چارەنووسی دوو گشت پرسی

0
607

دوو گشت پرسی لە ماوەی یەک حەفتەدا لە کوردستانی عێراق و کاتالۆنیا لە ئیسپانیا لە لایەن خەڵکێکەوە کە خوازیاری سەربەخۆیی بوون، بەڕێوەچوو. ئەوەیکە لە هەر دوو حاڵەتەکەدا پەیوەندی بە دەوڵەتانی ناوەندیەوە هەبوو، هەردووکیان پەیامێکیان بێجگە لە زمانی زۆر و هەڕەشە نەبوو. جیا لەوەی کە لە ئوروپای بەناو خاوەن شارستانیەت و دیموکراسی و یان لە ناوچەیەکدا کە بە هێرشی نیزامی و داگیر کردن قەرار بوو دیموکراسی بۆ هەناردە بکرێت و خەڵک لە دەست دیکتاتۆڕی ڕزگاریان بێت. ئەوەی کە پێوەندی بە خواستی سەربەخۆیی خوازی خەڵکی کوردستان لە عێراق هەبوو وێڕای بوونی هەڕەشە و گوشاری دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی و هێزە کۆنەپەرست و سەرکوتگەرە ناوچەییەکان لە دەوڵەتی عێڕاقەوە گرتویەتی تا ئێران و تورکییە ئەم بابەتە بەرەوڕووی پێشوازیەکی بەرچاو بۆوە. لەگەڵ ئەوەشدا داخوازی ڕەوای خەڵکی کوردستان لە عێراق بۆ دیاریکردنی چارەنوسیان، لەگەڵ هاوپشتی پڕ لە سۆزی خەڵک لە بەشەکانی دیکەی کوردستان بەرەوڕوو بۆوە. حوزوری کەم وێنەی خەڵک لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران، وێرای بوونی کەشێکی ئەمنیەتی کە بە ڕادەیەک بەرین بوو کە هێزی زۆر و زەوەندی سەرکوتگەری ڕژیم نەیوێرا هێرش بکاته‌ سەر ڕیزی خەڵک.

لەگەڵ ڕاگەیەندرانی ئاکامی گشت پرسی لە کوردستانی عێراق ئێستا دەورێکی تر لە گوشار و هەڕەشەی گەمارۆی ئابووری تا قەدەغە کردنی ئیجازەی پەروازی فرۆکە بەسەر کوردستاندا و تا مانۆڕی هابەشی تورکیە و عێڕاق و هەروەها ئێران و عێڕاق لەسەر سنورەکانی کوردستان و تا پەسند کراوەکانی پەرلەمانی عێڕاق بۆ ناردنی هێزی نیزامی بۆسەر کوردستان لە هەموو لایەکەوە دەستی پێکردوە. سەربەخۆ لەوەی کە بڕیاردان بۆ بەڕێوەبردنی گشت پرسی لە چ قۆناغدا بەڕێوەچووە و چ ئیرادێکی هەبوو، ئێستا خەڵکی کوردستانی عێڕاق لە بەرانبەر بابەتێکی واقعی و مادیدا کە بریتیە لە گوشاری دەوڵەتانی سەکوتگەری خەڵکی کوردستان لە عێراق و تورکیە و ئێران، بەرەوڕوو بوونەتەوە. ئەم گوشارانە وێڕای دەستدرێژی کرانە سەر مافێکی سەلمێندراو و سەرەتایی، ڕاستەوخۆ ژیانی ئابووری و ئەمنیەتی خەڵکی کوردستان دەخاتە مەترسیەوە. لەم روەوە ئێمە گشت ئەم گوشارانە بە ناڕەوا و دژی ئینسانی دەزانین و بە توندی مەحکومیان دەکەین. ئێمە خەڵکی کوردستان لە گشت بەشەکانی و بە تایبەت خەڵکی کوردستانی ئێران، بۆ درێژەدان بە پشتیوانی شێلگیرانەیان لە هەموو ئەو ڕێگایانەوە کە مومکینن، لە خەڵکی کوردستانی عێراق، لە بەرانبەر ئەو گوشارانەدا بانگهێشت دەکەین. دەوڵەتانی سەرکوتگەری خەڵکی کوردستان مافی ئەوەیان نییە و لە پێگەیەکدا نین کە بۆ خەڵكێک کە داخوازی سەرەتایی خۆیان سەبارەت بە ژیان بەسەبردن لە کوردستانێکی سەربەخۆ لە گشت پرسیەکدا دەربڕیوە، خەت و نیشان بکێشن.

ئەگەر گشت پرسی لە کوردستاندا بەبێ حوزوری هێزی نیزامی دوڵەتی ناوەندی بەڕێوەچوو، لە کاتالۆنیا بە لەبەرچاو گرتنی ئیختیاراتی بەرتەسک تری ئەم ویلایەتە بە شێوەیەکی تر بوو. پاڕلمانی ویلایەتی کاتالۆنیا رۆژی ٦ی مانگی سێپتامبر ڕایگەیاند کە رۆژی یەکی ئۆکتۆبر بەرابەر لەگەڵ ٩ی مانگی ڕەزبەر گشت پرسی بۆ سەربەخۆیی ئەم ویلایەتە بەڕێوەدەچێت. بڕیاری پاڕلمانی کاتالۆنیا بە شوێن وڵامی نەرێنی دەوڵەتی ناوەندیدا بە داخوازی بەردەوام بۆ وتووێژیان سەبارەت بە چارەنووسی کاتالۆنیا درا. هەر زوو دادگای باڵای ئیسپانیا لەسەر بنەمای داخوازی سەرۆک وەزیری ئەم وڵاتە کۆبوونەوەی کرد و حوکمی نا یاسایی بوونی ئەم گشت پرسیەی دەرکرد. هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ناوەندی بە داخوازی بەڕێوەچوونی گشت پرسی بە شێوەیەک قین لە دڵانە بوو کە هەر خێرا قەیرانێکی سیاسی بەدوای خۆیدا هێنا. دەوڵەتی ناوەندی بۆ بەرگرتن لە بەڕێوەچوونی گشت پرسی هەزاران کەس لە هێزە ئینتیزامیەکان و پۆلیسی ڕەوانەی ئەم ویلایەتە کرد. ئەم هێزە نێردراوە، بە هاوکاری لەگەڵ گاردی تایبەت رۆژی ٢٠ی مانگی سێپتامبر دەستیان بەسەر زیاتر لە دە ملیۆن بەرگی هەڵبژاردندا گرت و دوازدە کەسیشیان لە کاربەدەستانی سەرەوەی دەوڵەتی ناوچەیی دەستبەسەر و لە بەردەم ناوەندەکانی دەنگدان دا جێگیر بوون. دەوڵەتی ناوەندی لە هەمانحاڵدا هەڕەشەی کرد کە ئەگەر بێتو دەوڵەتی خۆ بەڕێوەبەری کاتالۆنیا هەروا سور بێت لەسەر بەڕێوەبردنی گشت پرسی، کۆتایی هاتنی دەوڵەتی ناوچەیی خۆبەڕیوەبەری کاتالۆنیا ڕادەگەیەنێت و حوکمی گرتنی سەرۆکی دەوڵەت، گشت کاربەدەستانی دەوڵەتی و ئەو سەرۆک شارەوانیانەی کە لە بەڕێوەبردنی گشت پرسیدا بەشدار بوون، دەردەکات. ئەو بڕیارانەی لە لایەن دەوڵەتی ناوەندیەوە دراون، بوونە هۆی ئەوەیکە دەوڵەتی کاتالۆنیا ڕایبگیەنێت کە دەوڵەتی ناوەندی ئیسپانیا خودموختاری ئەم ویلایەتەی هەڵوەشاندۆتەوە و ئەویش خەڵکی بۆ نافەرمانی مەدەنی بانگهێشت کرد.

خەڵکی کاتالۆنیا بە ٧ و نیو ملیۆن جەمعیەتەوە نەتەوەیەک بە زمان و فەرهەنگی وەک یەک پێکدێنن. بەڵام ئەم ڕاستیە چ لە دەورانی پاشایەتی بەر لە دەوڵەتی فاشیستی فڕانکۆ و چ لە دەورەی حاکمیەتی ناوبراودا پێشێل کرا. ئەوانیش وەک باقی کەمینەکان لە گشت ئەم دەورانەدا لەژێر گوشاری دەوڵەتی ناوەندیدا بوون. لەگەڵ ئەوەدا کە دوای روخانی دەوڵەتی فاشیستیی فڕانکۆ، هێندێک ماف لە خودموختاری سەبارەت بەم کەمینە لە قانونی ئەساسی ئیسپانیادا گونجیندرا، بەڵام گرنگترین مافی سەرەتایی و دیموکراتیک واتە مافی سەربەخۆیی و جیابوونەوەیان لێ زەوت کرا.

قانونی ئەساسی دژی دیموکراتیکی پەسند کراو لە ساڵی ١٩٧٨ مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە جۆراوجۆرەکانی دانیشتوی ئیسپانیای بێ وڵام هێشتەوە. لەگەڵ ئەم داکۆکی و پارێزگاری کردنە لە مافی ئەم خەڵکە بۆ دیاریکردنی چارەنوس کە خۆی مافێکی بنەڕەتی و دیموکراتیکە، دەبێ لە لایەن پێشڕەوانی چینی کرێکار و ئەحزابی چەپ و کومونیستەوە نە تەنیا لە ئیسپانیا، بەڵکوو لە سەرتاسەری دنیادا پشتیوانی لێبکرێت.

نابێ بێڵن کە شۆونیزمی دەوڵەتی ناوەندی و یان ناسیۆنالیزمی نەتەوەی ستەملێکراو، دۆخێک بۆ سەم پاشی و دروستکردنی کەلێن لە نێوان خەڵک و چینی کرێکاردا دروست بکات. نابێ لەبیر بکرێت کە سەرنەکەوتنی ناڕەزایەتیی جەماوەری بەرین لەم ساڵانەی دواییدا لە ئیسپانیا لەدژی دەوڵەتی ناوەندی، کۆبوونەوە خیابانیەکان و داگیر کردنی مەیدانەکان و لە سەرئەنجام دروستبووبی ڕەوتی چەپی “پودۆمۆس” یەکێک لە هۆکارەکانی کاریگەری دانان لەسەر بڕیاری خەڵکی کاتالۆنیایە بۆ گشت پرسیە.

لە ئاوا بارودۆخێکدا و لە حاڵێکدا کە پۆلیس بە توندوتیژی هەرچی زیاترەوە هەوڵیدا خەڵک لە بەشداری کردن لە گشت پرسی پەشیمان بکاتەوە خەڵکی کاتالۆنیا لە رۆژی گشت پرسیدا چوونە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان. لە هێرشی وەحشیانەی پۆلیسدا زیاتر لە ٤٦٠ کەس بریندار بوون و دەوڵەتی ناوچەیی ڕایەگەیاند کە پۆلیس ٢٤٦ حەوزەی هەڵبژاردنی پلۆمپ کردووە. ئێستا ئیتر ئاکامی ئەم گشت پرسیە کە لە ئاوا کەش و فەزایەکی سەرکوتگەرانەدا بەڕێوەچووە، زۆر یەکلا کەرەوە نییە. ئەوەی یەکلا کەرەوەیە رۆژەکانی داهاتوو و خەڵکێکە کە سورتر لە ڕابردوو بۆ دەستەبەر بوونی داخوازیە ڕەواکانیان خەبات دەکەن. سەبارەت بە کوردستانی عێڕاقیش ئەم راستییە هەروایە. بابەتی سەرەکی لێرەشدا ئەوەیە کە ئەم خەڵکە چلۆن لەودیوی ساتوسەوداکانی پشتی پەردەوە، بەدوای ئاکامی گشت پرسیەکەیاندا دەچن؟.

 

کۆمەڵە، ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.