پەیامی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان لە پێوەندی بە دانیشتنی پارلمانی فەڕانسە لە پێوەندی بە پڕۆژی بە ژینۆساید ناساندنی جینایەتەکانی ڕژیمی عێڕاق دەرحەق بە گەلی کورد لە باشووری کوردستان

0
802

پارلمانی فەڕانسە پرسێکی گرینگی باشووری کوردستانی داگیرکراو لە لایەن عێڕاقەوە خستە دەنگدانی پارلمانەوە.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان وێڕای بە گرینگ زانینی هێنانە بەر باسی پرسی بە ژینۆساید ناساندنی کوشتاری گەلی کورد بە دەستی ڕژیمی عێڕاق بە پرسێکی گرینگ دەزانێ و وێڕای سپاس و دەستخۆشی لە پێشکەشکەران و بەشداربووانی ئەم پڕۆژەیە و پارلمانی فەڕانسە، بە پەرۆش بوونی خۆی لە پەسەند نەکرانی ئەو پڕۆژەیە ڕادەگەیەنێ.
هێنانە بەر باسی ئەو پرسە لە ناو پارلمانی فەڕانسە بێگومان دەستکەوت و هەنگاوێکی مێژوویە بۆ بە فەرمی ناسینی ئەو جینایەتانەی ڕژیمی داگیرکەری عێڕاق بەرانبەر گەلی کورد لە باشووری کوردستان ئەنجامی داوە و ئەوە دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی لە داهاتوو دا پرسی ژینۆسایدی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان و ئەو جینایەتانەی دەرحەق بە نەتەوەی کورد لە لایەن ئێران،سووریە،تورکیە و عێڕاق ئەنجام دراون ، بکرێنە پڕۆژە و بخرێنە بەردەم پارلمانی وڵاتانی دێموکرات و پشتیوانی گەلی کورد تاکوو بە فەرمی وەک ژینۆ ساید بناسێندرێن.
هەر چەند بە داخەوە پڕۆژەکە لە پارلمانی فەڕانسە نەیتوانی دەنگی زۆرینە بە دەست بێنێ،بەڵام مەتڕەح کردن و هێنانە بەر باسی وەها پرسێک لە قازانج و بەرژەوەندیی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد دایە و جێگەی خۆیەتی سپاسی تایبەتیی دەوڵەت و حکوومەتی فەڕانسە بە گشتی و حیزبی سۆسیالیستەکان و حیزبی یەکێتیە دێموکراتەکان بە تایبەتی بکەین کە هەنگاوێکی جیددی و کاریگەریان بە مەبەستی بە ژینۆساید ناساندنی کوشتاری گەلی کورد نا.
پێویستە بوترێ کە ئەمڕۆ هەینی 26-11-2021 پەرلمانی فەڕانسە دانیشتنێکی تایبەتیی بەڕێوەبرد کە بەشێکی تایبەت بوو بە پرسی بە ژینۆ ساید ناساندنی تاوانەکانی ڕژیمی عێڕاق بە نیسبەت گەلی کورد لە باشووری کوردستان ، بەڵام بە داخەوە دەنگی پێویستی نەهێنایەوە و پەسەند نەکرا.
لەو دانیشتنە دا 26 پارلمانتار کە سەرۆکی کوتلەکان بوون ئامادە بوون. لەکۆی ئەو پارلمانتارە ئامادەبووانە، 9 پارلمانتار دەنگی بەڵێ و  17 پارلمانتار دژی پەسەندکردنی دەنگی نەخێریان دا.
زۆرینەی ئەندامانی پارلمان لە سەر ناوەرۆکی پڕۆژەکە کۆک بوون و دژی نەوەستانەوە، بەڵام تێبینیان هەبوو لە سەری و لەو باوەڕە دابوون کە ئەوە کار و ئەرکی پارلمان نییە و دەبێ ناوەندە لێکۆڵینەوەییەکان کار لە سەر ئەو پرسە بکەن.
سەرۆکی کوتلەکانی بەشدار بوو کە زیاتر لە ٢٠ لایەن بوون لەو دانیشتنە دا بەشدارییان کرد و لەو پێوەندییە دا کۆمارییەکان پێیان وابوو کە ئەو کوشتارە لە ئاستی ژینۆساید دا نییە و پێیان وابوو پەسەند کردنی وەها پڕۆژەیەک بەرپرسیارییەتی دێنێتە گۆڕی و ترسیان لە پەسەندکردن و لێکەوتە و ئەنجامەکانی هەبوو.
سەرۆکی بەشێک لە کوتلەکانی دیکە لەو باوەڕە دابوون کە ئەوە پرسێکی پێوەندیدار بە هەرێمی باشووری کوردستان و حکوومەتی عێراقەوەیە و پێویستە بۆ خۆیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەنگاوی بۆ باوێن و هەر وەک چۆن توانیان سەددام دادگایی بکەن و بە سزای تاوانی بگەیەنن، دەتوانن ئەو دوو لایەنە پێکەوە لە ڕێگەی حکوومەت و پارلمانی خۆیانەوە ئەم پرسە بە جیهانی بکەن.
سۆسیالیستەکان بە تەواو پشتیوانی خۆیان بۆ بە ژینۆساید ناساندنی ئەو پرسە دەربڕی و رایانگەیاند کە ئەو کوشتار و جینایەتانەی دەرحەق بە گەلی کورد لە کوردستان کراوە ژینۆ سایدە و دەبێ بە ڕەسمی بناسێندرێ.
هاوکات حیزبی یەکیتییە دێموکراتەکان کە ئەو پڕۆژە و پێشنیارەیان هێنابووە پارلمان وێڕای پێداگری لە سەر بە ڕەسمی ناساندنی ژینۆسایدی کوردەکان لە لایەن ڕژیمی عێڕاقەوە رایانگەیاند کە ئەوانەی دژ بەو پێشنیارە دەوەستنەوە تەنیا بیانوو و پاساوی بێ مانا دێننەوە و هیچ مەنتقێکی تێدا نییە.
حیزبی یەکێتیە دێموکراتەکان کە ئەو پێشنیارەی خستبووە بەردەم پاڕلمان،باسی لەوە کرد کە فەڕانسە پێشووتر قەتڵ و عام و کوشتاری جوولەکە و ئەرمەنی و خەڵکی رواندای بە ژێنۆساید ناساندووە و ئەوەش هیچ گرفتێکی بۆ فەڕانسە دروست نەکردووە.
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
٤ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی
٢٦ی نوامبری ٢٠٢١ی زایینی

دەقی پرۆژە بڕیارەکەی پارلمانی فەڕانسە، ژمارە 4622
کۆمەڵەی نیشتمانی
دەستووری 4 تشرینی یەکەم
رۆژی 29-1-2021، لە سەرۆکایەتی کۆمەڵەی نیشتمانی تۆمارکراوە.
پڕۆژە – بڕیار
بۆ ناساندنی جینۆسایدی کوردان لە عێراق.
دەستنیشانکردنی هۆکارەکان
بەڕێزان…
دەمێکە کورد بووەتە قوربانیی تووندوتیژیی و زۆرداریی سیاسیی و کولتووری. لەبەرئەوەی لە پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 دا نکۆڵییان لێکرا و ئەو دەرفەتەیان لێسەندرا کە ببنە خاوەن دەوڵەتی کوردی، وەک لە پەیمانی سیڤەر لە ساڵی 1920دا هاتبوو، لەوکاتەوە بەردەوام لەلایەن دەوڵەتە جیاوازەکانەوە بە ئامانج گیراوە.
دوای گەیشتنی حیزبی بەعس بە دەسەڵات و ساڵی 1969، دوای ساڵێک لە وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی عێراق لەلایەن سەدام حوسێنەوە، دۆخی کورد لە عێراق زۆر خراپ بوو.
لە دوای ئەوەوە سیاسەتێکی تووندی بەعەرەبکردن، راگواستنی زۆرەملێ، لەسێدارەدانی پلان بۆداڕێژراو و شەڕی ناوبەناو دەستیپێکرد.
لە ئاداری ساڵی 1971دا لە دەستووری نوێی حیزبی بەعسدا هاتبوو، دەبێت لەمەودوا کورد بەشداریی “یەکێتی سیاسیی و کۆمەڵایەتی وڵات” ببن و هەروەها “دەبێت عێراق لە چوارچێوەی نیشتیمانی عەرەبی دا قبوڵ بکەن”. ئەو ناچارکردنە بەهێزتربوو دوای ئەوەی لەکاتی کۆنگرەی سێیەمی حیزبی ناوبراو لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند “خاکی کورد ناسنامەی عەرەبییە”.
ساڵی 1972، ساڵی بەخۆماڵیکردنی کەرتی نەوت بووە، کە سەرچاوەی سەرەکی عێراقە، ساڵی “بەعەرەبکردنی” پارێزگای کەرکووکیش بوو، بەتایبەت لە رێگەی دوورخستنەوەی 2 هەزار و 500 کرێکاری کورد کە لەو کەرەتەدا کاریان دەکرد.
دوای تووندبوونەوەی ئاڵۆزییەکان و راگەیاندنی تاکڕەوی سەبارەت بە یاسای ئۆتۆنۆمی بۆ کوردان، کە بەڕێوەبەرییەکی هاوبەش لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدا دەگرێتەوە، لە ساڵی 1974 شۆڕشی دووەمی کورد دەستیپێکرد.
با ئەوەشمان لەبیربێت، کە لە ساڵی 1970دا حیزبی بەعس خۆی پابەندکردبوو بەوەی کە عێراق لە دوو نەتەوە پێکدێت و ئۆتۆنۆمیش بۆ هەرێمی کوردستان، کورد وەکو پێکهاتەیەکە کە لە تەواوی عێراق دانابڕێت، دروستکردنی هەرێمێکی کوردی کە زمانەکەی بە فەرمی قبوڵبکرێت لە بەڕێوەبەربردنی هەرێمەکە و پەروەردەدا.
بەڕاستی سەدام حوسێن نیازی نەبوو کە دەستەکەوتێکی بەوشێوەیە بداتە کورد و ئەو دانوستاندنانە تەنیا بۆ ئەوەبوون، کە سوود لە کات وەربگرێت تاوەکو توانای عێراق بەهێز بکات.
لەکاتێکدا کە ئێران پشتیوانی کوردی دەکرد، ئاستەنگی لەپێش هێزە چەکدارەکانی عێراق دروست دەکرد، لە 6ی ئاداری ساڵی 1975 سەدام حوسێن قبوڵیکرد، کە دەست لەهەندێک ماف لە شەتولعەرەب بۆ ئێران هەڵگرێت، لەبەرامبەردا ئێرانیش کۆتایی بە پشتیوانیکردنی کورد بێنێت. لە ئەنجامدا ژەنەراڵ مستەفا بارزانی و جەنگاوەرەکانی ناچاربوون کە شەڕ راوەستێنن و پەنابەر ببن.
دواتر، لە ماوەی سێ ساڵدا سەتان هەزار کورد لە باکوری عێراقەوە گواسترانەوە بۆ پارچەکانی دیکەی وڵات، بەتایبەت بۆ باشووری عێراق. لە پرۆسەیەکی پێچەوانەدا، خێزانی عەرەب بانگهێشتکران کە بچن لەو ناوچانە نیشتەجێببن لەپێناو “عەرەبکردن”ی کوردستان.
لە کاتێکدا سیاسەتەکانی عێراق کە لەساڵی 1969دا بەڕێوەچووبوون و نەیانتوانیبوو “کێشەکانی کورد” چارەسەر بکەن، عەلی حەسەن مەجید ئامۆزای سەدام حوسێن لە ئاداری 1987دا، وەکو سەرۆکی نووسینگەی کاروباری باکووری عێراق (کوردستان) دەستنیشانکرا و هەموو دەسەڵاتێکی پێدرا بۆ ئەوەی “چارەسەری کۆتایی” پیادەبکات.
لەکاتی ئەو دەستنیشانکردنەوە، پرۆسەی دەربەدەرکردن، وێرانکاری گوندەکان و گواستنەوەی دانیشتووانەکەی بۆ کەمپەکان چڕتربووەوە.
لە مانگی نیسان یەکەم تاقیکردنەوەی کیمیابارانکردن کرا و دەرکەوت کە کاریگەرە، لەو تاقیکردنەوەدا کە لە دۆڵی بالیسان ئەنجامدرا، بووە هۆکاری کوشتنی 400 کەس و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە. کە لەکاتی راکردندا رووبەڕووی کیمیاییەکە ببوونەوە.
26ی ئایاری 1987 عەلی ‌حەسەن مەجید بەرپرسانی حیزبەکەی کۆکردەوە و گوتی “هەرکاتێک ئێمە پرۆسەی راگواستنمان تەواوکرد، دەستدەکەین بە هێرش لە دژی ئەوان {پێشمەرگە}، لە هەموو شوێنێک (…) ئێمە گەمارۆی ئەوان دەدەین لە رووبەڕێکی بچووکدا و بە چەکی کیمایی هێرش دەکەینە سەریان. من تەنیا یەک رۆژ بە چەکی کیمایی هێرش ناکەمە سەریان، من 15 رۆژ هێرش دژی ئەوان درێژە پێدەدەم. (…) من بە هاوڕێیانی شارەزام گوتووە، کە من پێویستیم بە تیمی تایبەتە لە ئەوروپا، بۆ ئەوەی تەواوی ئەو کەسانە (رکابەرە کوردەکان) کە بتوانین بگەینە ئەوان و بیانکوژین. بە پشتیوانی خودا من ئەمە دەکەم، من ئەوان تێکدەشکێنم و بەدوایان دەکەوم تاوەکو ئێران، من بە موجاهیدین {موجاهیدنی خەڵقی ئێران} دەڵێم، کە لەوێش هێرشبکەنە سەریان”.
دواتر عەلی حەسەن مەجید بڕیاری راگەیاندنی ناوچەی قەدەخەکراوی دا، کە هەزار گوندی کوردی لەخۆ دەگرت و فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی کرد، کە هەر مرۆڤێک یان ئاژەڵێک لەو ناوچانە هەبێت بیکوژن.
دوای ئەو بڕیارە، بڕیاری دووەم درا، کە لەنێویدا “نەخشەی” جینۆساید هەبوو.
بەمەبەستی خێرا جێبەجێکردنی پرۆسەکە و سەلماندنی شێوازی خۆی، سەرۆکی نووسینگەی کاروباری باکووری عێراق دەستی بە ئۆپەراسیۆنی ئەنفال کرد (غەنیمە/ دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی “کافران” وەک دەستکەوت) کە لەنێوان 23ی شوبات و 6ی ئەیلوولی 1988 دا ئەنجام دران. ئەم ئۆپەراسیۆنە لووتکەی جینۆسایدی پلان بۆ دانراوبوو لە دژی کوردان. ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنە کۆچبەربوون، ونکردنی بەکۆمەڵ {کۆمەڵکوژی} بۆمبارانکردن بە چەکی کیمیایی و لەسێدارەدان بەبێ دادگاییکردنی لێ هاتەئاراوە.
رۆژی 25ی مانگی ئاب 200 هەزار سەربازی عێراق لە 16 فیرقەدا کۆکرابوونەوە و فەوجێکی تایبەت بە چەکی کیمیایی بە پشتیوانی فڕۆکە “هەڵمەتی پاکتاوکردنی کۆتایی” لە دەڤەری بادینان، ناوچەیەکی کوردیی لەسەر سنووری تورکیا دەستپێکرد.
هەرچەند ئۆپەراسیۆنی ئەنفال کۆتایی هات، بەڵام پرۆسەی وێرانکردنیان درێژە پێدا، بەتایبەت لە شاری قەڵادزێ، کە دوایین پرۆسەی گەورە و کۆتایی بوو بۆ چارەسەرکردنی “پرسی کورد” کە بووە هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمیتەی کاروباری باکووری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دەسەڵاتە تایبەتانەی کە درابوونە عەلی حەسەن مەجید.
با لەبیرمان بێت، کە لە کۆمەڵکوژی هەڵەبجەدا لە ئاداری 1988، کە چەند کیلۆمەترێک لە سنووری ئێرانەوە دوورە، پێنج هەزار کورد لە چەند کاژێرێکدا لە هێرشێکی کیمیاییدا کوژران، کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای عێراقەوە لە جۆری مێگ و میراگۆ ئەنجام درابوون، لەنێویاندا سێ هەزار و 200 قوربانیی بێ خێزان لە گۆڕێکی هاوبەشدا بەخاکسپێردران.
سەرەڕای ئەوەی جیهان بەو کۆمەڵەکوژییەی زانیبوو، بەڵام هیچ گوشارێکی نێودەوڵەتی کاریگەر لەسەر عێراق نەکرا بۆ ئەوەی رێگری لە هێرشی نوێ بکات.
دوای شەش مانگ لەم کۆمەڵکوژییە، ئەمریکا یەک ملیار دۆلاری پێشکێشی سەدام حوسێن کرد، وەک هاوپەیمانی وڵاتانی رۆژئاوای بەرامبەر کۆماری ئیسلامی ئێران.
دەستتێوەردانی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە دووبارە بووەوە، کاتێک عەرەبی شیعە و کورد، لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە هاندرابوون بۆ کەوتنی دەسەڵاتی بەعسی سەدام حوسێن سەرهەڵدان بکەن، لەناو خوێندا گەوزێندران، ناچاربوون کۆچبەر ببن و بەوشێوەیە کێشەی مرۆیی لە ئێران و تورکیا دروستبوون.
رۆژی 5ی نیسانی ساڵی 1991، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە 688 سەپاند، کە ئامانجی دروستکردنی “هەرێمی نەفڕین” و راوەستاندنی پێشکەوتنی سوپای عێراق بوو، هەروەها رێگەدان بە ئۆپەراسیۆنی مرۆیی بە ناوی Provide Comfort بوو، کە نیشانەیەک بوو بۆ دروستکردنی هەرێمێکی نوێ- سەربەخۆ لە ناوچە کوردییەکان.
ئەو رۆژە رەشانە بوونە هۆکاری ئەنجامی وێرانکاری، کە 90%ی گوندەکانی کورد و نزیکەی 20 شارۆچکە وێرانکران، هەروەها توانای کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداریی لە کارکەوتن، بەهۆی دانانی 15 ملیۆن مین لە زەوییەکانی هەرێمەکە.
لەسەروو ئەوەشەوە یەک ملیۆن و 500 هەزار جووتیار لەنێو کٶمەڵگەکاندا نیشتەجێکران. بە گشتی لە ساڵی 1974ـەوە 400 هەزار کورد گیانیان لەدەستداوە، نیوەیان وەکو ونبوو هەژمار کران. کە 10%ی کۆی دانیشتووانی کوردبوون لە عێراق دا.
سەرەڕای ئەمە، بۆردوومانکردنی کیمایی کاریگەیی زۆری لەسەر تەندرووستی کوردان جێهشت (وەکو کوێربوون، لەبارچوونی منداڵان، نەخۆشییە زگماکییەکان).
دوور لە ئۆپەراسیۆنی سادە لە دژی راپەڕینەکان، گەلی کورد بە گشتی بووە ئامانجی لەنێوبردن.
لە کانوونی یەکەمی ساڵی 2005، کۆمەڵکوژی دژی کورد وەکو جینۆساید ناسێندرا، لەلایەن دادگەی لاهای و لەلایەن دادگەی تایبەتی عێراقەوە، لە حوزەیرانی ساڵی 2007دا، عەلی حەسەن مەجید لەگەڵ دوو بەرپرسی دیکەی عێراق، بەتاوانی جینۆساید دژی کورد بە سزای لەسێدرارەدان، سزادران.
تەنانەت دوای کەوتنی سەدام حوسێنیش، کوردانی عێراق بوونە قوربانی تووندوتیژیی، هەڵاواردن و کرداری دڕندانە، بەتایبەت لەسەر دەستی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی و میلیشیاکانی شیعە. “بەعەرەبکردن”ی گەلی کورد و کوردستان تاوەکو ئێستاش هەرماوە.
فەرەنسا، دۆستی گەلی کورد، وڵاتێک کە دەبێ لە هەموو وڵاتانی دیکە زیاتر واتای جینۆساید بزانێت، بەچاوی گەورەترەوە تاوانێکی بەوشێوەیە لە دژی مرۆڤایەتی ببینێت.
لەم رەوشەدا دەستنیشانکردن و بەکارهێنانی دەستەواژەی جینۆساید بێگومان زێدەڕۆیی نییە، لەبەرئەوەی وەکو لە راپۆرتی رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ HRW دا هاتووە، “بۆ ئەوەی ئێمە بگەڕێینەوە بۆ بڕگەی رێککەوتنی جنێڤ سەبارەت بە جینۆساید، ئامانجی رژێم لە لەنێوبردنی گرووپێک- کوردی عێراق، بەشێوەیەک دابەشبووە، ئەمەی ئەنجامداوە. نیاز و کردارەکان یەکدەگرنەوە، تاوانی جینۆساید بە تەواوی جێبەجێکراوە”.
بۆیە ئەم پڕۆژە – بڕیارە داوا لە حکومەتی فەرەنسا دەکات، کە ئەم جینۆسایدە بناسێنێت و پشتیوانی قەرەبووکردنەوەی زیانی قوربانیان و خێزانەکانیان بکات.
پڕۆژە – بڕیار
ماددەی تاک و تەنیا
1-کۆمەڵەی نیشتمانی
2-بەگوێرەی ماددەی 34-1ی دەستوور.
3- بەگوێرەی ماددەی 136ی پەیڕەوەی ناوخۆی کۆمەڵەی نیشتمانی.
4- بەگوێرەی ماددەی 6،7 و 8ی یاسای رۆمای دادگەی تاوانی نێودەوڵەتی.
5-بەگوێری ماددەی 2ی رێککەوتنی رێگری و سزادان لەسەر تاوانی جینۆساید
6-بەگوێرەی پڕۆتۆکۆڵی جنێڤی ساڵی 1925 سەبارەت بە قەدەخەکردنی بەکارهێنانی گازی ژەهراوی هاوشێوەی چەکی بایۆلۆژی لە شەڕدا.
7-لەبەرچاوگرتنی بنچینە مادییەکان ئامادەکراو، پلان و رێکخستنەکانی کە لەلایەن دەسەڵاتی عێراقیی سەدام حوسێنەوە جێبەجێکرابوون.
8-لەبەرچاوگرتنی کردارە چەکدارییەکان، بەشبەشکردن، بێبەشکردنی مرۆڤایەتی و دابەشکاریی چینایەتی و دەربەدەرکردن، لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ، قڕکردنێک کە کوردی عێراق قوربانییەکانی بوون.
9-لەبەرچاوگرتنی رێژەی دڕندەیی ئۆپەراسیۆنی ئەنفال، بەتایبەت بۆردوومانکردنی شاری هەڵەبجە، تەواوی ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ئەنجام دراون.
10-لەبەرچاوگرتنی خواستێکی بەهێزی رژێمی عێراقی ئەو سەردەمە بە تەواوی یان بەشێکی لە گەلی کورد لە عێراق بۆ لەنێوبردن (قڕکردن).
11-لەبەرچاوگرتنی ئەرشیڤێکی زۆر کە بە وێنەی بەڵگەدار لەسەر بەرپرسانی عێراق و تاوانەکانیان لە دژی مرۆڤایەتی.
12-لەبەرچاوگرتنی ناسینی دادگەی لاهای، لە 23ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2005، ئەو کردارانەی کە بنچینەییەکانی جینۆسایدن، بەتایبەت کارکردنی لە دژی هەڵەبجە لە ساڵی 1988دا، هەروەها حوکمی دادگەی تایبەتی تاوانەکان لە عێراق لەسەر ئەنجامدەرانی سەرەکی کردارەکان.

دەقی پڕۆژەکە بە فەڕانسەوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.