ڕێبازی خومەینی ئاڵ و گۆڕی تێدا بەدی ناکرێ هەر بۆیەش دەبێ هەوڵی تەحریمی چالاکانە بدەین

0
618

ئامادە کردنی: ئەنوەر عەباسی

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

ئەو وتوێژەی ئێستا لەگەڵ بەریز، سدیق بابایی، چاوەدێر و چالاکی سیاسی کوردستانی خۆرهەڵات ئەنجام دراوە.

ڕۆژی کورد: هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارلمان و خیبره‌گانی ئێران له‌ چ به‌ستێن و هه‌لومه‌رجێكی سیاسیدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ ؟
بابایی: بە ساڵادا چوونی ئاغای خامنەیی وباس و خواسی نەخۆشی نێوبراو، ئەگەری پێویستی یەکلایی کردنەوەی جێگرەوەی وەلی فەقێ بۆ داهاتوو لەبەر مەترسیەکانی شەڕی دەسەڵاتی لایەنەکان، لە سەردەمێکدا کە کۆماری ئێسلامی لە گەڵ ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان و پرشوبڵاوی باڵەکان بۆ بەدەستەوە گرتن و قەبزەی دەسەڵات، پاش دووهەمین وەلێ فەقێ وەک بەرزترین ئاستی دەسەڵاتی کۆماری ئێسلامی، کێ بەرکێ نهێنی و ئاشکرای خستۆتە ڕۆژەڤی بەرنامەی کاری لاینەکان، قەیرانی کەڵەکەبووی لە چارەسەرنەهاتووی ئابووری پاش دابەزینی نرخی نەوت، دەوری نەرێنی گەمارۆکان، چەند بەرەکی و جیاوازی بەرچاوی ڕای بەرپرسان لە ئاست چۆنیەتی بووژاندنەوەی پێوەندی لەگەڵ ئامریکا و ئۆروپا (شەیتانە گەورەو چکۆڵەکان)، ئەمانە وێرای زۆرێک لە هەڵوێستە جیاوازەکانی هەریەک سەبارەت بە ئێدارەوئاستی دەسەڵاتی مۆرەکانی ڕژیم لە پاڵ هەوڵی یەکلاکەرەوەی بناژۆخوازەکان بۆ بەیەکجاری کۆتا کردنی دەستی ئەو بەشە کە خۆیان بە ((ئێسلاح تەڵەب)) ناودێر دەکەن دەکرێ وەک بەستێنی هێشتار . یەکلایی نەبوو سیر بکرێت هەڵبەت لەوە دەچێ ئەم قەڵشە تا دێت لە نێوان شەریکە دەسە لات و هاوبیرە سوێند خواردوەکانی پەیڕەوی خەتی ئیمام بەرفراوانتر ببێت. هاوکات ناکرێ ئەو راستیە پشت گوێ بخرێت ئایەتوڵا و باقی بەرپرسانی ئێسلامی بۆ پاراستنی کۆمارەکەیان لە ئەگەری هەر جیاوازیەکی . ئەوتۆ دا هەموان خۆ بە بەرپرس لە پاراستن و بەقای دەسەڵاتی وەلی فەقێ دەزانن لاینی (ئۆسووڵگەرا) بەپشتیوانی خامنەیی لێبراوانە هەوڵی یەکدەست کردنی ڕێبەری بۆ داهاتوو و وە لانانی دەنگی ناساز بە وتەی . خۆیان تاقمی فتنە لە (مەجلێسی پسپۆڕان) دا بەردەوامە ئەم مەسەلە کە بە گرنگی تایبەت چاوی لێ دەکرێت ڕەنگدانەوەی لە هەڵبژاردنی خۆبرەکگانی ئەم جارە ( دەورەی پێنجەم ) و مەجلسی .دەهەم بە تەواوی خۆی لە پەسەند کردن و ڕەدی بەربژێرەکاندا دەرخستوە
ڕۆژی کورد: سیاسه‌تی باڵه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی ڕژیم له‌و پێوه‌ندییه‌ دا چۆنه‌ ؟
بابایی: باڵ یان لاباڵی سەرقاڵی کێشمانکێش، هەموو کاتێک لە سەرو بەندی هەڵبژاردنەکاندا بۆ بە لاڕێدا بردنی خەڵک و ڕاکێشانیان بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بە شێوازی خۆی هەوڵی خۆسەپاندنی سەرلە نوێ، مسۆگەر کردن و ڕاکێشانی ڕێژەی پێویستی دەنگدرەان بە وتەی ئاغای خامنەیی زەمانت و گارانتی دەسەڵاتی بە جێ هێناوە، فریودانی خەڵک بە دانی وادە و بەڵێن بۆ دابین کردنی ئاسایشی ئابووری هاووڵاتیان ، دابەزاندنی گە ڵالە و پرۆژەی کار خۆڵقێن بۆ چین وتوێژی هەراوی بێکاروەک ئەوەی ئاغای ڕۆحانی بەخەڵکیدا، ئاوڕدانەوە لە داواکاری کەمایەتیە ئتنیکیەکان وەک کورد ئەم بەڵێنی گەلە قەتیس ماوە لە نێو درزی (تەقیە) و باوەڕی گەوجاندنی خەڵک لە پانتایێکی بەرچاودا توانیویەتی تەنانەت لە سەر بە شێ لە هێزی بەرهەڵستکاری کوردیش!! کاریگەری بنوێنێ و بە هاسانی خەڵکی بۆ دەنگدان بە پارێزەرانی کۆماری ئێسلامی هان بدات
ڕۆژی کورد: ڵێكدانه‌وه‌ و ڕوانینی خه‌ڵك بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چۆنه‌ ؟
بابایی: ناکرێت تێڕوانینی خەڵک لە پێوەندی هەڵبژارنێک کە بە جاران ئاکامەکانی ئەزموون کراوە وەک یەک سەیر بکرێت. لە کۆمەڵگای لێک ئاڵاو و ئاڵۆزکاوی وەک ئێران، خەڵک بە گشتی تووشی لێکپچڕاوی و بێ باوەڕی بە داهاتوو، ناهۆمێـد لە ڕزگاربوونی خێرا لە ژێر ستەم بە هۆی نەبوونی هێزێکی یەکدەست و خاوەن توانا بۆ یەکخستنی ڕیزی ناڕازیان هاتوون دەسەڵاتی ئێسلامی جەماوەرێکی زۆر لە خەڵکی داماوی وڵاتی لە هەلومەرجی بێ سامانی ئابووری و بێکاریدا دەستەمۆ و گڕێدراوی خۆی، لە ڕیزی هێزە چەکدارە سەرکوتکارەکاندا بە زەنجیر کێشاوە لە لایێکیتر دەرەتانی گەشە و پێش کەوتنی وەزعی نالەباری ژیانی بەشێکی زۆرتر لە خەڵک، تەنیا لە گرێوی گرێدراوی بە ڕژیم بەربەست کراوە. ئەم بەشە لە کۆمەڵگا بۆ پاراستنی داهاتی ڕۆژانەی خۆی و دەست وێڕا گەیشتن بە سەروەتێکی خێرا، دەبێ ملکەچی وەفاداری و کۆشا بەرانبەر بڕیارەکانی دەسەڵات لە خزمەتی پارێزگاری و دەوامی ئەم سامانەدا بە جێ بگەیێنن. خاوکردنەوەی خەڵکی ناڕازی و تووڕە لە سیاسەتی ڕژیم بۆ پشت گوێخستنی ژیان و ئاسایشی ڕۆژانەیان لە لایەن دەزگای بەڕێوەبەری ئێسلامی، ناهۆمێد کردنی جەماوەری وەزاڵە هاتوو بۆ پاش گەز بوونەوە لە هەر ئەگەرێکی دەربڕینی ناڕەزایەتی گشتی لە پەنا پڕۆپاگەندەی تێکەڵ بە سۆزی ئێرانچیەتی وەک گەورەکردنەوەی دەنگۆی پلانی دەرەکی، دابەشکردنی ئێران، بەرەوڕوو کردنی تاوان و هۆکاری هەموو کەمو کوڕی و ناتەباییەکان بۆ لای ئامریکا و وڵاتانی تری ڕۆژئاوا، هاوشان لە گەڵ نواندنی دژکردەوەی پیاوانی بەکرێ گیراوی ئاماژەپێدراو بۆ سەرکوتی بێڕەحمانەی هەرچەشنە دژایەتی کردنێکی دەسەڵات، لە سەر یەک جەماوەری تووشی جۆرێک لە بێدەنگە کردن ناهۆمێـدی و خۆسپاردن بە قەزاو قەدەر لە تەنیشت وادەو بەڵێنی بەرپرسان کاتی هەڵبژاردن دەوری سەرەکی لە بڕیار و هەڵوێستی پێوەندی داری یەکلا کەرەوەی خەڵکدا دەگێڕێ
ڕۆژی کورد: ڕۆژی کورد: ئایا به‌ ڕای ئێوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێراندا هه‌لومه‌رج بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ کەشی هه‌ڵبژاردن ده‌خوڵقێ ؟
بابایی: بە پێ ئەزموونی سەرووبەندی هەڵبژاردنەکانی پێشوو وادیارە ڕژیم و پلان ڕێژەرانیان بە تۆزێک نەرم کردنی کاتیی هەڵسوکەوتی سەقەتی ڕۆژانەیان بەرانبەر خەڵک و ڕێگە دان بە نەفەس کێشانێکی نیوە هێدی هەرچەند کورت خایەن توانیویانە بە ئاکامی دڵخواز بگەن لە سەر ئەم بنەما هەموو جارێک لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا خەڵکی بە دەر بڕینی هەست و سۆز و هێنانە گۆڕی داخوازیەکانیان دڵخۆش . بە دوا ڕۆژ دەکرێن پاش گەیشتنی دەسە ڵاتداران بە ئامانجی دیاری کراو و کۆتایی هەڵبژارنەکان دۆخەکە سەرلەنوێ بە دابەزاندنی مۆرەسەرکوتکەرەکان لە شەقام و شوێنە گشتیەکان قەول و بەڵێنەکان دەبنەوە بە بڵقی سەر ئاو بە واتایێکیتر ئاش هەرهەمان و کاسە هەمان.
ڕۆژی کورد: ڕۆژی کورد: تاكتیكی بایكۆتی چالاك واته‌ ته‌حریمی فه‌عال چۆن ده‌توانرێ سازمان بدرێ و رێكخستنی بۆ بكرێ ؟
بابایی: تەمەنی ٣٦ ساڵەی درێژەی دەسەڵاتی ملهۆڕانە و پشت بەستن بە ڕێبازی خۆمەینی وەک بناغە داڕێژەی کۆماری ئێسلامی بە بێ ئەوە ئاڵو گۆڕێکی ئەرێنی و جیاواز لە چۆنیەتی سرنجدان بە ئارەزووو داخوازی خەڵک بدات دەبێ لانیکەم ئەزموونێکی تێروتەسەلی خسـتبێتە سەر لاپەڕەکانی تێکۆشانی هێزە سیاسیە بەرهەڵستکارەکان، هێزگەلێک کە بەداخەوە زۆربەی نزیک بە تەواویان لە تێکۆشانی نێو خۆ (ئاشکرا و نهێنی) دوور خراونەتەوە. گلێـرکردنەوەی تاک و کۆی باوەڕمەند بە پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە سیستمی سیاسی هەنووکە لە ئێران لە دەورەی پلانێکی  لانی کەمی هاوبەش، لە قاودانی بەڵگەیی پێشێلکارییەکانی ماف و ئازادی خەڵک بە بێ نێوبڕ هەوڵدان بۆ شکاندنی تلسمی دێوزمەی زاڵ بۆ دەر بڕین و هاتنە مەیدان بە شێوازی هێمنانەی بەدوور لە بەدەستەوە دانی بیانوو بۆ سەرکوت و نواندنی توندو تیژی، داڕشتنی بەرنامە و پلانی کرداری بۆ نیشان دانی توانای هێزە سیاسیەکان لە بەرەو ڕوو بوونەوە لە گەڵ خیانەتکارانی هاوڕەگەز لە ڕیزی جەماوەری کورد وەک مۆرەی دەسە ڵات، هەوڵی پاشگەز کردنەوەیان بە شێوازی مۆمکین دەتوانێ وەک هاندەرێکی ئەرێنی و پاڵپشتی شکانی ترسی خەڵک لە دەسە ڵات، هەست بە توانا و ئێرادەی بەهەڵستکاران بەرانبەر جەور و ستەمی دەسە لاتی فەرمانڕەوا و بەرز کردنەوەی ورەی شۆڕشگێڕانەی خەڵک دەوری ئەرێنی بگێڕێ لە سەر یەک شرۆڤەی بەڵگەیی و بەڕۆژکردنەوەی زانستی ڕەوشتی ناسەردەمی پێشێلکاری ماف و ئازادی گشتی هەر وەها پشت بەستنی ڕژیم بە فریودان و دەس بە سەر کرنی خەڵک بە بێ ئەوە کرانەوەیەکی گونجاو لە وەزعی ژیان و ئاسوودەییان بێتە دی دەتوانی جەسارەتی .خەڵک بۆ بایکۆتی کارای دەسە ڵات و ڕێگری لە چەواشەکاری زیاتر بگرێت دیارە وەک سەرەتا ئاماژەی پێدرا دابەزاندنی ئەم گرینگە پێویستی بە هاودەنگی لایەنە بەرهەڵستکارەکانی بەرانبەر ملهۆڕانی تاران و .داڕشتنی بەر نامەی کەری هاوبەش لەم پێوەندیەدا دەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.