی بەهێز بە دژی ئەو بە پاشکۆ و کۆیلەبوونە هەیە کە لە ژێر ناوی ناوەرۆک پڕوزاوی، هەستی نەتەوەییدا بۆتە تەم و باڵی بەسەر ڕۆژهەڵاتدا کشاوە و لە ناو ماڵەکان وێنەی فڵان و فیسار سکرتێر و شاباش کردن بۆ سەرکەوتنی فڵان و فیسار حیزبو پارچەی تری کوردستان، سەرچۆپێی زەماوەندێکی ڕەش دەگێڕێت.

تێبینی: ئەو بابەتە دەرخەری ڕوانگەی ناوەندی ڕۆژی کورد نیە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت