ژنی کورد بندەستی دوو بەرەی پیاوی کورد و دەوڵەتی داگیرکەرە/وتووێژ بە بۆنەی ٨ی مارس

0
859

بە بۆنەی ڕۆژی جهانی ٨ی مارس، ڕۆژی کورد ئاورێکی لەهەندێ لە چالاکوانانی بواری مافی ئافرەتان بە ڕوانگەی جیاوازی سیاسییەوە داوەتەوە، و چەند پرسیارێکی هێناوەتە ئاراوە. لە وتووێژی بەردەستدا  خاتوو سەحەر به‌رکەند، چالاکی مافی ژنان و خاتوو سەیران بایەزید حوسێنی، شاعیر و  چالاکی  بواری مافی ئافرەتان، وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژی کوردیان داوەتەوە

ڕۆژی کورد: فەلسەفەی دەست نیشان کردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ زۆر ژن لایان وایە کە دەست نیشان کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی ژن نەک ڕێزگرتن لە ژن نییە بەڵکو سنووردارکردنەوەی کێشەی ژنانە و جۆرێک بێ ڕێزیە، ئێوە ڕاتان چیە؟

به‌رکەند: ئەوەی کە بە بێ ڕێزی بزانم، وەک خۆم پێم بێ ڕیزی یان سووکایەتی کردن بە ژن نییە بەڵام ئەوەی کە بمانهەوێ ژن بە ڕۆژێک سنووردار بکەین ئەوە بابەتێکی جیاوازە، ئەو ڕۆژە هێمایەکە کە مێژوویەکی لە پشتە کە هەرچەند ئیتر هێندە گوتراوە کە هەم ووکەس دەیزانێ بەڵام کورتە ئاوڕێکیشی لێدەدەمەوە کە دەگەڕێتەوە بۆ خۆپیشاندانی ژنانی کرێکاری کارخانەی ڕستن وچنینی شاری نیۆرکی ئامریکا  لە ساڵی ١٨٥٧ی زایینی کە وەک بزاڤێکی مافخوازی بۆ باشترکردنی دۆخی پیشەیی و ئابووری ژنان بەتایبەت  مافی حەقدەستی یەکسان وکەمکردنەوەی کاتژمێری کاری هاتە مەیدانی تێکۆشان کە دواتر هەموو ساڵێک یادی کراوە و دواتریش لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕۆژێکی جیهانی بۆ رێز گرتن لە ئافرەتان دەست نیشنا کرا.

بایزید حوسێنی: دەتوانم بڵێم بێ ڕێزی نییه و بەڵکو بەرجەسته کردنی ژنان له رۆژێکی تایبەت دایه.

ڕۆژی کورد: لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتاندا، دۆخی ژنانی کوردستان بە گشتی و کوردستانی خۆرهەڵات بەتایبەتی چۆن دەبینن؟

به‌رکەند: دۆخی ژنان لە کوردستان هێندە ڕوون و ئاشکرایە کە لەوانەیە کورد بۆ کوردی باس بکا هەندێک سەیر بێ، ژن لە بندەستی، چەوسانەوە و زۆرداری دوو دەستەی پیاوی کورد و دەوڵەتی داگیرکەر دایە، کە پیاوی کورد لە ژێر کاریگەری ئیسلام و دەوڵەتی داگیرکەری نەریتی نەرم و نیانی کوردانەی خۆی لەبیر چۆتەوە کە قۆڵ لە قۆڵی ژن کار کردن بوو و لە ئەنجامدا ژن لە ئێستادا لە کونجی ماڵ پەستاوە و مافەکانی زەوت کراون، هەڵبەت ئەوە بەو واتایەش نیە کە ژنی کورد ئەو دەستەوەستانییەی پێ قەبووڵ کراوە و دەستەمۆ بووە نا، هەوڵەکان بە چڕی لە گەڕدان.

بایەزید حوسێنی: باروودۆخی ژنان له کوردستانی رۆژهەڵات دەبێ دابەش بکرێ.  دابەشکاری لە ڕووی ئاستی خوێندن و کاری دەرەوه و تەمەن و بارودۆخی ئابووری کە هەموویان دەست دەدەنه ناو دەستی یەکتری تا ژنێک که تەمەنی کەم و خوێندەواری باشی هەیه بتوانێ باری ئابووری باش بکات و ژیانێکی باش و بێ چاو له دەستی له هاوژیانی و بنەماڵەی بباته سەر و ئەگەر کێشە و گرفتێکیی له ژیانیدا هەبێت، باشتر بڕیار دەدا بۆ مانەوەی لەو ژیانەدا یان باشتر کردنی ژیانی. ژێرده ست نابێ، بەڵام ژیانی ئێستای کچان وژنانی ڕۆژهەڵات بەعام باش نییه و دەبێ کوڕەکان باشتر وشیار کەینەوه و زانیاری باشیان بده ینێ که دەستێک به تاقی چەپڵەی پێ لێنادرێ و هه ر نابێ ژنان له ژیاندا بێدەنگی ڕاگرن تا وەک ژنێکی باش بناسرێن.

ڕۆژی کورد: فێمینیزمی کورد، لە چ دۆخێک دایە؟ چەمکێک بە ناوی فێمینیزمی کورد و فێمینیستی کورد، بە پێی پێوەری ڕاستەقینەی خۆی، بوونی هەیە؟

به‌رکەند: من بە هۆی ئەوەی کە خۆم تا ئێستا چالاکی ڕەسمی لەباری مافی ئافرەتانەوەم نەبووە، لەوانەیە خۆم سەر بە هیچ جۆرە بزاڤێکی فێمینیستی کوردی نەزانم بەڵام ئەوەی بۆ من ئاشکرایە پڕش و بڵاوییە لە ناو لایەنگرانی مافی ژن لە کوردستان، پڕش و بڵاوییەکەش هەم لە ڕووی فکرییەوەیە هەم بۆچن و هەم کردەوە و هەم بەرنامە، زۆر جار وای لێدێ دژن بە یەکدەوەستنەوە بەڵآم بە گشتی هەر ئەوەی کە لە ڕۆژی جیهانی ٨ی مارس کورد یەکێک لەو نەتەوانەیە کە زیاترین گرنگی پێداوە نیشاندەری زیندووبوونی ئەو بزاڤەیە.

بایەزید حوسێنی: ده توانم بڵێم زۆر چالاک و بەرچاو کاریان بۆ ژنان نەکردووه، ئەوەش لەوانەیە بە هۆی ئەوەوە بێ کە  چالاکنی فێمینستی کورد، تا ئیستاش ڕێکخراوەیەکی بە بەرنامە و یەکدەستمان نەبووە.

ڕۆژی کورد: پێدەچێ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ڕەوتی فێمینیستی یان کاڵ بۆتەوە یان هێندە تۆخ نەماوە بەڵام کورد تازە تێیدا گەرم و گوڕ دەبێ، ئەو قسە تا چەند ڕاستە؟

به‌رکەند: لە وڵاتانی تر کێشەکان زۆربەی چارەسەر بووە، هەر بزاڤ و ڕێکخراوێک تا کاتێک دەمێنێ کە ویست و ئامانجێک بمێنێ کە بە ئامانج گەیشت یان لە ناو دەچێ یان ڕەنگ و قەوارەی دەگۆڕێ، لە وڵاتانی ڕۆژئاوایی وای لێهاتووە بەڵام لە کورددا تازە خەریکە هاوشان لەگەڵ بزووتنەوە و داواکاری سیاسی، داوای مافی ژنی کوردیش وەک چینێکی کۆمەڵگا دەکرێ و دڵنیاشم ئەگەر ئەوڕۆش بە ئەنجام نەگا ئەوە سبەی ڕۆژ دەتوانێ ژێر خانێکی باش بێ.

بایەزید حوسێنی: لەو وڵاتانه کێشەی زۆرداری و ژێردەستی و چەوسانوەی ژنان زۆر کەمتر بووه بۆیه کەمڕەنگتر بووه، بەڵام بەداخەوه ژیانی ژنانی کورد ڕۆژ به ڕۆژ ناخۆشتر و خراپتر دەبێت. بۆخۆمان ده بێ هه وڵ بۆ خۆمان بدەێن، چاوەڕێی مووحیبەت و پشت گرتن و پاڵ وێدان به کەس نەبین. هەموو کەس تا سەر بۆمان نامێنێ ئەە کات ئیحساسی ئاسایش و هێمانیەتی له ژیانماندا ناکه ین.

ڕۆژی کورد: قسەتان بۆ ژنانی کورد؟

به‌رکەند: لاموا نیە من حەددی ئەوەم هەبێ قسەیەک بە خوشکان و دایکانی خۆم بڵێم وەک ئامۆژگاری هەر بۆیەش تەمەنا دەکەم با سەرەتا گشتمان مافەکانی خۆمان بناسین و هەوڵ بدەین بە کۆکی و هافکری بگەین و دەست بخەینە دەستی یەک بۆ گەیشتن بە ئاسۆی ڕوون. هەشتی مارس لە هەر هەموو لایەک پیرۆز و ئاواتم بەختەوەریتانە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.