چیرۆکی زەمبیل(زەنبیل) ـفرۆش

0
4121
هادی عەزیزی(پیرهەردی)

لە پێداهاتنەوە و وەڕگێڕانی:هادی عەزیزی(پیرهەردی)

لە پێشدا، دەمەوێ لە سەر وشەی زەمبیل و زەنبیل بدوێین و لە سەر ئەسایێکی زمانەوانی کۆنی کوردی، بە ئەوە دڵخۆش بین کە هەر دوو وشەکە کوردییە.
لە رووی ماتڕیاڵی زمانی کوردی و شێوەزارەکان، چەند خاڵێکی زەق و بەرچاو دەکەوێتە گۆڕێ کە هەموو هەر دڵخۆشکەرن و وەک میناکی زیندووی زمانەکەمان، ئەوڕۆش بە کار دێن.

نموونە:

لە زمانی کوردیدا، زۆر جار لە شێوەزارێک بۆ شێوەزارێکی دیکە و زۆر جار لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە، پیتەکان لە رووی گوتنەوە گۆڕانکارییان بەسەر دێت، کە ئەوانەش هەمووی لە دەوڵەمەندی زمانەکەماندا خۆی دەبینێتەوە.

باران،واران

بەهار،وەهار

تەورێز،تەبرێز

“ئەنبار،ئەمبار”

زمان،زوان

وەهرە،بەهرە.

زەمبیلفرۆش،لە سەر ئەساسی راستەقینەی گوتنەکەی وەک کورمانجی ژووروو.

زەمبیلفرۆش ناوی داستانێکی کوردییە، کە مەلا حەسەنی باتەیی(1417-1491 جۆلەمێرگ)نووسیوییەتەوە.

ناوی راستەقینەی زەمبیلفرۆش، میرسەعید کوڕی میرحەسەن، لە فەرمانڕەواکانی ئامەدی باکووری وڵاتە و میر سەعید کوڕێکی جوانچاک و ئاشقە راو بووە.رۆژێک کە لە دەوری زاخۆ لە نێچیرڤانی دەگەڕێنەوە، دبینن کە خەڵکێک خەریکی ناشتنی تەرمێکن و ئەویش پرسێار دەکا، ئەوە چ بووە؟

وەڵام هات کە کورێکی گەنجی تەمەن چاردە ساڵ مردووە.هەر لە وێ میرسەعید هزر هەڵیدەگرێ و لە دەروونیدا ئەو پرسیارە لە؟خۆی دەکا کە بڵێی منیش بمرم و لە گۆریچەیەکی ئاوا تەسکدا بمنێژن؟

ئەم رووداوە وا لە سەر میر کاریگەری دەبێ کە لە گەڕانەوە بۆ کۆشک، بڕیار دەدا دەست لە میرایەتی هەڵگرێ و جلی دەرۆیشان لە بەر بکا.

ژنی میر دەست دەکا بە لۆمە کردنی و دەڵێ: ئەی میر تۆ دەستت لە میرایەتی هەڵگرت و رووت لەم ژیانە کردووە، ئێمە ژیانمان دەوێ.ئەوەی تۆ بڕیارت داوە گوناهی ئێمەی تێدا نییە.میر قسەی خێرانەکەی دەسەلمێنێ و لە شاری ئامەد(دیاربەکر)ەوە دەڕۆن بۆ شاری ماردینـ(مێردین) و دوای پرس و رایەکی زۆر پیشەیەکی مرۆڤانە هەڵدەبژێرێ کە نەکا لە لای خواکەی خۆی گوناهبار بێت، هەر بۆیە رۆژانە لە قامیشەڵانەکانی شاری مێردێن، دەست دەکا بە قامیش و شووڵ بڕینەوە و بە یارمەتی خێزانەکەی زەمبیل(سەلک)درووست دەکات و لە فرۆشی زەمبیلەکان، ژیان بەرەو پێشەوە دەبەن.

رۆژێک لە ناو هات و هاواری زەمبیل فرۆشتندا، لە ناکاو کچێکی میرزادە چاوی بە زەمبیلفرۆش دەکەوێ و لە سەر خۆ دەچێ، لە دوای بە هۆش هاتنەوەی یەکسەر بە قەرەواشێکی دەڵێت کە بچێت و زەمبیلفرۆش بۆ کۆشک بانگ بکات.زەمبیلفرۆش دەگاتە کۆشک و هەر زوو لە نیگای میرزادە تێدەگا.ئەوەی کە گرینگە ئێستا زەمبیلفرۆش دەروێشێکی تۆبەکار و کەسێکی بەحدینە(بەدین)؛ هەر بۆیە بیر لەوە دەکاتەوە کە خۆی دەرباز بکات و داوا لە خاتوون دەکات کە بچێ دەستنوێژ بگرێ و دوای نیاز لە گەڵ خواکەی بگەڕێتەوە بۆ لای. زەمبیلفرۆش بیر لەوە دەکاتەوە کە بە خۆهەڵدان لە سەربانی کۆشکەوە خۆی رزگار بکات و لە چنگ میرزادە هەڵبێت بەڵام سەرکەوتوو نابێت.میرزادە دەکەوێتە ئەو بیرەوە کە لە ناو جێدا لە گەڵ زەمبیلفرۆش نزیکی بکات، هەر بۆیە لە گەڵ ژنی زەمبیلفرۆش جێی خۆی دەگۆڕێتەوە و بە پۆشینی جلەکانی ئەو، دیسانیش هەر سەرکەوتوو نابێت.

زەمبیلفرۆش کە دواتر دەبینێت میرزادە دەستی لێ هەڵناگرێ، بە ناچاری دەگەڕێتەوە شاری ئامەد و لە دوای مردنی باوکی بە زۆری خەڵک، میرایەتی دەکات، بەڵام شەوانە دیسان بە فرۆشتنی زەمبیل خۆی بەخێو دەکات و هیچ کات سامانی میرایەتی بۆ ژیانی خۆی بەکار ناهێنێت.قەبری زەمبیلفرۆش لە گوندی سیرکوتکی سەر بە شاری زاخۆیە.

لە زۆربەی ئەو بەیتانەی کە لە سەر زەمبیلفرۆش هەیە، دەگوترێت کە گوایە خۆی لە سەربانی کۆشکەوە فڕێ دەدا یان دەڵێن، بە نزا و پاڕانەوە دەبێ بە کەو و لەوێ نامێنێ، کە هەمووی ئەوانە لەو خاڵەدا جێدەگرێ کە دەیانهەوێ حەقیقەتی ئەم داستانە بکەن بە ئەفسانە و لە رێبازی خۆی بە لارێیدا ببەن.

چیرۆکی زمبیلفرۆش یەکەمجار، وەستا جەمۆ مجێوری گوندی خەتارێ لە باکوور گوتوویەتی.

مامۆستا گێو موکریانی ساڵی 1967 زەمبیلفرۆشی لە دوای کۆکردنەوەی سەرچاوە کورمانجی و لکە زاری بادینی بە سۆرانی بە چاپ گەیاندووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.