ڕێکخراوی “ئاشکراکردنی گەندەڵی”: ڕێژەی گەندەڵی لە ئێران مەترسیدارە

0
756

ڕۆژی کورد: ڕێکخراوی ناونەتەوەیی “ئاشکراکردنی گەندەڵی” ، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی کە بۆ ساڵی ٢٠١٦، ڕۆژی چوارشەممە ٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی بڵاوی کردۆتەوە باس لەوە دەکات کە لە هەندێ وڵات، بە هۆی گەندەڵیی ئابووری و داراییەوە، خەڵک تەنانەت ناتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانی خۆشیان دابین بکەن و هەر بۆیەش برسی و بێبەش ماونەتەوە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە هەر لەو وڵاتانە، دەوڵەمەند و داراکان، ژیانێکی زەنگینیان هەیە و ئاسایشیان پارێزراوە.

خۆزێ ئۆگاز، سەرۆکی ئەو ڕێکخراوەیە باس لەوە دەکات کە لەو ڕاپۆرتەدا، پێوەرێکیان بەکار هێناوە کە لە سیفر تا سەد، وڵاتەکان پۆلێن دەکات، سیفر بۆ ئەو وڵاتانەیە کە بە توندی لە گەندەڵی ڕۆچوون و سەدیش بۆ ئەو وڵاتانەیە کە لەمبارەوە پاقژ و خاوێن ماونەتەوە و گەندەڵییان تێدا نیە.

لەو ڕاپۆرتەدا، دانمارک و نیوزیلەند، بە پێوەری ٩٠، فەنلاند، ٨٩ و سویس ٨٨، پاقژترن وڵاتەکانی جیهان لە ڕووی گەندەڵیی ئابوورییەوەن و ئیزن دەدەن هاووڵاتییەکانیان زانیاریان لەمەڕ چۆنیەتیی خەرج کرانی بودجەی گشتی هەبێ.

ئێران و قەزاقستان، نیپال و ڕووسیە و ئوکراین، بە پێوەری ٢٩ پۆلێن کراون کە نیشاندەری هەبوونی گەندەڵیی ئابووریی زۆر لەو وڵاتانەیە کە ڕێژەیەکی مەترسیدار و جێگای نیگەرانیە.

سۆمالی پلەی ١٠ی لەو پۆلێنبەندییەدا هەیە و نزمترین وڵاتە لە ئاستی گەندەڵیی ئابووری و زێدەترین گەندەڵیی جیهانی لە خۆ گرتووە.

سودانی باشوور، کوریەی باشوور، لیبی و عێراق و سوریەش لەو وڵاتانەن کە لە نزمترین ئاستدا جێیان گرتووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەو گەندەڵییە سەرجەم بەشەکانی دەوڵەتەکان وەک بەشی دادوەری و فەرمانگەکان و پۆلیس و …تاد، لە خۆ دەگرێت.

لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها لەمەڕ پەلهاویشتنی پۆپۆلیسم لە جیهاندا باس کراوە و دەگوترێ جیهان بە توندی بەرەو پۆپۆلیسم دەڕوا و ئەوەش جێگای نیگەرانییە بەتایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی کە دێموکراسییان تێدا جێگیر بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت