پەیوەندى ئێران و ڕۆژئاوا لە بازنەى بەرژەوەندى ئابورى دا

0
714

نوسینى ئەلبورز ڕۆئین تەن

دواى سەرکەوتنى شۆرشی گەلانى ئێران و قورخ کردنى دەسەڵات لە لایەن تاقمى ئاخوندى زۆر جار پەیوەندیەکانى ئێران و رۆژئاوا کەندو کۆسپی تێدەکەوێ هۆکارەکەشی بۆ کردەوەکانى ئێران دەگەڕیتەوە کە دورە لە هەر یاسا و رێساى نێو دەوڵەتى . ئەوەى کە بەرچاوە هەژمونى لایەنى ئابورى بەردەوام سێبەرى خستوتە سەر پەیوەندیەکان و ئەم هاوکێشەیە لە کۆتایى دا بە سودى ئیران تەواو بوە . بە دەیان ئەزمونى لە و بابەتە هەبوە کە ئێران بە ئابورى نەوتەوە توانیویەتى تەرازوى پەیوەندى بە لاى خۆی دا لار بکاتەوە .
ئەوەى ئێستا لە رۆژەڤ دایە هەڵگرتنى ئابلوقەکان و کردنەوەى دەرگاى پەیوەندیە ئابوریەکانە. رێکخراوى پەرەپێدانى بازرگانى ئێران ڕایگەند لە دوساڵى رابردوو دا زیاتر لە ٥٧ شاندى بیانى ئابورى کە زۆربەیان سەر بە ولاتانى ئۆروپاین بۆ پەرەپێدانى ئابورى سەردانى ئێرانیان کردوە ئەم ژمارەیە تا مانگى ئۆکتۆبری ساڵى رایردوو بوو ئەگەر ئەوەى تا ئێسا هەژمار بکەین ئەوا دەکاتە ژمارەیەکى بەرچاو لە شاندى ئابورى کە تەنیا بۆ کردنەوەى بازارى خۆیان دێن. زۆربەى ئابوریناسان لەو بڕوایەدان کە دروست بونى پەیوەندى ئابورى هەر لە زووە لە نێوان بازرگانەکان دا دانوستاندنى بۆ کراوە . ڕێژەى پەیوەندى بازرگانى نێوان ئوروپا و ئێران ئێستا لە نیوان ٧ بۆ ٨ ملیارد یۆرۆیە چاوەڕوان دەکرێ دواى ئابلوقەکان و تا ساڵى ٢٠١٨ ئەم رێژەیە چوار جاران زیاتر بکات. ئەلمانیا کە دواى دانانى ئابلوقەکان رێژەى هەناردەکردنى بۆ ئێران تا کەمتر لە نیوە دابەزی بوو چاوی خستۆتە بازارى ئیران و هەرلە یەکەم رۆژ دا کۆمپانیای بێنزى ئوتۆمبیل گرێبەستى لە گەل کۆمپانیای ایران خودرۆى ئێران دا ئیمزا کردوە . بە گوێرەى ئەو ئامارانەى کە گومرکى ئێران بلاوى کردۆتەوە ڕێژەى بازرگانى نیوان ئێران و یەکیتى ئوروپا لە نیوەى یەکەمى ساڵى ٢٠١٥ ٥,٤ ملیار یۆرۆیە کە ٤,٦ ملیار دۆلار هەناردەى ئورۆپا بۆ ئێرانە لە کاتیک دا هەناردەى ئێران بۆ ئوروپا تەنیا ٨١٢ ملیۆن دولار بوە.

بە لەبەر چاو گرتنى ئامارەکانى سەرەوە کە زۆر بە رونى نیشان دەدا کە ئورۆپا چۆن سود لە بازاڕى ئێران وەردەگرێ ئەگەر بێت ئەم بازارە لە گەڵ ئەو قەیرانى ئابوریە کە لە دونیا دروست بوو لەوانەیە لە ساڵانى داهاتوش دروست ببێ بەرائاورد بکەین باشتر روى پەیوەندیەکانى ئێران و ئوروپا دەردەکەوێ چونکو ئەوەى بۆ ئێران گرنگە نە ئابورى لە خزمەتى خەلک دا بەڵکو ئابورى لە پیناو ئایدیاى تاقمى دەسهەڵات دار بووە . ئەوەى بۆ ئورپاش گرنگ بووە نە کردەوەکانى ئێران بەلکو بازارى خۆیەتى.

گفتگۆکانى ولأتانى پێنج کۆ یەک و ئێران کە بە یەکیک لە درێژترین دانوستاندنى میژوو دەناسرێ کە لایەن چەند وڵاتى رۆژئاواو ئێران بەڕێوە چوو بۆ ئەوەى ئێران واز لە بەرنامە ناوەکى خۆى بهینى تا نەتوانى ببێتە خاوەن چەکى ناوەکى و دونیایی ئێستاى ئاڵۆزمان ئاڵۆزتر نەبێت. ئەوەى کە ئەم دانوستاندنە لە لایەن بەشیکى کۆماریخوازانی ئەمریکا و بەشێک لە بیرمەندان ڕەخنەی لێدەگیراو لەو بڕوایە دا بون ئەم ڕێکەوتنە لەوەى زیاتر بە قازانجى دونیا بێت زیاتر بە سودى ریژیمیکى دیکتاتورە. لە هەفتەى یەکەم دواى لابردنى ئابلوقەکان باشتر بە دیار کەوت کە چۆن وڵاتانى رۆژئاوا کێبرکێ وەرگرتنى زۆرترین بەش لە بازارى ئێران دەکەن ئەو پرسیارە دروست دەکات کە جاریکى تر رۆژئاوا لە پێناو ئەو بازارە زۆر شتی ترى ژێرپێ کردبێ.
لە دونیای سیاسەتى ئێستا دا باش دەزانم کە بەرژەوندی تایبەتی ولاتێک لەوانەیە سەروى زۆر نرخی تر بێ کە ئەمە بۆ خۆى پارادۆکسێک دروست دەکا لە گەل ئەوەى لە دونیای مودیرن دا بانگەشەى بۆ دەکرێ وەکو رێز گرتن لە نرخە گەردونیەکان. بە ڵام لە هەمان کات دا چاو پۆشی کردن لە کردەوەکانى ئێران ئەگەر لە کورت خایەنیش نەبێ لە دریژ خایەن زیانێکى بە ڕێژەى چەکى ناوەکى بە دونیاو ئەو وڵاتانە دەگەیەنێ. سەردانى چەندین شاندى ئابورى و سیاسی لەولاتانى ئەلمانیا و فەرانسەو هەتتا ئەمریکا بەستنى چەندین گرێبەستى ملیاردى لە بەیانى هەڵگرتنى ئابلوقەکان ئەوە نیشان دەدا کە وڵاتانى رۆژئاوا زیاتر خوازیارى پەیوەندى لە گەل ئێرانن کە ئەمە خۆى لە خۆى دا بە ڵگەیە بۆ ئەوەى ئێران لەوانەیە چەندین ئمتیازى بە دەست هێنا بێ. بەلام لە درێژخایەن دا زیان بەم وڵاتانە دەگەیەنێ .
هەر بۆ نمونە گرنگترین باسی ولاتانى رۆژئاوا باسی پەنابارانە کە ئێران بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانى دروست بونى گرفتى پەنابەران دەزانم بۆ نمونە بەهارى عەرەبى لە چەند وڵات دروست بوو بەڵام لیشاوى پەنابەران تەنیا لە سوریە دروست بوو ناتوانیین بڵیین ئەمە دەست تێوەردانى ئێران تێیدا کاریگەر نەبووە چونکو سیاسەتى ئێران لە سوریە بۆ دروست کردنى شەڕى ناوخۆ و ریکخراوى تیروریستى تەنیا لە پێناو مانەوەى ئەسەد دا وای کرد زیاتر لە نیوە هاوڵاتیانى ولاتێک ئاوەارە بن کە ئەمەیان کاریگەریشی بەسەر ولاتانى رۆژئاواش هەبوو ئەم بابەتە لەلایەن هیچ ولاتێکى رۆژئاواوە باسی لێوە ناکرێ و یا لانى کەم لە ئەولەویەتى کارەکان دا نیە هەر بۆیەش دەستى ئیرانى ئاوەڵا کردوە تا زۆر بە ئاسانى ئەو مال وێرانیە لە ناوچەدا لە پێناو سیاسە تی تایبەتى خۆى دا ئەنجام بدات و رۆژئاواش چاو پوشی بکات و ئەم چاو پوشیەش لە پێناو ئەو گرێبەسەتە ئابوریانەدا دەبینم . واتە ئەگەر رۆژئاوا دەست لە سیاسەتى بەدەست هێنانى بەرژەوەندى ئابورى بۆ چاوپوشی کردن لە سیاسەتەکانى ئێران لە ناوچەدا کە ڕێژیمى ئێران لە پێناو دریژکردنەوەى تەمەنى دەسهەلاتى خۆى دەیکا نەهینێ ئەوا بە دەیان ڕوداوى وەک پاریس روو دەدەن چونکو هیچ سنوریک بۆ سیاسەتە توندئاژوەکانى ئێران نیە ئەگەر لە بەرامبەرى دا ڕانەوەستن .
هەر بویەش ئەگەر ڕؤژئاوا لە پێناو پەیوەندى ئابوورى دا چاپۆشی لە سیاسەتەکانى ئێران بکات ئەوا ئێران پێویستى بە چەکى ناوەکى نیە بۆ وێران کردنى دونیا هەر بۆیەش ئێستا بە شێوەیەکى کاتى لەوانەیە لە هەندی بابەت دا پاشەکشێ کردبێ بەڵام لە ناورۆک دا هەر ئەو ئێرانەى پێش دانانى ئابلوقەى ئابوورىە . ئەوەى کە لەو نیوانە دا هەمیشە دوراوى ئەساسیە دەبێ بڵیێم خەڵکە کە نە لە ئابورى نە لە پەیوەندیە سیاسیەکان دا سودمەند دەین

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.