پەنجا تەکاوەری ئێرانی کە چووبوون قەندیل بگرنەوە، کوژران

0
4909

بەپێی لێدوانی بەرپرسێکی سەربازیی ڕژیم، ٥٠ تەکاوەری ئێرانی کە بە مەبەستی گرتنەوەی بەرزاییەکانی قەندیل و جاسووسان، چوونە ئەو شوێنە، کوژراون، ئەو هەواڵە تا ئێستا لە لایەن هیچ هێزێکی کوردییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی ڕۆژنامەی “شەرق”، ڕەمەزانی شەریف، وتەبێژی سپای پاسداڕانی ئێران، باسی لە کوژرانی ٥٠ تەکاوەری ئێران لە کوێوەکانی قەندیل کردووە و گوتووشیەتی ئەو کەسانە لە لایەن “سیخوڕەکانەوە” لە سێ گۆشەی ئێران، عێراق و تورکیە، کوژراون.

 بەپێی ئەو هەواڵە و دوای ئەوەی کە باس لە هەندێ ناکۆکی لە نێوان سپا و ڕژیمی ئێران، ڕەمەزان شەریف، وێڕای ئەوەی کە ئەوە دووبەرەکییەی بە ناڕاست نازانی گوتی: “هەر ئێستا  تەکاوەری ئێمە بۆ گرتنەوەی بەرزاییەکانی قەندیل و جاسووسان، شەهید بوون، ئەوە بۆ جێگیر کردنی ئاسایشە تا پارێزگاری ئێمە بتوانێ لە باکووری ڕۆژئاوا بە ئاسایشەوە خزمەت بە خەڵک بکات”.

 شەریف جارێکی تر ئامریکای بە هاندەری حیزبە کوردییەکان ناساند و گوتی: “ئەمریکاییەکان لایان وابوو کە دەتوانن بە ورووژاندنی قەمەکان و ئایینزاکان و بەتایبەت لەو شوێنانە کە پاشەڵیان لە دەرەوەی سنوورەکان هەیە، بە یەکڕیزکردنیان و دروشمی خودموختاری و سەربەخۆیی و سازکردنی تەنگژەی ئاسایشی، خەسار لە کۆماری ئیسلامی بدات”.

ئەو ئاماژەی شەریف، دەگەڕێتەوە بۆ سەر حیزبە کوردییەکان و بەتایبەت دوای ئەوەی کە حدکا لە جەژنی نەورۆزیی ئەمساڵ سەرهەڵدانەوەی خەباتی چەکداری لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند و تا ئێستاش جیا لە چەند شەڕی چەکداری کە تێیدا زیانێکی زۆر بەر ڕژیم کەوتووە، چەندین چەکداری دەوڵەتیش لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە کوژراون.

 زنجیرە کێوەکانی قەندیل و هەروەها جاسووسان، ساڵانێکە شوێنی مانەوەی هێزە کوردییە جیاجیاکانن بەڵام لە دوای گەڕانەوەی هێزەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ سنوورەکان، کۆماری ئیسلامی بەردەوام ئەو ناوچانەی تۆپ باران کردووە و هەڕەشە لە حیزبە کوردییەکان دەکات و زۆرێک لە پایەگا چڕەکانی سنوورەکانی ئاوەدان کردۆتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت