ڕۆژهەڵاتی موسڵ بە تەواوی ئازاد کرا

0
764

ڕۆژی کورد: دوای شەڕ و پێکدادانێکی توند و خوێناوی لە نێوان ئەرتەشی عێراق و چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، هێزەکانی عێراق توانیان سەرجەم شەڕوانەکانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ بکەنە دەر.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕۆژی سێ شەممە ئەو هەواڵەی ڕاگەیاند بەڵام لە هەمان کاتدا ٧٥٠ هەزار کەس تا ئێستاش لە ڕۆژئاوای موسڵ لەژێر دەستی چەکدارانی داعش دان و دۆخیان نالەبارە.

حەیدەر ئەلەعبادی لە کۆنفرانسێکی هەواڵدەریدا کە ڕۆژی سێ شەممە ٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٥ی هەتاوی بەڕێوەی برد، وێڕای ڕێزگرتن لە هەوڵ و لەخۆبردوویی هێزەکانی عێراق گوتی: “سیستەمی داعش بە خێرایی بەرەو داڕمانە، بە شێوەیەک کە هیچ کەس ئەو چاوەڕوانییەی نەبوو. بوێریی هێزە تەناهەییەکانی ئێمە، هۆکاری شکستی داعش ـە”.

لە هەمان کاتدا، ئەلعەبادی لە وڵامی یەکێک لە هەواڵنێران لەمەڕ ئەوەی کە چەند دەخایەنێ تا هەموو موسڵ ئازاد بێ گوتی: “بەتەواوی نازانم، بەڵام سەرجەم تواناییەکانمان خستۆتە گەڕ”.

دۆینێ سێ شەممە، ڕێکخراوی یونیسێف لەمەڕ دۆخی ئەو ٧٥٠ هەزار کەسەی کە لە ڕۆژئاوای موسڵ لەژێر هەڕەشەی داعش دان، نیگەرانی و پەشۆکیی خۆی ڕاگەیاند و دەڵێ دۆخی ئەو کەسانە یەکجار نالەبار و جێگای نیگەرانییە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت