چوار رۆژ دوای هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان، سەرۆک ترامپ فەرمانی بەڕێکردنی هەزار هێزی سەربازی نوێی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند

0
578

رۆژی كورد :
دوابەدوای هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عەممان لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بڕیاری دەرکرد هەزار کەس هێزی سەربازی نوێ بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێ بکرێن.

فەرمانی سەرۆک دۆناڵد ترامپ بۆ وەزارەتی بەرگری ئامریکا لە مەڕ ناردنی هێزێکی زیاتر بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست لە کاتێک دا دەرکراوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان دوای هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عەممان لە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٣ی حوزەیران تا ئێستا چەندین جار ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەرپرسیار لەم هێرشانە ناوبردووە. پاتریک شاناهان بەرپرسی وەزارەتی بەرگری ئامریکا ـ پێنتاگۆن سەر لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٧ی حوزەیران بە کاتی ڕۆژهەڵاتی ئامریکا ڕایگەیاند کە ئەم  ژمارە هێزە دیاریکراوە بە پێی داخوازی سێنتکام ـ ناوەندی سەرۆکایەتی گشتی هێزەکانی ئامریکا و بە پێی ڕاسپێردراوی بەرپرسی ناوەندی هێزە هاوبەشەکانی سۆپای ئامریکا دوای ڕاوێژ کردن لە گەڵ کۆشکی سپی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوین بەڕێدەکرێن.
بەرپرسی وەزارەتی بەرگری ویلایەتە یەکگرتووەکان هاوکات جەختی لە سەر ئەوە کرد کە وڵاتی ئامریکل خوازیاری شەڕ و تێکهەڵچوون لە گەڵ ئێران نیە و هەنگاوی ئەمڕۆ بۆ ئەرخایەن بوونە لە ئاسایش و پاراستنی باری ئەمنی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا و بۆ ئاگاداری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئامریکا لە ناوچەکەدا. بە وتەی پاتریک شاناهان هێرشەکانی ئەم دواییانەی ڕژیمی ئێران بە پێی پشتڕاستکەرەوەی زانیارییە ئاشکرا و باوەڕپێکراوەکان کە وەرگیراون لە لایەن دەوڵەتی ئامریکاوە، دەرخستەی کردەوەی دژبەرانەی هێزەکانی ڕژیمب ئێران و گرووپەکانی سەر بە ڕژیمی ئێرانە و هەڕەشەیەکە بۆ هێزە سەربازییەکانی ئامریکا و بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ناوچەکەدا.
سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردووە ڕێکەوتی ١٣ی حوزەیران دوو کەشتی نەوتهەڵگر کە لە وڵاتانی ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی و عەرەبستانی سعوودی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بەڕێگاوە بوون کەوتنە بەر هێرش و دوای چەن کاژێر لە هێرشەکە وەزیری دەرەوەی ئامریکا لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵنێری دا ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەرپرسیاری هێرش بۆ سەر نەوتهەڵگرەکان لە دەریای عەممان ناساند. ڕێزدار پۆمپێئۆ باسی لەوە کرد کە ڕژیمی ئێران پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٢ی ئاوریل هەڕەشەی لە هەموو وڵاتانی دونیا کردبوو کە ڕەوتی گواستنەوەی نەوت و سووتەمەنی لە باریکەی هۆرمز ڕادەگرێت و ئێستا لە پێناو وەدیهێنانی هەڕەشەکەیان هەموو هەوڵێکی خۆیان وەگڕ خستووە.
بەرپرسانی ئامریکا بەڵگەی پێویست بۆ دەستێوەردانی ڕژیمی ئێران لە هێرش بۆ سەر هەر دوو نەوتهەڵگرەکانی دەریای عەممانی پاشنیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە خستووەتە بەردەست ئەنجۆمەنی ئاسایشی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان. ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٤ی حوزەیران سەرۆک کۆماری ئامریکا بە فەرمیی ڕژیمی ئێرانی بە بەرپرسی هێرشی ڕۆژی پێنجشەممە بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی دەریای عەممان ناساند و سەبارەت بە ئەگەری داخرانی باریکەی هۆرمز و هەڕەشەکانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان وەکوو بەرپرسانی ئێران باریکەڕێی هۆرمز داناخەن و ئەگەریش دایبخەن بۆ ماوەیەکی زۆر بە داخراوی نامێنێتەوە. سەرۆک ترامپ لە وڵامی ئەو پرسیارەی کە چۆن ئەتوانین بەرگری ئێران بکەین وتی ئەیبینین! دوابەدوای زیادبوونی ئالۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا یەکیەتی ئۆروپا داوای لە هەر دوو وڵاتانی ئێران و ئامریکا کرد خۆڕاگر بن و بەرگری بکەن لە تەشەنە سەندنی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەدا.
ئامریکا پێشتر لە ئێستاش ڕژیمی ئێرانی بەرپرسیار زانیبوو لە چالاکی تێکدەرانەی مانگێک پێش ئێستا بۆ هێرش کردنە سەر چوار نەوتهەڵگرەکانی بەندەر فۆجەیرە. ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا دوای دەرکەوتنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە پەیماننامەی بەرجام زۆرتر بوون. سەرەڕای هەموو ئەوانە بەرپرسانی باڵای سەربازی ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەڵێن ئێمە خوازیاری شەڕ لە کەڵ ڕژیمی ئێران نین و ڕێکاری دیپلۆماسی بە باشتر دەزانین.
سەرۆک ترامپ مانگی ڕابردوو پێشنیاری وتووێژی بێ پێش مەرجێ بۆ تاران دانا، بەڵام خامنەیی ڕێبەری ئایینی ڕژیمی ئێران لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن ئەم پێشنیارەی ڕەتکردەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.