ڕوحانی بۆچی سەردانی پاڕێزگای سنەی کرد

0
1370
فواد شێربەگی

نووسینیڵ فواد شێربەگی

حەسەن ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەسەردانێک چووە پاڕێزگای سنە و بەو بۆنەیەوە باس لە دەست بەکاربوونی چەندین پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و پیشەیی دەکا و لە دەزگای ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامییەوە بە گەرمی باسی لێدەکرێ.

نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک کۆماری لە ئێران ئەوەمان بۆ دەردەخا ئەو سەفەرە سەفەرێکی ئاسایی نەبووە و مەبەستی شاراوەی دەبێ لە پشت بێت و ڕووحانی دەیهەوێ وەکوو بەشێک لە کەمپەینی هەڵبژاردن کەڵک لەو سەفەرە وەربگرێت.

باوەکوو کەڵک وەرگرتن لە هەموو کەرەسەکانی بەردەست بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن کارێکی ئاساییە و هەموو کەسێک دەیهەوێ زیاترین کاریگەریان لێوەربگرێت بەڵام ئەو سەفەرەی ڕووحانی مەبەستی زۆر زیاتری لە پشتە و ناکرێ تەنیا وەکوو پڕوپاگەندەیەکی هەڵبژاردنەکان چاوی لێبکرێت و پێمان وابێت تەنیا مەبەستی ڕووحانی کۆ کردنەوەی دەنگەکانی ئەو پارێزگایەیە.

کوردستان سیاسیترین و پڕ کێشەترین پاریزگای ئێرانە و وەکوو پێوەرێک بۆ نیشاندانی بارودۆخی سیاسی لە ئێران چاوی لێدەکرێ و هەموو خەڵکی ئێران و لەگەڵ ئەوانیشدا بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران باش دەزانن هەرچەشنە ئڵوگۆڕێکی سیاس لە ئێراندا لە کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی لە کوردستان لەسەر هەموو شوێنەکانی تری ئێران کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت و سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر داگیرکردنەوەی سەرلەنوێ کوردستان لە لایەن ڕژیمەوە بە دوای شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕژیم نەیتوانیوە خەڵکی کوردستان دەستەمۆ بکا و هەستی شۆڕشگێریەتیان لاناودا بتوێنێتەوە و هەر بەو هۆکارەشە کە ڕوانگەی ڕژیم لەمەڕ کوردستان هەمیشە ئەمنییەتی بووە و هەتا ئەمڕۆشی لەگەڵ بێت ئەو ڕوانگەیە نەگۆڕدراوە.

کوردستان بە هۆی بوونی ئەزموونی سیاسی و دەوری جەماوەری حیزبە ڕەسەنەکانی کە سەرچاوەیان لە ناو خەڵکی کوردستاندا هەیە و دەشتوانن کاریگەری بەرچاویان لە سەر خەڵک هەبێت و بەشێک لەو کاریگەریەیان لە نەورۆزدا نیشاندا، هەمیشە لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران بۆ خەڵکی شوێنەکانیتری ئێران وەکوو نموونەیەک بۆ ئاستی دەسەڵات و کۆنتڕۆڵ کردنی ئەمنییەتی و توانای رژیم کەڵکی لێوەرگیراوە و ئاوایان پێدەڵێن ئەوە ئەو کوردستانە شۆڕشگێڕەکەیە کە لەپێش هەموو ئێرانەوە بووە و هەیە توانیومانە کۆنتڕۆڵی کەین، ئیتر بەشەکانیتری ئێران بەتەمای چین و دەبێ گۆڕایەل بن و بیر لە سەرهەڵدان و شۆڕش وگۆڕینی بارودۆخەکە نەکەنەوە.

ئێستاکە کە وەزعی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەندییەکەی ڕابردووی نەماوە و بەرەو شڵەژانێکی مێژوویی دەڕوا و ئاڵوگۆڕە ناوچەییو جیهانییەکانی ئاسۆیەکی ڕوونتر دەنوێنێت و دەوری کوردستانیش حاشاهەڵنەگرە، رژیمی ئێرانیش بە گرینگییەکی زیاترەوە دەڕوانێتەکوردستان و دڵەڕاوکەیەکی زۆرتری هەیە و دەزانێت بە کەمترین سەرهەڵدانێکی جەماوەری لە کوردستان و دەنگدانەوەی لە ئاستی ئێراندا کۆنتڕۆلی ئێران بە گشتی و کوردستانیشی بە تایبەتی لەکیس دەچێت و دەیهەوێ بە کەڵک وەرگرتن لەوسەفەرە و بەڵێنی ئاوەدانکردنەوە و کەمکردنەوەی کێشەکانی سەر کورد و بگرە پێدانی چەند وردەئیمتیازی فەرهەنگیش خەڵکی کوردستان فریو بدات و دەنگی داخوازی مافی نەتەوەیی سیاسیان بێدەنگ بکات و هاوکاتیش دەبێ چاوەڕوانی دەورێکی نوێ لە میلیتاریزەتر کردنی کوردستان و تووندتر کردنی باری ئەمنییەتی و تووندوتیژی نواندن دژ بە خەڵک بین و سیاسەتی گۆپاڵ و گێزەری رژیمبین تا بە خەیاڵی خۆی یا بە دانی هیوای خەیاڵی یا بە ترساندن بتوانێت بارودۆخەکە لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا کۆنتڕۆل بکا و لە کوردستانەوە بانگەشەی پتەوبوونی خۆی لە هەموو ئێراندا بڵاو بکاتەوە و ئەگەری دەرخستنی ناڕەزایەتی لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران بە هەر شێوەیەک و یەکێک لەوانە بایکۆت کردنی گشتی هەڵبژاردنەکان لە ئاستی ئێراندا لە ناو بەرێت.

سەفەرەکەی ڕووحانی بۆ کوردستان هیچ دەستکەوتێکی بۆ خەڵکی نەبووە و نابێت و هەموو ئەو پلانانەی دەوڵەت بەڵێنی بەڕێوەبردنیان دەدا سالیانێک دوورودرێژە بە گۆی خەڵکی کوردستاندا دەخوێندرێت و درۆ بوونیان بۆ چارەسەری کێشەکانی ژیانی خەڵک ڕوون و ئاشکرایە و هەتا ئەو ڕۆژەی دەوڵەتەکانی ناوەندی چارەسەرێک بۆ کێشەی نەتەوەیی لە کوردستان نەدۆزنەوە و ددان بە مافی نەتەوەیی کورد دانەنێن، دەوڵەتەکانی ناوەند ڕوانگەی ئەمنییەتیان سەبارەت بە کوردستان هەیە و بەشی خەڵکی کورد کێشە و چەرمەسەرییە لە ئێراندا و ناکرێ هیوامان بە دەوڵەتێک بێت کە سەرەکیترین مافی ئێمەی بەلاوە پەسەند نییە بەڵام پێمان وابێت وەها دەوڵەتێک دەتوانێت بیر لە باشتر کردنی ژیانی ئێمە بکاتەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت