ڕێوڕەسمی نەورۆزانەی ڤەژین، لە گوندی “دەرەتفێ”ی مەریوان، بەڕێوەچوو

0
1801

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لە مەریوان، ڕێوڕەسمی نەورۆزانەی ڤەژین لە لایەن ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤەژینەوە، بە یارمەتیی لقی گوندی دەرەتفێ، لە ڕێکەوتی ۲۷ی ڕەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاوی، بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێی ۲۷۱۷ی کوردی، بەڕێوەچوو.

ئەم ڕێوڕەسمە بە پێشکەش‌کردنی گوتاری جەمال قادری دەستی‌پێکرد و بەڕێزیان لەسەر گوندی دەرەتفێ و مێژووی گوندی ناوبراو و گوندەکانی دەوروبەری زرێبار، دوا. لە درێژەدا لە لایەن کوڕان و کیژانی تازەلاوی گوندەکانی دەرەتفێ و سەرۆش، چەندین شێعر و سروودی نیشتمانی و نەورۆزانە پێشکەش‌کرا.

هەروەها مەحموود موبارەکشاهی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ڤەژین، لە گوتارەکەیدا باسی ڤەژین و بەرنامەکانی کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە لە ساڵی نوێدا دەبێ بە تینێکی زۆرترەوە هەوڵ بدەین زمان و فەرهەنگ و کولتوری کوردی بپارێزین. هەروەها لەسەر لقی گوندەکانی ڤەژینیش ئاماژەی بە چەندین خاڵی گرینگ کرد، کە پێویستە بۆ پاراستنی پێناسەمان ڕەچاو بکرێت.

 لە درێژەدا ئومید ڕەشیدی، وەک نوێنەری ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە پەیامی نەورۆزیی خۆیدا، باسی ژیانەوەی ژینگەی کرد و پاراستنی ژینگەی بە ئەرکی هەموان ڕاگەیاند و گوتی کە زرێبار هێڵی سووری ئێمەیە و دژ بە لەنێوچوونی زرێبار و دروستکردنی پاڵاوگەین.

 لە پەراوێزی ڕێوڕەسمەکەدا، لە لایەن “دۆرسا یەزدانی”، ئەندامی منداڵی کومیتەی منداڵانی چیا، ڕێژەی ٤٥ کتێبی کوردی، وەک نەورۆزانە پێشکەش کتێبخانەی دەرەتفێ کرا.

 ڕێوڕەسمەکە بە هەڵپەڕکێ و بڵاوکردنەوەی کتێبی چیرۆک بۆ منداڵانان و تازەلاوان، کە دیاریی نەورۆزانەی ئەمساڵی ڤەژینە، کۆتایی‌پێهات.

 شایانی باسە کە نەورۆزانەی ڤەژین، ڕۆژی پێش لە گوندەکانی حەسەن‌ئاوڵە و مووسک بەڕێوەچوو و بڕیارە لە چەند گوندی تریش وەک یەنگیجە، سێف و سەردۆش و… بەڕێوەبچێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت