چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات، بانگه‌وازێك بۆ سه‌ركردایه‌تی حیزب و ڕێكخراوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاو دەکەنەوە

0
747

ڕۆژی کورد: هاوکات لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناو ئێران و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکان لە شارەکانی ئێران کە تا ئێستا دیار نیە چ سناریۆیەکی لە پشتە، بەشێک لە چالاکانی سیاسیی ڕۆژهەڵات، بانگه‌وازێك بۆ سه‌ركردایه‌تی حیزب و ڕێكخراوه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاو دەکەنەوە.

دەقی ئەو بانگەوازە کە وێنەیەکی بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد نێردراوە بەو شێوەی خوارەوەیە:

نزیك به‌ ٣٩ ساڵه‌، دەسەڵاتێکی گەندەڵ و مرۆڤكۆژ به‌ سه‌ر ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا ده‌سه‌ڵاتدارێتی ده‌كات و بێجگه‌ له‌ ماڵوێرانی، ده‌ربه‌ده‌ری و كۆشت و بڕ، تواندنەوە و هەڵاواردن، هیچ به‌رهه‌مێكی تری بۆ گه‌لانی ناو ئێران بە گشتی و گه‌لی كورد بەتایبەتی نه‌بووه‌.
به‌ تاڵان بردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات، ده‌ست تێوه‌ردان له‌ كاروباری وڵاتان و گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و جیهان، وێڕای بڵاۆ كردنه‌وه‌ی ڕایه‌ڵه‌ی تێرۆر له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا، ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی تووشی نه‌هاتیی زیاتر كردوه‌ و ڕۆژ له‌ دوای ڕۆژ هه‌ل و مه‌رجی ژیانی هاوڵاتیان ئه‌سته‌متر ده‌بێت.
له‌ ئاكامی سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی یاسا و ڕێسای مرۆیی و نێۆنه‌ته‌وه‌یی له‌لایه‌ن ئه‌و حكوومه‌ته‌وه‌، هه‌ڵوێسته‌ جیهانییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ زیادبوون دایه‌ و ناڕه‌زایه‌تیه‌ نێۆخۆییه‌كانیش له‌ پێگرتن دان.

ئێستا كه‌ ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ره‌وه‌ڕووی هێندێك ئاڵۆگۆڕیی جیدی ده‌بنه‌وه‌، ئێمه‌ی كورد ده‌بێ بۆ خۆ دوور گرتن له‌ زیانه‌ نه‌رێنییه‌كان لەلایەک و كه‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ده‌رفه‌ته‌‌ ئه‌رێنییه‌كان لەلایەکی تر ئاماده‌ بین.

ئێوه‌ وەک حیزب و ڕێكخراوەکانی ڕۆژهەڵات، به‌ كۆڵه‌باری ساڵانی پڕ هه‌وراز و نشێوی خه‌بات، له‌م كاته‌ ناسكه‌دا ده‌بێ هه‌نگاوی نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌نووس ساز بنێن. چاوه‌ڕوانیمان له‌ ئێوه‌ و بژاردەی سیاسی و ڕێكخراوه‌كانتان ئه‌وه‌یه‌  كه‌ هه‌موو كێشه‌كانی ڕابردووتان وه‌لا بنێن و ده‌ست به‌ جێ پێكه‌وه‌ كۆ ببنه‌وه‌ بۆ ڕێكخستنی نێۆ ماڵی ڕۆژهه‌ڵات، و یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو پێكبێنن.
بێ گۆمان هێزه‌ ده‌ست پێشخه‌ر و دڵسۆزه‌كان له‌ داهاتووی وڵاتدا دەوریان ده‌بێ و هه‌موو كه‌مته‌رخه‌م و پاوانخوازانیش وه‌ لا ده‌نرێن.

بۆیه‌ پیشنیار ده‌كه‌ین :

١- ده‌ست به‌ جێ ده‌سته‌ی سه‌ركردایه‌تیی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ کۆ یان زۆربه‌ی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ خۆ بگرێت پێكبهێنرێت،

٢- داواكاریه‌كانی گه‌لی كورد له‌ ئێران و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان گه‌ڵاڵه‌ بكرێن،
٣- گرووپی كاری هاوبه‌شی دیپلۆماسی له‌ ئاستی نێۆنه‌ته‌وه‌ییدا پێكبهێنرێت و كه‌ڵك له‌ هه‌موو ڕایەڵه‌ نێۆنه‌ته‌وه‌ییه‌كان وه‌ر بگیردرێت،

٤- هێزێكی سەربازیی هاوبه‌ش یان سه‌ركردایه‌تیی سەربازیی هاوبه‌ش پێكبهێنرێت،

٥- له‌گه‌ڵ بژاردەی سیاسی-كۆمه‌ڵایه‌تیی نێۆخۆی وڵات هاواهەنگی بكرێت،

٦- پێكهاته‌ یان مه‌جلێسێكی ڕاوێژكاری به‌ به‌شداریی كه‌سایه‌تیی ناسراو، ڕۆژنامه‌نووس، چالاكانی ژنان و كرێكاری و به‌رگریكاری مافه‌كانی مرۆڤ بۆ هاوكاری و ڕاوێژدان به‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسی ڕۆژهه‌ڵات پێك بهێنرێت.

به‌ ڕێزه‌وه‌ ئه‌و بانگه‌وازه‌تان ئاراسته‌ ده‌كه‌ین و وه‌كۆ به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌تاکو ئه‌مه‌گناسی و دڵسۆزیتان بۆ گه‌ل و نیشتمان بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكراتر ببێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.