پەیامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی پێشەوا قازی موحەممەد و هاوڕێیانی

0
1148

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ئازادیخوازان و نیشتمانپەروەرانی کورد

٧٣ ساڵ لەمەوپێش لە بەرەبەیانی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی، پێشەوا قازی موحەممەد، ڕێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرۆک کۆمار و دامەزرێنەری کۆماری کوردستان، یەکەمین کیانی سیاسیی مۆدیڕنی کورد، وێڕای ژنراڵ موحەممەد حوسەین خانی سەیفی قازی، وەزیری بەرگریی کۆمار و ئەبولقاسمی سەدری قازی، نوێنەری خەڵکی مەهاباد لە پارلەمانی ئێران لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد، لە لایەن جەللادانی ڕێژیمی پەهلەوییەوە لە سێدارە درا و درێژەی ڕێگای بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی کۆماری کوردستانی بە ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی سپارد.
بڕیاری لەسێدارەدانی پێشەوا قازی موحەممەد پێشتر و لە ئەنجامی دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە لە لایەن دادگای سەربازیی ڕێژیمی دیکتاتۆریی پەهلەوییەوە لە ٣ی ڕێبەندانی ١٣٢٥ی هەتاویدا دەرکرابوو.
پێشەوا قازی موحەممەد وەکوو ڕێبەرێکی مێژووساز و کەسایەتییەکی باوەڕمەند بە ئامانجی پیرۆزی ڕزگاریی نەتەوەیی ڕۆڵێکی گرینگی لە داڕشتنی بناغەکانی شوناسی نەتەوەیی مودێڕن و کانالیزەکردنی هەستی نیشتمانپەروەریی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجی پێکهێنانی کیانێکی سەربەخۆی کوردی هەبوو.
لە قۆناغی هەستیاری کۆتاییەکانی شەڕی جیهانیی دووەمدا کە بە هاتنی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ باشوور و باکووری ئێران، بۆشاییەکی هێز و بەستێنێکی بیری نەتەوەخوازی لە ناوچەی موکریان پێک هاتبوو، ڕێکخستن و یەکخستنی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستان و پێکهێنانی تەبایی و هاوخەباتی لەگەڵ نەتەوەکانی دراوسێی کورد بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجی ڕزگاریی نەتەوایەتی، پێویستی و ئەرکێکی مێژوویی بوو کە قازی موحەممەد وەکوو کەسایەتییەکی لێهاتوو و ڕێبەرێکی دەروەست و خاوەن پێگە و نفووزی کۆمەڵایەتی توانیی بە سەرکەوتوویی ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنێت.
ڕۆڵی ئەو لە ڕێبەریکردنی کۆمار و هەوڵدان بۆ وەسەریەکخستنی شانازی و دەسکەوتی زیاتر بۆ نەتەوەکەی و هەروەها پابەندبوونی بەو بەڵێنییانەی کە لە کاتی سوێندخواردنی سەرکۆماریدا بە گەل و نیشتمانەکەی دابوون، قازی موحەممەدی لە مێژووی کورددا کردۆتە ئەستێرەیەکی پرشنگدار کە هەموو شۆڕشەکانی دوای ئەو لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا ئیلهامیان لێ وەرگرتووە.
بەرگریی قارەمانانەی پێشەوا لە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی لە کاتی دادگاییکردنیدا یەکێک لە درەوشاوەترین لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی هاوچەرخی کوردە، بە جۆرێک کە دەرفەتی دیفاعیاتی خۆی دەکاتە دۆکۆمێنتێکی فەرمی و مانیفێستێکی شۆڕشگێڕانە بۆ داکۆکی لە مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی و سەلماندنی ڕەوایی ئامانجەکانی کۆمار. هەر بۆیەشە کە بەپێی دانپێدانانی یەکێک لە ئەفسەرانی باڵای ڕیژیمی پەهلەوی، ئەوە قازی موحەممەد بوو کە دەسەڵاتی داگیرکەری دادگایی دەکرد.
پێشەوا لە تەنگانەی دادگای سەربازیدا تەنانەت یەک هەنگاویش لە باوەڕی نەتەوەیی خۆی پاشگەز نابێتەوە و کاتێک کە بەشداریی کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە کۆماردا وەکوو یەکێک لە تۆمەتە ڕیزکراوەکانی بۆی دەخوێنرێتەوە، ڕاشکاوانە دەڵی کە ئەوان لێرە بێگانە نەبوونە و کوردستان خاکی هەموو کوردێکە. کاتێک کە دادوەر پرسیاری لێ دەکات، بەڵێن دەدەی هەموو قسەکانت بۆ دادگا ڕاست بووبێت؟ وەڵامی قازی موحەممەد ئەوەیە کە: ئەگەر لە دێڕێکی دیفاعیاتمدا جۆرێک قسەم کردبێت کە ئێوە پێتان خۆشە، بزانن لەوێدا ڕاستم نەوتووە”. ئەو شێوە دەربڕینە بوێرانەیە و شکۆی ئازایەتیی پێشەوا لە بەردەم سێدارەدا ڕێنوێن و سەرمەشقێکی تاهەتایی بۆ ڕۆڵەکانی نەتەوەکەی و بگرە بۆ هەموو مرۆڤێکی شۆڕشگێڕ و خاوەن هەڵوێست لە هەموو شوێن و سەردەمێکدایە. پێشەوا لە ژیانی سیاسیی خۆیدا هەمیشە جێی متمانە و باوەڕی هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگا بوو و خۆی بە پاراستنی مافەکانیان و ڕێزگرتن لە تۆلێرانس و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوانیان پابەند دەزانی، هەر بۆیە دواتریش لە وەسیەتنامەکەیدا بە شێوەیەکی تایبەت پێداگریی لەسەر یەکڕیزیی گەلی کورد و وەلانانی ناکۆکییەکانی نێوان تاکەکان و پێکهاتەکانی کۆمەڵگای کوردستان کردۆتەوە و یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی بە کلیلی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانی نەتەوەی کورد زانیوە. لەسێدارەدانی ئەو ڕێبەرە مەزنەی مێژووی کورد، هەوڵێکی نەزۆکی فاشیزمی داگیرکەری زاڵ بە سەر وڵاتەکەماندا بۆ بە چۆکداهێنانی بزووتنەوەی ڕەوای کورد و سڕینەوەی وانەی خۆڕاگری و شۆڕش لە بیری نەتەوەکەی بوو، بەڵام نەک هەر ئەو هەوڵە سەری نەگرت، بەڵکوو وەک پێشەوا لە بێدادگای پەهلەویدا ئاماژەی پێ کردبوو، لە هەر دڵۆپێکی خوێنی ئەو هەزاران قازی موحەممەد سەریان هەڵدا و بە درێژایی زیاتر لە حەوت دەیەی ڕابردوو وانەکانی ئەو هەوێنی شوناسخوازی و گیانبازی و خەباتی تێکۆشەرانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە هەموو لایەنە سیاسییە خەباتگێڕەکانی بزووتنەوەی کورددا بوونە و خەونی لەنێوچوونی کورد و کوردستانیان لە داگیرکەرانیان تێک داوە. لە ٧٣هەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی ئەو ڕێبەرە مەزنەدا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای پێداگری لەسەر یەکڕیزی و هاوخەباتی لە پێناوی وەدیهێنانی ئامانجەکانی پێشەوا و هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و ئازادی و دادپەروەریدا، سڵاو دەنێرێت بۆ گیانی پاکی هەموو خەباتگێڕانی شەهیدی نیشتمان و خۆی بە درێژەدەری ڕێگا و ڕێبازیان دەزانێت.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٩ی هەتاوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.