ژنێکی فەڕانسەوی بە تاوانی یارمەتیدان بە پەنابەرێکی کورد دادگایی دەکرێ/ ئەوین مۆتەکەیەکی یاغیە

0
882

ڕۆژی کورد: بئاتریس هورە، بێوەژنێکی تەمەن ٤٤ ساڵانی فەڕانسەویە کە لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە و دوای ئەوەی کە شوەکەی کە لە کەمپی کالە، پۆلیس بووە دەمرێ بە بێوەژنی و بە تەنیایی دەژیا. ساڵی ٢٠١٥ لە کەمپی کالە و لە کاتێکدا کە مێرمنداڵێکی سومالیایی بردۆتە ئەو کەمپە، لەگەڵ کوڕە کوردێک بە ناوی موختار، خەڵکی شاری جوانڕۆ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ناسیاو دەبێ، موختار بەرپرسی ئێرانییەکانی کەمپی کالە بووە.

بئاتریس کە هەموو ڕۆژ خواردنی بۆ پەنابەرەکان دەبرد، هێدی هێدی سەودای ئەوینی موختاری دەکەوێتە سەر و ئەوینداری دەبێ و پەیوەندی لە نێوان بئاتریسی ٤٤ ساڵان و موختاری ٣٤ ساڵان ساز دەبێ.

بئاتریس، یارمەتیی موختاری گراوی خۆی دەدات تا بە کەڵک وەرگرتن لە لۆتکەیەک لە ڕێگای دەریاوە بچتە، بریتانیا. بئاتریس دەڵێ ئەو ئێوارەیە کە موختار و دوو کەسی تر بە لۆتکە بەرەو بریتانیا کەوتنە ڕێ، ئەوەندە لە لێواری ئاوەکە مامەوە تا درەنگ بوو و لۆتکەکە بەتەواوی لە چاوانم بزر بوو.

ئێستا، دوای تێپەڕبوونی ٢ ساڵان، بئاتریس هۆرە، لەلایەن پۆلیس و دەزگای دادوەریی فەڕانسەوە، بە تاوانی یارمەتیدان بە هاتنە ناو خاکی فەڕانسەی پەنابەرێک بە شێوەی نایاسایی و دەربازکردنی بەرەو وڵاتێکی تر، دەستبەسەرە و دادگایی دەکرێ.

بئاتریس کە پێشتر ئەندامی حیزبی توندئاژۆی فەڕانسەش بووە، لە دادگا دەڵێ “موختار، تەنیا هیوا و هۆکاری ژیانی منە و ئامادەم هەموو ڕوحیشمی بۆ بدەم و هێشتاش پێم کەمە”.

بئاتریس هەروەها دەشڵێ: “تەنیا ترسم ئەوەیە کە سزای بەندکرانێکی درێژخایەنم بۆ ببڕنەوە و چیتر نەتوانم خۆشەویستەکەم، موختار ببینمەوە”.

بەپێی یاسای فەڕانسە، ئەو تاوانە دەتوانێ تا ١٠ ساڵ بەندکرانی بۆ ببڕدرێتەوە.

موختار کە ٢ ساڵ پێشتر گەیشتووەتە بریتانیا و دۆسیەی پەنابەرییەکەشی وەرگیراوە، دوای ئەو ڕووداوەش، زۆر جاران میواندارەتیی خاتوو بئاتریس هۆرەی کردووە و هۆرە زۆر جاران بۆ سەردانی، مەودای نێوان فەڕانسە و بریتانیای پێواوە.

بەڕاستی کە ئەڤین مۆتەکەیەکی یاغیە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت