ڕۆحانی: بە ماکرۆن ـمان گوتووە، بەرجام نە یەک وشە زیاد دەبێ و نە یەک وشە کەم

0
840

 ڕووحانی لە دژکردەوە بە قسەکانی ماکرۆن لە ئەمریکا لەسەر بەرجام و گۆڕانکاری لە ناویدا و واژۆکردنی ڕێکەوتننامەیەکی نوێ گوتی: “بە ماکرۆنیامان گوتووە، بەرجام نە یەک وشەی لێ کەم دەبێتەوە نە یەک وشەی پێ زیاد دەکرێ”.

ڕۆژی کورد: ڕووحانی کە ئەمڕۆ چوارشەمە 25ی ئاپریل بەرانبەر بە 5ی بانەمەڕی ٢٧١٨ی کوردی، کۆتایی بە سەردانی خۆی لە تەورێز هێنا، لە دانیشتن لەگەڵ ڕۆژنامەوانان گوتی: “ئوروپا کەیفی خۆیەتی ئەگەر دەیهەوێ لەسەر بەرجام لەگەڵ ئەمریکا ڕێک بکەوێ بەڵام دەبێ تێچووەکەی لە گریفانی خۆی بدا نەک نەتەوەی؟؟!! ئێران”.

ڕووحانی گوتیشی: “یان دەبێ بەرجام بەتەواوی بپارێزرێ یانیش هیچ لایەنێک پێی پێ مل نابین.

ئەو دژکردەوەی ڕوحانی بە قسەکانی ڕۆژی ڕابردووی ماکرۆن لە دانیشتنی هاوبەش لەگەڵ ترامپ بوو کە گوتی: “ئێران نابێ بە هیچ جۆرێک و قەت ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی و بە بێ ڕێکەوتنێکی نوێ و گشتگیرتر نابێ بەرجام وێڵ بکرێ. کە بژاردەیەکی نوێمان هەیە کە ئەو بژاردە و پێشنیاری نوێیە بە دڵی ئەمریکاش دەبێ و دڵەڕاوکێکانی دەڕەوێنێتەوە و بەرجام هەموو دڵەراوکێکانی ئەمریکا ناڕەوێنێتەوە و هەقی ئەمریکایە نیگەران بێ.”

ماکرۆنی ڕۆژی ڕابردوو لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانیە هاوبەشەدا گوتی: “ڕاستە ئێران دەست تێوەردان دەکا و بەرنامەکانی تێکدەرانەن بەڵام بەرجام بەرنامەی چاکە و دەبێ بمێنێتەوە.”

ماکرۆن لە درێژەدا گوتی: “من لە نیگەرانیی ئەمریکا لەسەر بەرنامە مووشەکی و ناوکیەکانی ئێران تێدەگەم بەڵام دەبێ بەرجام رابگرین”.

ئێران دۆینێ هەڕەشەی ئەوەی کردبوو کە ئەگەر بێت و بەرجام هەڵوەشێ ئەوا لە ئێن پی تی دێتە دەر.

عەلی شەمخانی، سکرتێری شۆڕای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کە بڕیارە سەردانی وڵاتی عرووس بکات، بەر لە سەردانەکەی، باسی لە بەرجام کرد و گوتی: “ئەگەر ئەمریکا بە بەرجام بەڵێندەر نەمێنێتەوە ئەوا بۆی هەیە ئێمەش لە پەیماننامەی “ئێن پی تی” بچینە دەر.

ئەو هەڕەشەی ئیران لە کاتێکدایە کە ترامپ ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندووە کە ئەگەری زۆری هەیە لە ماوەیەکی کورتی داهاتوودا لەگەڵ فەڕانسە لەسەر بەرجام ڕێک بکەون.

ترامپ گوتیشی: “ئەگەر بێت و ئێران هەڕەشە لە ئێمە بکا و هەڕەشەمان بۆ ساز بکا، ئەوا بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی دەبینەوە”.

ئێن پی تی، پەیماننامەی قۆرغ کردنی چەکە ناوکیەکانە کە لە ساڵی ١٩٦٨ـەوە لە نیوان چەند وڵات بەستراوە واتا لە دوای دوو شەڕی جیهانی.

تا ئێستا 188 وڵاتی جیهان ئەو ڕێکەوتننامەیان واژۆ کردووە. هیند، پاکستان و ئیسراییل، سێ وڵاتن کە تا ئێستاش ئەو ڕێکەوتننامەیان واژۆ نەکردووە.

بەپێی ئەو ڕێکەوتننامەیە، ئەو وڵاتانەی کە چەکی ناوکیان هەیە نابێ نە بە ڕاستەوخۆ و نە بە ناڕاستەوخۆ، یارمەتیی وڵاتانی تر بدەن بۆ ئەوەی کە دەستیان بە چەکی ناوکی ڕابگا.

ترامپیش ڕۆژی ڕابردوو لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ ماکرۆن گوتی:  هێشتا بڕیارم نەداوە لە بەرجام بچمە دەر، لەوانەیە لەگەڵ هاوپەیمانە ئوروپاییەکانم لەسەر “ڕێکەوتنێکی نوێ”، ڕێک بکەوم. لەوانەشە ڕێکەوتنێکی تر لەسەر بەرنامە مووشەکیەکانی ئێران ببەستین.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.