پێکهێنانی شوڕای دێمۆکراسی‌خوازنی ئێران لە پێناوی چی‌دا؟”دەرفەت یان پێشێلکردنی مافی نەتەوەیی؟”

0
985
د. کامران ئەمین‌ئاوە

د.کامران ئەمین‌ئاوە

ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٦ هەتاویی واتە ١٨ نوامبری ٢٠١٧ی زایینی لە شاری کۆڵنی ئەڵمان بە میوانداری حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی ئێران، هەروەها چەند حیزبی نەتەوەیی و سەرانسەری وەکو بەرەی دێموکراتیکی ئێران دەستپێکی کاری “شوڕای دێمۆکراسی‌خوازانی ئێران” وەکو مزگێنی پێکهاتنی ئەلترناتیڤێکی بەهێز لەبەرانبەر حکوومەتی ئیسڵامی ئێران لە ٨ خاڵدا ڕاگەیەنرا. بێ‌گومان ئەلترناتیڤ بوون دەگەرێتەوە سەر قورسایی و نفووزی جەماوەریی ئەو ڕێکخراوانە لە گۆڕەپانی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێو وڵاتیان نەک ڕیزکردنی دروشم و نیوی حیزبەکان. بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو، چەندین بەرەی وەک شوڕای میللی و بەڕگری ئێران بە سەرۆکایەتی ڕێکخراوەی موجاهیدینی ئێران (کە تەنانەت سەرەک کۆمار و کابینەی تێدا دیاریی‌کراوە)، کۆماریخوازان و کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدڕاڵ پێکهاتوون.

هەر کام لەوانە بانگەشەی ئەلترناتیڤ بوونیان بووە و هەیە! بەڵام حکومەتی ئیسڵامی هەر لە جێی خۆیەتی و چاڵاکی ئەم ڕێکخراوانەش نەک سەرنجی خەڵکی ئێران، بەڵکوو هێزە پرژوبڵاوەکانی دەرەوی وڵاتیشی بەرەو خۆ رانەکێشاوە تەنانەت نەیانتوانیوە هیچ چەشنە ڕێکخستن و جوڵانەوەیەکی بە هێز لە نێوخۆی وڵات وەرێ‌بخەن. بەم پێ‌یە بڵێی شوڕای دێمۆکراسی‌خوازانی ئێران بتوانێ قەرەبووی سەرکەوتوو نەبوونی بەرەکانی پێشتر بکاتەوە و ببێتە ئەلترناتیڤکی جێ‌متمانە بۆ تەواوی خەڵکی ئێران؟ ئەویش لە حاڵێکدا کە زۆرینەی دامەزرێنەرانی ئەم شوڕایە هاوکات ئەندام و دامەزرێنەری کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرالێشن!

 بڵێی ئەم ڕێکخراوانەی کە ئەم شوڕایەیان پێکهێناوە بتوانن بانگەشەی نوێنەرایەتی نەک تەواوی ئێران بەڵکوو بەشێ ئەتنیکی خۆشیان بکەن؟ بۆ وێنە ئایا حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشان دەتوانن خۆیان وەکو تەنیا نوێنەر و ئاڵاهەڵگری خەباتی نەتەوەیی گەڵی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێناسە بکەن، ئەویش لە کاتێکدا قەوارەی کۆمەڵگای کوردستان لە بەراورد لەگەڵ سەرەتای شۆڕشی ٥٧ی هەتاویی ئێران، گەلێک گۆڕاوە و بۆتە کۆمەڵگایەکی فرە حیزبی و تەنانەت چوار کۆمەڵە و دوو حیزبی دێموکراتیش بە هۆی دابڕانی ئەندامەکانیانەوە پێکهاتوون؟ بێ‌گومان هیچ حیزب و رێکخراوەیەکی کوردستانی و سەرانسەری بە تەنیایی ناتوانێ ئەم ئیدیعایە بکات و ئەگەریش بیکات بە دوور لە ڕاستی، و تەنیا پرۆپاگەندەیەکی بێ کەڵک و بێ سوود و سەمەرە دەبێت.

بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ بڕیارنامەی شوڕای دێمۆکراسی‌خوازەکانی ئێران دەکرێ ئاماژە بکرێت کە خاڵی ٦ و ٧ ی بڕیارنامەکە لە هیچ حاڵەتێکدا تەبایی لەگەڵ بەرژەوەندی درێژخایەن و پرنسیپی خەباتی هێزێکی نەتەوەیی، بە تایبەتی کورددا نی‌یە.

لە خاڵی ٦ لە پێوەندی لەگەڵ زمانی فارسیدا هاتووە:

“کەڵک وەرگرتن لە زمانی فارسی وەکو زمانی سەرانسەری و پێوەندی لە نیوان تەواوی زمانە جۆراوجۆرەکانی وڵات وێرای بە فەرمی ناسینی زمانی میللیەتەکان لە ئاستی وڵات و ناوچەکانی.”

هەڵبژاردنی زمانی فارسی وەکو زمانی فەرمی یان سەرانسەری لە  وڵاتێک بە ناوی ئێران نەک بە ویست و هەڵبژاردنێکی ئازاد لە لایەن نەتەوەکانی ئێران بەڵکوو بە هۆی داسپاندنی ئیرادەی شوینیستەکانی ئێرانی لە پێناوی دامەزراندنی “یەک وڵات، یەک نەتەوە و یەک زمان” بووە، ئەمەش دژایەتی لەگەڵ تەواوی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤدا هەیە. بەم پێ‌یە پیویست نەبوو لە بڕیارنامەیەکی وەهادا کە زۆربەی ئەندام و دامەزرێنەرانی لە نەتەوەکانی نافارسن هەر لە ئێستاوە و بێ گشتپرسی و بیرو ڕای خەڵک لە کۆمەڵگایەکی ئازاد و فیدڕاڵدا زمانێکی فەرمی دیاریی بکەن! پیویست بوو نوێنەرانی حدک لانیکەم پابەند بە پەسەندکراوی کۆنگرەکەی ١٦ی خۆیان لە پیوەندی لەگەڵ زمانی رەسمی لە فەسڵی چوارەم، خاڵی دووی ماددەی دەهەم بوایەن کە دەڵێ:

“ئەو زمان یا زمانە ڕەسمییانەی بۆ نامە‌نووسین و پێوەندی‌یە ئیدارییەکانی نێوان هەرێمەکان و دەوڵەتی فیدڕال بەکار دەبرێن و هەروەها سیاسەتی زمانی لە ئاستی دەوڵەتی فیدڕاڵدا بە ڕێککەوتنی گشتیی پێکهاتەکانی نێو فێدراسیۆن بڕیاری لەسەر دەدرێ.”

لە خراپترین حاڵەتیشدا دەکرا ئەم بڕیارە دابنێن بۆ سەردەمی پاش رووخانی حکوومەتی ئیسڵامی ئێران. بێ‌گومان دەکرێ لە دادێدا لە ئەزموونی وڵاتەکانی فرە نەتەوەیی فیدڕاڵ کەڵک وەربگیری، بۆ وێنە خەڵکی هەر ئەیالەتێکی فیدڕاڵ بێجگە لە زمانی زگماکی خۆیان فێری یەکێک لە زمانەکانی دیکەی ئێران بن، هەروەها کەسێک کە بۆ کار و ژیان بۆ ناوچەیەکی دیکە ئێران دەچێ فێری زمانی فەرمی ئەو وڵاتە بێ و هتد …! نابێ لە بیربچێتەوە کە گەشەکردنی زمانی فارسی بە حیسابی وەپاشخستن و لەناوبردنی زمان و فەرهەنگی گەڵانی نافارس لە ئێران بەڕێوەچووە. بە درێژایی دەستەڵاتداری پەهلەوی و مەڵاکانی ئێران، نووسەر و شاعیرانی نافارس بە ئیجبار فێری زمانی فارسی بوون و زۆرتر خزمەتیان بە زمانی نەتەوەی چەوسێنەر و داگیرکەر کردوە هەتا زمان و فەرهەنگی نەتەوی خۆیان. منداڵی کورد لە ڕۆژی هەوەڵی مەدرەسەوە مەجبور بە فێربوونی زمانی بێگانە بووە و ئەمە لەباری ڕەوانی‌یەوە کاریگەریەکی نەرێنی لە ژیانی منداڵی و سەردەمی دواتریدا بووە. بێ هۆ نی‌یە کە زۆرینەی خەڵکانی نافارس توانای نووسین و خوێندنیان بە زمانی زگماکی نی‌یە و نەیانتوانیوە بە زمانی خۆیان بخوێنن و پەرە بە گەشەکردنی زمانەکەیان بدەن.

لە خاڵی ٧ هاتووە:

“باوەڕ بە پاراستنی تەواوییەتی ئەرزی و یەکپارچەیی وڵاتی ئێران و پابەندبوون بە بنچینەی بەرامبەری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی میللییەتەکان و گرووپە ئەتنیکی‌یەکانی ئێران.”

ئەم خاڵە دژایەتی لەگەڵ بنەواشەی(پرنسیب) مافی چارەنووسی گەڵان هەتا ئاستی جیایی و پێکەوەژیانی دڵخوازانەی نەتەوەکان لە چوارچێوەی وڵاتێکدا هەیە. چ پێویست دەکات ئێمەی کورد کە بڕوامان بە مافی چارەی خۆنووسین و پێکهێنانی کۆماری کوردستان هەتا ماڤی جیابوونەوە هەیە، بۆ دڵخۆشی هیزە سەرانسەرییەکان لە ئێستاوە پابەندیی خۆمان بە پاراستنی سنوورەکانی ئێران بسەلمێنین و بەڵێنی مانەوە وەک “مرزداران غیور و دلیر” ئێران بدەین!

هەتا کەی بەشێک لە حیزبە کوردییەکان بۆ کار و هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوە ناکوردەکان دەبێ پرنسیبی گشتی خەبات و تەنانەت خاڵەکانی بەرنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەکانی خۆشیان پێشێل بکەن؟ بۆ نابێ هەر لە ئێستاوە لەسەر مافەکانی خۆمان سوور بین و بە پێی جاڕی ماڤی مرۆڤ ڕاشکاوانە باس لە مافی چارەی خۆنووسین هەتا ئاستی جیایی بکەین؟ بێ گومان هەبوونی ئەم مافە بەو مانایە نی‌یە کە ئیستا کورد دەیەوێ جیا بێتەوە، بەڵام پیویستە ئەم خاڵە گرنگە وەکو مافێکی ئینسانی و نەتەوەیی لە هەموو ڕێکەوتنێک لەگەڵ هیزە سەرانسەرییەکان بە رەسمییەت بناسێنرێت. حیزبێکی کوردستانی پێویستە لە ڕوانگەی بەرگڕی لە ماڤی نەتەەوییەوە بچێتە بازنەی ماملە لەگەڵ هێزەکانی دیکەوە، دەنا چ جیاوازیەک لە نێوان حیزبێکی کوردستانی و سەرانسەریدا هەیە!

بێجگە لە سەرانسەری ناساندن زمانی فارسی و پابەندی بە تەمامییەتی ئەرزی ئێران، خاڵەکانی بڕیارنامەی شوڕای دێموکراسی‌خوازانی ئێران لە بەراورد لەگەڵ ویستی بەشێکی بەرچاو لە حیزبە سەرانسەرییەکان یاخود کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی، فیدراڵ شتێکی وەها تازە و سەرنجراکێشی تێدا نی‌یە و هەروکو پێشتر ئاماژەی پێکرا، بە پێچەوانەی بەرنامەی خودی ئەم حیزبانەشە! بۆ وێنە لە بەرنامەی پەسندکراوی حدک لە کۆنگرەی شازدەدا باس لە “وەدیهێننانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدڕاڵ و یەکیەتی داخوازانە و دادپەروەرانەی نێوان نەتەوەکانی ئێران” دەکرێت نەک باوەڕ بە پاراستنی یەکیەتی و یەکپارچەیی خاکی ئێران(بڕوانە خاڵی١ تا ٣، ماددەی یەکەم: ئامانج و پرەنسیپە بنەرەتییەکان).

مافی دیاریکردنی چارەنووس و یەکیەتی داخوازانە بەمانای ڕێژەیی بوونی سنوورەکانی ئێرانە و ئەم مافە بە کورد دەدات ئەگەر پێویست بێت بە پێی ڕاگەیەنراوی مافی مرۆف و ڕای خەڵکی خۆی، جیابێتەوە و کیان و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان پێک بێنێ.

هەروەها، لە فەسڵى دووهەمی ئامانج و ستراتیژى کۆمەڵەی شؤڕشگێرانی کوردستان لە بزووتنەوەى کوردستان، پەسەندکراوى کۆنگرەى نۆهەمى کۆمەڵە، پووشپەڕ – گەلاوێژى  1380 ،ماددەی شەشدا هاتووە:

“….. ئێمە بە پێى جیهان بینى و بەرنامەى سۆسیالیستیى خۆمان، مافى هەموو میللەتانى دانیشتووى ئێران  بۆ دیاریکردنى چارەنووسى خۆیان، یانى ئازادى ئەو نەتەوانە لە جیابوونەوە و پێکهێنانى دەوڵەتى سەربەخۆدا بە رەسمى دەناسین. لە هەمان کاتدا ئێمە خوازیارى یەکگرتنى ئازادانە و برایانەى نەتەوەکانى دانیشتووى ئێران لە پێکهاتەیەکى سیاسیى فیدراتیڤ داین و لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئەم یەکگرتنە بە قازانجى دێمۆکراسى و بە قازانجى جەماوەرى زەحمەتکێشە”.

ئەم بۆچوونەی کۆمەڵە تەبایی لەگەڵ دەقی واژۆکرا لە شوڕای دێمۆکراسی‌خوازانی ئێران نی‌یە. نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە واژۆکردنی ئەم بڕیارنامەیە نەک هەر دەستکەوتێکی وەهایان بۆ گەڵی کورد لە ڕێککەوتنیان لەگەڵ هێزەکانی بێ ناو و نیشانی سەرانسەری و ناوچەیی دەستەبەر نەکردوە بەڵکوو بەرنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەکانی خۆیشیان پێشێلکردوە.

لەکۆتاییدا، پێویستە باس لە خاڵی دووهەمیش بکرێت کە جەخت لە “تێپەرینی ئاشتیخوازنە لە کۆماری ئیسڵامی بە پێی خەباتی دێمۆکراتیکی شارستانیانە” لە ئێران دەکات. بێ‌گومان هیچ حیزب و نەتەوەیەک پێی ناخۆش نی‌یە بتوانێ بە شێوەیەکی ئاشتی‌خوازانە دەستەڵات بگۆڕێت. کەمتر دەستەڵاتدارێکیش هەیە کە بە خۆشی و رزامەندی خۆی حکوومەت ڕادەستی ئۆپۆزیسیۆن بکات. هێزێکی سیاسی سەرەرای ئەوەی کە هەوڵی خۆی دەدات لە تەواوی شێوەکانی شارستانیانە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کەڵک وەربگرێت هاوکات خۆیشی ئامادە دەکات لە ڕۆژی پێویستدا لە شێوەکانی دیکەی خەبات وەکو شەری چەکدارانە کەڵک وەربگرێت. حیزبێکی سیاسی بە پێی بارودۆخ و گۆڕانکاریی و لاسەنگی هێز، شێوەی خەباتی خۆی هەڵدەبژێرێت و خۆی لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا قەتیس ناهێڵێتەوە. لە ڕاستی‌‌دا ئەگەر ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران باوەریان بە خاڵی دووهەمی ئەم بڕیارنامەیە هەیە، جێی خۆیەتی تێبکۆشن هەرچی زووتر خۆیان لە چوارچێوەی حیزبێکی سیاسی – نیزامی دەرباز بکەن و ببنە هێزێکی سیاسی – مەدەنی!

بریا حیزبە کوردستانی‌یەکانمان، کە ئاوا لەبەرامبەر ڕێکخراوەکانی سەرانسەری و هتدی ناکورددا پاشەکشە لە بەرنامەکانی پەسەندکراوی کۆنگرەکانیان دەکەن، بیانتوانیایە بە دوور لە پاوانخوازیی و بەرژەوەندی تاکەکەسی و …، لەسەر چەند خاڵێکیش پێکەوە ڕیکەوتبان و سەرەتا بە پێکهێنانی بەرەیەکی کوردستانی بەرەو پیری هاوکاری و دانوستان لەگەڵ هێزەکانی سەرانسەری و ناکورد ڕۆیشتبان.

پێشینیان گوتەنی: “تا ماڵ بیهەوێ لە مزگەوت حەرامە!”

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.