ڕاپۆرتێک لەسەر زیندانی سیاسی کورد، فەرهاد پیرۆتی لە بەندیخانەی مهاباددا

0
630

بە پێی زانیاری ڕۆژی کورد، فەرهاد پیرۆتی، زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتە کە ئێستا چوارەمین مانگی زیندانی بوونی خۆی لە زیندانی مهاباد تێدەپەڕێنێ. پیرۆتی بە تاوانی “جووڵانەوە بە دژی تەناهی نەتەوەیی” و “هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم”. ٥ ساڵ زیندانی هەڵواسراوی بەسەردا سەپاوە.

فەرهاد پیرۆتی، خوێندکاری ئەندازیاریی ئەلەکترۆنیکی زانکۆی پەیامی نووری سەردەشت، ٢٥ی بەفرانباری پار لە لایەن مەئمورانی ئیتلاعاتی سەردەشت و لە شوێنی کارەکەی واتا لە چاپخانە، دەست بەسەر کرا.

دوای دەست بەسەر کردنی فەرهاد و چەند ڕۆژ دوای لێکۆڵینەوە لەسەری، ڕاگوازرا بۆ زیندانی ناوەندیی سەردەشت و لە لە ناوەڕاستی ڕێبەندانی ئەو ساڵدا بە دانانی بارمتەی ١٥٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرا.

دادگای شۆڕشی سەردەشت بە سەرۆکایەتی قازی نەورۆزی، حوکمی هەشت ساڵ و شەش مانگ زیندانیی هەڵواسراوی بەسەر فەرهاد پیرۆتی دا سەپاند. ئەو سزایە لە لقی ١٠ی دادگای پێداچوونەوەی سەردەشت دا، کرا بە ٥ ساڵ.

هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ دژە ئینقلاب لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و ڕێکلام بۆ حیزبەکان، دۆزرانەوەی بابەت و وێنەی دژ بە کۆماری ئیسلامی لە ناو لەبتابەکەی فەرهاددا و چالاکی تەبلیغی بە دژی کۆماری ئیسلامی و لایەنگری و پرۆپاگەندە کردن بۆ حیزبەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەشێک لەو تاوانانەن کە بە پێی ئەوان ئەو سزایە بەسەر فەرهاددا سەپاوە.

هەروەها بە پێی حوکمی دادگا، لەبتابی فەرهاد دەستی بەسەردا گیراوە و دادگا بڕیاری لەناو بردنی ١٤ ئاڵقە سی دی ناوبراویشی دەرکردووە.

فەرهاد پیرۆتی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ و بۆ کێشانی سزای زیندانییەکەی ڕاگوازراوە بۆ زیندانی مهاباد و هەنووکە لە زیندانی مهاباد دایە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.