ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی پێن کورد لە کۆنگرەی ٨٥ی پێن ئینتەرنشناڵ کە لە ڕۆژانی ٣٠ی ئەیلوول هەتا ٢ی ئۆکتۆبر لە مانیلای پێتەختی وڵاتی فیلیپین بەڕێوەچوو

0
1411

ڕۆژی كورد :
٨٥مین کۆنگرەی پێنی نیونەتەوەیی ڕۆژی ٣٠ی ئەیلوول لە باژێری مانیلا پێتەختی وڵاتی فیلیپین دەستی پێکرد و هەتا ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢ی ئۆکتۆبەر چالاکییەکانی خۆی بەردەوام کرد. بڕیار وایە کۆنگرە ڕۆژی پێنجشەممە بە شێوازێکی فەرمیی کۆتایی بە ئیش و کارەکانی بهێنێت. ناوەندی پێن کورد ئەمساڵیش وەکوو ساڵانی ڕابردوو زۆر چالاکانە بەشداری کۆنگرەی کرد و لە مژاری پێوەندیدار بە زمان، کۆلتوور، وێژەی کوردی و ڕەوشی گشتی کوردستانی هێنایە بەرباسی کۆنگرەی پێنی نێونەتەوەیی. ئەمساڵ ڕێزدار “عەبدوڵا حیجاب” وەکوو ئەندامێکی چالاکی ناوەندی “پێن کورد” نوێنەرایەتیی ئەو ناوەندەی لە کۆنگرەی مانیلای وەئەستۆگرت.

ئاماده‌كردنی :
نوێنه‌ری پێن كورد له‌ ٨٥مین کۆنگرەی پێنی نیونەتەوەیی – عه‌بدوڵا حیجاب

ڕاپۆرتی کار و خەباتی نوێنەری پێن کورد بەڕێز “عەبدوڵا حیجاب” لە کۆنگرەی ٨٥ی پێنی نێونەتەوەیی لێرەدا پێشکەش دەکرێت.
ڕۆژی یەکەمی کۆنگرە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠١٩ :
کۆنگرە کاژێر ٩ی سەرلەبەیانی بە کاتی مانیلا، بە سێ پانێلی جیاوازی کۆمیتەی ئامادەکاری پێنی نێونەتەوەیی لە زانکۆی “La Salle” له‌ باژێری مانیلا دەستی پێکرد.
پانێلی سەرەکی لە سەر کۆمەڵگای مەدەنی و وەدیهاتنی زمان و وێژە نەتەوەییەکان هاتە سەر باسی سەرەکی کۆنگرە. نوێنەری پێن کورد لەو پانێلەدا باسی کەسایەتی نووسەر و ڕۆژنامەوانی بەندکراوی کورد “نەدیم تۆفێنت”ی هێنایە بەر باس و ڕەوشی بەندکراوانی کورد و ئەو ئاستەنگانەی لە سەر ڕێی زمان و وێژەی کوردی لە باکووری کوردستان و لە وڵاتی تورکیە لە ئارادایە، بە وردی و لەو چوارچێوەدا هێنایە بەر باسکردن. ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش لە لایەن پێن کورد و پێنی نێونەتەوەیی بۆ ئازاد کردنی “نەدیم تۆفێنت” وەکوو بەڵگەنامەیەکی فەرمیی پێشکەش بە کۆنگرە کرا. لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژە بەوە کرا کە ڕۆژنامەوانی بەندکراو نەدیم تۆفێنت تەنیا لە بەر چالاکی ڕۆژنامەوانی و بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە سەر شەڕی دەوڵەتی تورک لە دژی نەتەوەی کورد هاتووەتە گرتن و پێویستە بە زووترین کات و بە بێ هێچ پێش مەرجێک ئازاد بکرێت.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکانی ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەدا، ڕێز لە کار و چالاکی ئەندامانی ناوەندی پێنی نێونەتەوەیی گیرا. لەو بەشەدا نوێنەری پێن کورد باسی پڕۆژەی “ئێمە ئیزەدین”ی کرد و وتیشی کە ناوەندی پێن کورد بە هاوکاری پێن ئینتەرنشناڵ ئەو پڕۆژەی بەڕێوە بردووە، کە پڕۆژەکە وەکوو چالاکییەکی سەرکەوتووی پێن کورد بە هاوکاری و یارمەتی پێنی نێونەتەویی پێناسەی بۆ کرا.
دواتر و لە بەشێکی دیکەدا بابەتێکی هاوبەش سەبارەت بە کارتێکردنی زمان لە سەر سیاسەت هاتە بەر باس کە باسەکە بە هاوبەشی “پێن کورد” و “پێنی هۆنگ کۆنگ” پێشکەش کرا لە سەر کارتێکردنەکانی زمانی ناوچەیی لە سەر بارودۆخی کۆمەڵگای هۆنگ کۆنگ لە دژی سەروەری چین و زمانی کوردی لە سەر خەباتی نەتەوەی کورد هاتە بەرز نرخاندن. ناوەڕۆکی ئەو باسە ئەو بوو کە بەرگری لە دژی دیکتاتۆرییەت، دەبێتە هۆی پەرەستاندنی زمان و وێژی نەتەوەیی، هەر بۆیە پشتگیری پێنی نێونەتەوەیی بۆ ئەو پڕۆژە دەتوانێت ببێتە پاڵپشتێک لە سەر پرسی سەربەخۆیی زمان و ناسنامەی نەتەوەیی.  هاوکات ناوەندی پێن کورد داوای یارمەتی و پشتیوانی لە پێنی نێونەتەوەیی کرد بۆ ئەوەی ئەو پڕۆژە لە دواڕۆژ دا ببێتە هۆی زیاتر گەشەکردنی زمانی کوردی.
لە بەشی سێهەمی چالاکییەکانی ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەی کۆمیتەکانی پێنی نێونەتەوەییدا، ڕاگەیەندراوێک لە هەموو ناوەندە جیاوازەکانی پێن پێشنیار کرا بۆ بیرخستنەوە و پێکهێنانی کۆمیتەیەکی گشتی لە کۆنگرەدا. لەو بەشەدا، پێن کورد پێشنیاری ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە گوشارەکانی دەوڵەتی ئێران لە دژی زمان، ناسنامە و نووسەرانی کورد ئامادە کردبوو. لە پێشنیارەکەدا کە لە لایەن بەرپرسی پێنەوە هاتە پشتگیری کردن، سیاسەتی یەک زمانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە زمانی فارسی بە سەر هەموو زمانەکانی دیکەدا دەسەپێنێت، بە توندی کەوتە بەر ڕەخنە گرتن و باس لە دەیان نووسەر، ڕۆژنامەوان و چالاکوانی کورد کرا کە بە هۆی دەربڕینی ڕای خۆیان ئەمڕۆ لە بەندیخانەکانی ئێران دا بەندکراون. ڕەوشی مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی نۆژین، “زارا مۆحەممەدی” کە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ئاپریلی ساڵی ٢٠١٩ی زایینی بە هۆی چالاکییەکانی زمانەوانی و مامۆستایەتیی زمانی کوردی هاتووەتە گرتن بە شێوازێکی بەرفراوان هاتە بەر باسکردنی باسەکانی پێنی نێونەتەوەیی. مامۆستای بەندکراو “زارا” تەنیا لە بەر ویست و داخوازی بۆ ئەوەی منداڵانی کورد فێری زمانی دایکی خۆیان بکات، لە لایەن ڕژیمی ئێرانەوە هاتووەتە گرتن و بنەماڵەی ناوبراو کەوتوونەتە ژێر چاودێری وردی ناوەندە ئەمنییەتیەکانی ڕژیم. ناوەندی پێن کورد داوای لە پێنی نێونەتەوەیی کرد کە بە شێوازێکی چڕوپڕ ڕەوشی مامۆستای زمانی کوردی و نووسەران و چالاکوانانی کورد کە لە ئێستادا لە گرتووخانەکانی ڕژیم دا بەندکراون، بەدواداچوونیان بۆ بکرێت و هەوڵ بدرێت بۆ ئازادکردنیان لە زووترین کاتدا.
پێشنیاری بڕیاری پێن کورد بە تێکڕایی لە لایەن کۆمیتەی وەرگێڕان و زمانەوانی پێنی نێونەتەوەییەوە پەسەند کرا و بڕیار درا وەکوو پێشنیارێک بکەوێتە بەر دەست کۆمیتەی گشتی جێبەجێکار. لە بەشی کۆتایی چالاکییەکانی ڕۆژی یەکەمی کۆنگرە دا، ڕاپۆرتێکی تایبەتی نێونەتەوەیی یەکبوونی لە سەر مژاری کەمینەکان لە لایەن “فرناندۆ دێ وارنێس” وەکوو ڕاپۆڕتێکی دەوڵەمەند لە پێوەندی لە سەر مافی پەروەردە بە زمانی دایکی پێشکەش کرا. لەو ڕاپۆرتەدا قەدەغە کرانی زمانی کەمینەکان وەکوو تاوانێک خرایە بەر باس و گرینگی خەبات کردن بۆ یەکگرتنی نەتەوەکان لەو چوارچێوەدا کەوتە بەر باسکردن.
ڕاپۆرتی ڕۆژی دووهەمی کۆنگرە :
٨٥مین کۆنگرەی پێنی نێونەتەوەیی لە ڕۆژی دووهەمی کار و چالاکییەکانی خۆی دا، بە چالاکی فەرمیی کۆمیتەی گشتی دەستی پێکرد. دانیشتنی یەکەمی کۆمیتەی گشتی تایبەت بوو بە ڕاپۆرتی کار و چالاکی کۆمیتە گشتییەکانی پێنی نێونەتەوەیی و باسکردن لە سەر ناوەندەکانی پێن لە وڵاتە جیاوازەکان. هەر وەها ڕاپۆرتی ئابووری و ڕاپۆرتی سەرۆکایەتی کۆنگرە پێشکەش کرا و بەرز نرخێندرا و پەسەند کرا. ناوەندی پێن کورد لە کۆمیتەی گشتی دا، باڵی کێشا بۆ سەر ڕەوشی کوردستان و بە تایبەتی گوشارەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ناوەندە کوردییەکان و هەموو نرخ و پێوەرەکانی نەتەوەیی لە کوردستان، لەو چوارچێوەیەدا. هێرشی پۆلیسی تورکیە تورکیە بۆ سەر ناوەندی پێن کورد لە دیاربکر کە ساڵی ٢٠١٦ پێکهاتبوو، وەکوو دۆژمنایەتییەکی بەرچاوی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردان خرایە بەر باسکردن. لەو هێرشەدا چەندین پەرتۆک، ئارشیڤ، وێنە و تابلۆ، پەیکەر و هەموو ئەو بابەتانەی لە نووسینگەی سەرەکی پێن کورد دا بوون کەوتنە بەر دەسڕێژی شکاندن و سووتاندن و بەتاڵان بردن و دزین و زیانێکی زۆریان بەر کەوت. هاوکات کۆمیتەی گشتی پێنی نێونەتەوەیی لە هەوڵەکانی پێن کوردی بۆ کردنەوەی دووبارەی نووسینگەی خۆی لە دیاربکر ئاگادار کرا. لەوەی کە چالاکییەکانی پێن لە بەر زەخت و زۆر و گوشاری دەوڵەت و بەردەوامی قەدەغەکارییەکان بێ ئەنجام ماوەتەوە. لەوە زیاتر، چاودێری و کونترۆڵ بۆ سەر نووسەران، ڕۆژنامەنووسان و ڕۆشنبیرانی کورد هەر وا بەردەوامە و هەر ڕۆژ یەکێک لەوان بێ تاوان و بێ هیچ گوناحێک کە ئەنجامیان نەداوە، ده‌گیرێن و سزا ده‌درێن.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانی خۆیدا، نوێنەری پێن کورد باسی کونفڕانس و چالاکی پێن کورد لە هەمبەر ئایدیۆلۆژیای توندوتیژی داعیش و ڕێکخراوە هاوبیرەکانی داعیشی کرد. نوێنەری پێن کورد لێدوانەکانی وەها درێژە پێدا : نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد، لە ژێر گوشار و زەخت و زەبری دەوڵەتی دژبەری کوردان، بە تایبەتی تورکیە لە بندەستی ئەردۆغان دا، چالاکییەکی بەرفراوانیان لە هەمبەر توند و تیژییەکانی داعیش و ئیسلامی سیاسی بەرەو پێش بردووە. لەو چالاکییەدا نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد چاوەڕێی پشتیوانی نێودەوڵەتی پێن ئینتەرنشناڵ دەکەن.
دوابەدوای لێدوانی نوێنەری پێن کورد، کارلێس تۆرنێر بەڕێوەبەری گشتی پێنی نێونەتەوەیی، بۆ پشتگیری کردنی پێن کورد لێدوانێکی کورتی پێشکەش کرد. کارلێس لە وتەکانی خۆیدا، پشتگیری پێنی نێونەتەوەیی و هەموو ناوەندەکانی ئەندامی بۆ پێن کورد لە کاتی هێرشی دەوڵەتی تورک وە بیرهێناوە و گوتیشی : هەموو بنەماڵەیەکی ڕۆشنبیری جیهانی دەزانێت کە گەلی کورد بەرەوڕووی چە زۆردارییەک بووەتەوە، هەروەها جارێکی دیکە پشتگیری خۆی لە گەلی کورد ڕاگەیاند.
لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکانی کۆمیتەی گشتی دا سەرۆکی پێنی نێونەتەوەیی، خاتوو جێنیفێر کلێمێت لێدوانێکی پێشکەش کرد و لە لێدوانەکەی خۆیدا بە تایبەتی باڵی کێشایە سەر ڕەوشی گشتی گەلی کورد. خاتوو جێنیفێر ڕۆمانی نووسەری کورد “بێهرووز بووچانی” بە ناوی “بێجگە لە چیاکان دۆستێک نیە” کە لە دۆرگەی مانووس لە ئۆسترالیا نووسراوە، وەکوو نموونەیەک بۆ کۆنگرە باسی لێکرد و گوتیشی : وەکوو ئێوەش دەزانن کورد دەڵێت تەنیا چیاکان دۆستی ئێمەیە. ئەو وتەیە واتە باوەڕی ئەوان بە جیهان هەیە، بەڵام هەموو جیهان ئەوانی لە بیر کردووە.
ڕاپۆرتی ڕۆژی سێهەمی کۆنگرە :
ڕۆژی سێهەمی چالاکی کۆنگرەی پێنی نێونەتەوەیی تایبەت بوو بە بەرز نرخاندنی پێشنیاری بڕیارێک کە لە لایەن ئەندامانی پێنەوە ئامادە کرابوو و لە کۆمیتەی پێنی نێونەتەوەیی دا هاتبوونە پەسەند کردن. لە کۆی گشتی پێشنیارەکان ٩ لەوانە وەکوو بڕیاری کۆتایی پێنی نێونەتەوەیی پەسەند کران کە یەک لەوانە پێشنیاری پێن کورد بوو. پێشنیاری بڕیارێک دەربارەی ڕەوشی زمانی کوردی و گوشارەکانی ڕژیمی ئێران لە سەر نووسەران، ڕووناکبیران، ڕۆژنامەنووسان و مامۆستایانی کوردی قۆتابخانەکان هاتبووە ئامادە کردن، بە تەواوی دەنگەکان پەسەند کرا.
لە بڕیاری پێنی نێونەتەوەیی دا، دوابەدوای باسێکی کورت لە سەر سیاسەتی تاکەزمانی ڕژیمی ئێران، بەندکرانی مامۆستای خۆبەخشی زمانی کوردی “زارا مۆحەممەدی” بە توندی شەرمەزار کرا و داوا لە ڕژیمی ئێران کرا لە زووترین کاتدا مامۆستای کورد ئازاد بکات. خاڵی دوایی بڕیار، پێویستی دابینکردنی چوارچێوەیەکی دەستووری بۆ پاراستن و بەرەوپێشخستنی زمانی کوردی ڕاگەیەندرا و داوا لە ڕژیمی ئێران کرا کە یاسایەکی تایبەت بۆ بارودۆخی زمانی و پەروەردەی کوردی ئامادە بکرێت. پێویستە ئەوەش بڵێین کە ئەو خاڵە لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی گشتی دا وەکوو پێشنیاری بڕیاری پێن کورد زیاد کرا.
لە بەشی دوایی کۆبوونەوەکانی کۆڕی گشتی کۆنگرەدا، کار و چالاکی ئەو نووسەرانەی کە لە بەندیخانەکانی ڕژیمی دیکتاتۆر دا بەند کراون خرایە بەر باس. لەو بەشەدا کە بە بەڕێوەبەرایەتی پێنی نێونەتەوەیی بە ئاوایەکی بەرفراوان باڵی کێشا بۆ سەر ڕەوشی سیاسەتوانی بەناوبانگی گەلی کورد، “سەلاحەدین دەمیرتاش” و نووسەری بەندکراو “نەدیم تۆفێنت” و ڕاگرتنی ئەوانیان لە بەندیخانە دا شەرمەزار کرد.
هاوکات لە گەڵ چالاکییەکانی نوێنەری فەرمیی پێن کورد، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی پێنی نێەنەتەوەیی “بۆرهان سۆنمەز” کە لە هەمان کاتدا وەکوو ئەندامی پێن کورد، پێنی بریتانیا و پێنی تورکیە بەشدار بوو لە هەموو لێدوانەکانی خۆیدا باڵی کێشایە سەر ڕەوشی گشتی نووسەران و ڕۆژنامەنووسانی کورد لە باکووری کوردستان و تورکیە.
کۆڕی گشتی کۆنگرە کاتژمێر ١٨:٠٠ بە کاتی مانیلا چالاکییەکانی خۆی کۆتایی پێهێنا. بڕیار درا کە ٨٥مین کۆنگرەی پێنی نێونەتەوەیی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٣ی مانگی ئۆکتۆبر بە بانگهێشتێکی فەرمیی بۆ نیوەڕۆخوانێک کۆتایی پێ بهێنرێت.
ئاماده‌كاری ڕاپۆرت نوێنه‌ری پێن كورد ڕیزدار عه‌بدوڵا حیجاب – مانیلا فیلیپین

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.