ڕێکخراوی تیرۆریستیی حەشدی شەعبی هەڕەشە لە ئەمریکا دەکا

0
804

ڕۆژی کورد: قەیس خەزعەلی، سەرۆکی گرووپی عەسائیبی ئەهلی حەق لەناو حەشدی شەعبی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، پێویستە ئەمریکا ئامادەکاریی بکات بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە عێراق.

قەیس خەزعەلی تویتەکەی پەیامێکە بۆ ریکس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و تێیدا رایدەگەیەنێت، پێویستە ”هەر ئێستا و بەبێ درەنگخستن“ هێزەکانتان لە عێراق بکێشنەوە، چونکە بە گوتەی خۆی، ”ئێستا بەهانەی “ شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش نەماوە.

هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق مەشقی سەربازی بە هێزە لۆکاڵییەکان دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و هاوکاریی سەربازییان پێ دەدەن.

ئەو هەڕەشەیەی ئەو سەرکردەیەکی حەشدی شەعبی دوای داگیرکردنی شاری کەرکووکە لەلایەن سوپای عێراق و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانییەوە بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران، کە بە چەک و تانکی ئەمریکی رووبەڕووی پێشمەرگە بوونەوە.

بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە 16/10/2017، سوپای عێراق، میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی و بەشداریی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیان کردە سەر خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی ئەو سنوورە و داگیریان کردن و هەزاران هاووڵاتیی روویان لە هەولێر و شارەکانی دیکەی کوردستان کرد.

رۆژی چوارشەممە 18/10/2017، کۆسرەت رەسوڵ، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتی لە پەیامێکدا رایگەیاند، کە چەند “کاڵفام”ێکی ناو حزبەکەی ئەو پیلانەیان لە دژی گەلی کوردستان جێبەجێ کرد و رایگەیاند، “ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکوک و ھەموو زیانە گیانی و مادی و مەعنەویەکانی تری گەلەکەمان ئەکەوێتە ئەستۆی ئەو کاڵفامانەی ناو یەکێتی”.

حەشدی شەعبی لە نزیکەی 67 میلیشیای شیعەمەزهەبی عێراقی پێک دێت. بە فەتوای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق دوای هەرەس پێهێنانی سوپای عێراق لە مانگی حوزەیرانی 2014 لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، دروست بووە.

 

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.