کرێکارێک لە سیلۆی مەهاباد گیانی لە دەست دا

0
511

کرێکارێکی تەمەن 30 ساڵە لە سیلۆی مەهاباد، کەوتۆتە بن گەنم و گیانی لە دەست داوە.
بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی شاری مەهاباد (فدایی)، بە زریان نیوزی راگەیاندووە، ئەو کرێکارە کە تەمەنی سی ساڵان بووە، رۆژی رابردوو لەگەڵ یەکێک لە هاوکارەکانی چووەتە ئەنبارێکی گەنم لەوێ گیانی لە دەست داوە.
بە پێی گێڕانەوەی بەرپرسی بەشی فریاکەوتنی شاری مەهاباد، بە هۆی ناشارەزا بوون لە سیستەمی ناوی ئەنبارەکان، ئەو کرێکارانە نەیانزنیوە کە سیستەمەکە هەڵکراوە و کار دەکا. دوای ئەوەی کە چوونەتە ناو ئەنبارەکەوە، گەنمان بە سەر داهاتووە و هەر دوو کرێکارەکە وەبن گەنم کەوتوون.
لە ئاکامی ئەو رووداوە دا یەکێک لە کرێکارەکان بە هۆی کەمی ئۆکسیژێنەوە گیانی لە دەست داوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بە ناوی ئەو کەسە نەکردووە کە گیانی لە دەست داوە.
لە ئێران دا بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی هیچ دەورەیەک بۆ شارەزا بوونی کرێکاران لە ئامێرەکانی کار کردن و شوێن و شێوازی کار کردن بوونی نیە. زۆربەی کرێکاران بە بێ هیچ جۆرە زانیارییەک لە ئامێر و جۆری کار پێکردنی کەل و پەلی کارەکانیان و هەروەها بە بێ رەچاو کردنی لایەنی ئەمنی شوێنی کارەکەیان، کار دەکەن. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە رووداوی لە شێوەی رووداوی سیلۆی مەهاباد رووبدا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت