کاردانەوە جیهانییەکان سەبارەت بە کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی، ڕێبەری داعیش

0
1133

ڕۆژی کورد :
دوابەدوای ڕاگەیاندنی هەواڵی کوژرانی “ئەبووبەکر بەغدادی”، ڕێبەری گرووپی تێرۆریستی داعیش، بەرپرسی وڵاتانی ئێران، فەڕانسە، ڕووسیە، تورکیە و ئیسرائیل بە خێرایی کاردانەوەیان دەربڕی. بریتانیا و فەڕانسە پیرۆزباییان لە بەرپرسانی ئامریکا کرد. ئێران کوژرانی بەغدادی بە کۆتایی پێهاتنی سەمبۆلی تێرۆریزمی ” بەهێزکراوی ـ ڕووخێنراو” لە ناوچەکەدا ناوبرد.

دۆناڵد تڕامپ، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی ئۆکتۆبر بە فەرمیی کوژرانی “ئەبووبەکر بەغدادی” ڕێبەری گرووپی تێرۆریستی داعیشی پشتڕاست کردەوە. تڕامپ لە وتەکانی خۆیدا کە لە پێوەندی بەم بابەتەوە ئاشکرای کرد، سپاسی وڵاتانی تورکیە، ڕووسیە، سووریە و عێراق کرد بۆ هاوکاری کردنیان لە پڕۆسەی چالاکی کوژرانی بەغدادی ڕێبەری داعیش. هاوکات لە گەڵ وتەکانی سەرۆک تڕامپ، بەرپرسانی وڵاتە جیاجیاکان بە خێرایی کاردانەوەی خۆیان سەبارەت بە کوژرانی ڕێبەری داعیش دەرخست.
عەلی ڕەبیعی، وتەبێژی دەوڵەتی ئێران بە توویتێکی خۆی دا لە سەر بابەتی کوژرانی بەغدادی کاردانەوە دەربڕی. ڕەبیعی لە تووییتەکەی دا نووسیویەتی : لەناوچوونی بەغدادی کۆتایی سەمبۆلی تێروریزمی بەهێزکراوی ـ ڕووخێنراوە، بە هێزکردنی بیرۆکەی مەرگ بۆ ناو جەرگەی کۆمەڵگا مەدەنییەکان و ڕووخاندنی وێنەی ڕاستەقینەی ئیسلام لە بۆچوونە گشتییەکانی جیهان. بەڵام هەروەک بە مردنی بێن لادەن بنچینەی تێرۆر وشک نەکرا، مەرگ و نەمانی بەغدادیش هاوکات کۆتایی داعیش و تێرۆریزم نابێت.
بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی هەواڵنێری ڕۆیتێرز، بووریس جانسۆن سەرۆک وەزیرانی بریتانیا لە پەیامێکی توویتێری دا نووسی : نەمان و مەرگی ئەبووبەکر بەغدادی کات و ساتێکی گرینگە لە شەڕی ئێمە دژی تێرۆریزمی نێودەوڵەتی، بەڵام ململانێ دژی بەدڕەوشتی گرووپی تێرۆریستی داعیش هێشتا کۆتایی پێنەهاتووە. هەر بە پێی ئەم ڕاپۆرتە هەروەها وەزیری بەرگری فەرانسە مەرگ و لەناوچوونی ئەبووبەکر بەغدادی ڕێبەری گرووپی داعیشی بە “خانەنشین کراوی پێش وەختی تێرۆریستێک” ناو برد و پیرۆزبایی لە هاوپەیمانەکانی ئامریکایی وڵاتەکەی کرد سەبارەت بە بەڕێوەبردنی چالاکی سەرکەوتووانەی شەوی ڕابردوویان.
چەن کاژێرێک دواتر “ئەمانوئێل ماکڕۆن” سەرۆک کۆماری فەرانسە، کوژران و مەرگی ئەبووبەکر بەغدادی وەکوو “زەبرێکی گران” ناو برد بۆ سەر داعیش، بەڵام ئەوەشی زیاد کرد ئەم تەنها قۆناغێکە لە شەڕ و بەربەرەکانێی ئێمە و هاوپەیمانەکانمان لە هاوپەیمانییەنی نێودەوڵەتی دژی داعیش و تا تێکشکانی گشتی ئەم ڕێکخراوە تێرۆریستییە بەردەوام دەبین. بنیامین نتانیاهوو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بڵاوکراوەیەکی خۆی دا پیرۆزبایی لەسەرۆک تڕامپ کرد سەبارەت بەم “دەسکەوتە سەرسووڕهێنەرە” کە بە کوژرانی ڕێبەری داعیش وەدەست کەوتووە و جەختی لە سەر ئەوە کرد کە ئەمە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورەیە، بەڵام بەربەرەکانێ و تێکهەڵچوون دژی داعیش هێشتا بەردەوامە.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی هەواڵنێری ئاسۆشۆیتێدپرێس، ژەنڕاڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە وتارێکی خۆی دا لە ناوبردنی ڕێبەری داعیشی بە دەرئەنجامی پێنج مانگ هاوکاری زانیاری هێزەکانی لە گەڵ هاوپەیمانان بە ڕێبەرایەتی ئامریکا ناوبرد. ناوبراو ئەم هاوکارییانەی “سەرکەوتووانە و مێژوویی” ناو برد. هاوکات بەرپرسێکی باڵای تورکیەش ڕایگەیاندووە کە ئانکارا ئاگاداری پڕۆسەی چالاکی ئامریکا دژی ڕێبەری گرووپی داعیش بووە و تا ئەو ئاستەی ئێمە ئاگادارین ئەبووبەکر بەغدادی ماوەی ٤٨ کاژێر پێش ئەوە بۆ شوێنێکی دیکە لە وڵاتی سووریە ڕاگوێزرابوو کە لەوێ کەوتە بەر دەسرێژ و لە ئاکام دا کوژرا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.