کرماشان: بێ ڕێزی کردن بە ئایینی یارسان بەردەوامە

0
774

بێ ڕێزی کردن بە ڕێڕەوانی ئایینی یارسان و بێبەری کردنیان لە زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکان و هەروەها ئەرکە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان، لە ماوەی ٣٧ ساڵ دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بووە و زۆر جاریش دژکردەوەی کارەساتباری لێکەوتۆتەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە شاری شائابادی غەرب لە پارێزگای کرماشان لە کوردستانی خۆرهەڵات، رۆژی شەممە ٨ی ڕەشەممە، تاقمێک هێڕشیان کردۆتە سەر تەنیا جامخانەی ڕێڕەوانی ئایینی یارسان لەو شارە.

شایەتحاڵان باس لەوە دەکەن کە ئەو تاقمە کە نزیک بە ١٠٠ کەس دەبوون، هێڕشیان بردۆتە سەر جامخانەی ڕێڕەوانی ئایینی یارسان لە شائابادی غەرب و زیانێکی زۆریان بەو جامخانەیە گەیاندووە.

هێرشبەرەکان خۆیان بە “ڕێرەوانی ویلایەتی فەقێ” ناساندووە و درووشمیان بە دژی ڕێڕەوانی ئایینی یارسان داوە و گەلێک بێ ڕێزی و وشەی نائەخلاقیان بەکار هێناوە و بۆ بێ ڕێزی کردن بە یارسانییەکان، سمێڵی گەورە و قەبەی دەستکردیان لە خۆیان نابوو.

هێرشبەرەکان لە درووشمەکانی خۆیاندا داوای لە ناوبردنی ڕێڕەوانی ئایینی یارسانیان کردووە و ئایینەکەیان بە ڕێ ون کردوو و لە رێگا دەرچوو ناو بردووە.

شایەتحاڵان دەڵێن پۆلیس و هێزە ئەمنیەتییەکان بە ڕوونی و ئاشکرایی، پشتیوانیان لەو ئاژاوەچییانە دەکر و ئەو تاقمە لە ژێر پاراستنی تەواوی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکاندا، ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە.

پێویست بە ئاماژەیە کە ڕێڕەوانی ئایینی یارسان لە دۆخێکی خراپی ئایینی و کۆمەڵایەتی دان و شیعەکان تەنانەت نان خواردن لە دەستی ئەوان بە پیس و ناڕەوا دەزانن و هەروەها ڕێڕەوانی ئەو ئایینە کوردییە لە زانکۆکان و ئیدارەکانیشدا  ڕووبەڕووی بێ ڕێزی بوونەوە و لە ئەنجامی بێ ڕێزی زۆر بەو کەسانە، دوو کەس لە ڕێڕەوانی ئایینی کوردیی یارسان لە شاری کرماشان ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەردا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.