پێشەوای شۆڕش و خەبات و گیانفیدایی قازی محەمەد

0
1709
ئەلبورز ڕووئین تەن

نوسینی ئەلبورز ڕۆئین تەن

مێژووی مرۆڤایەتی زۆری ڕێبەری بە خۆی دیتوە بەڵام شایەدی کەم پێشەوا بوە چەمکی پێشەوا لە لای من گەورەتر لە ڕێبەر و بەڕێوەبەرە. پێشەوا پێشڕەوی هەنگاو نان بەرەو مروڤایەتی ئەندازیاری دانانی بناغەی شارستانی نوێ کە مێژوی کۆمەڵگای مروڤایەتی بەرەو تەواو بونێکی ئیدەئاڵ دەبات. پێشەوا هەموو خسلەتەکانی ڕێبەرایەتی و قەهرەمانێکی نەتەوەی لە خۆی دا هەیە لە هەمان کاتیش لە گیانفیدای و خۆبووردەی لە پێناو ئامانجی گەل دا لە بەرەی هەرە پێشەوە دان.

کوردیش لە پێشەوای وا بێبەش نەبوە خاوەن پێشەوای وا بوە کە هەموو ژیانیان لە بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگای خۆیان کردە قوربانی. بۆ کورد پێشکەوتن تا ئەمڕوش هەر لە بناغە دا قەتیس ماوە. بناغەی هەر پێشکەوتنێک ئازاد بونێتی ئازاد بونەکەی وا لە مرۆڤ دەکا کە بگاتە ئەو نرخەی کە هەیەتی تا بەرەو پێش چونی مانای ڕاستەقینە هەبێت. هەر بۆیەش پێشەوای نەتەوەی کورد هەموو ژیانی قوربانی کردوە تا بە دانانی ئەو بناغەیە رێچکەی پێشکەوتن بگرنە پێش.

پێشەوای کورد قازی محەمەد لە مێژووی کورد و مرۆڤایەتیدا هەموو ئەو خسلەتانەی سەرەوەی لە خۆ گرتووە، لەوانەیە لە بەختی کورد بونیان بێ کە ئەمڕۆ لە ڕێزی ماندێلا یا گاندی لە کۆڕو کوبونەوەکانی دونیا ناوی نیە .ئەگی نا لە کردەوە دا بەڵکو زیاتر خزمەتیان بە گەل و کۆمەڵگایان نەکردبێ قەت کەمتر نەبووە. پێشەوا قازی دەتوانرێت لە زۆر رووە بکرێ بە سەر مەشق و لە هەمان کات لە زۆر رووە بوە چەقی گۆڕانکاری کۆمەڵگاو مامۆستایەک بوو کە زۆر وانەی بۆ گەلەکەی بە جێهشت. ئێمەی کورد بە داخەوە لە هەڵگرتنی پەندی وا زیرەک نەبووین ئەگەر تەنیا وەسیەتەکەی کردەوەکانی بکەین بە چرای ڕێگامان دەتوانین زۆر هەنگاو بەرە پێش بەرین.

پێشەوا قازی وەک کەسایەتی ڕۆشنبیر و فەرهەنگی ساتی خۆی زۆر هەوڵی پێشکەوتنی زانست و مەعریفەی کوردی داوە بەردەوام لە هەر سوچێ بێت خزمەتی خوێندکار و توێژی زانست پەروەر کردوە هانیانی داوە ناردنی قوتابیان بۆ دەرەوە کردنەوەی قوتابخانە بە زمانی دایک و پەرە پێدان بە ئەدەبیات و شیعری کوردی دەرکردنی ڕۆژنامە و گۆڤار هەمووی ئەوانە بە هەوڵ و هاوکاری و پشتیوانی پێشەوا کران هەر بۆیەش پێشەوا ڕۆشنبیر و کەسایەتی فەرهەنگی زەمانەی خۆی بوە کە نە تەنیا لە ژیانی دا بەڵکو بە بەرهەمهێنەر بوە بۆ کۆمەڵگای کورد کە لە وەسیەتەکەشی دا دەڵێ منداڵەکانتان فێری زانست عیلم بکەن تا کورد پێشکەوێ.

پێشەوا نمونەی ڕێچکە شکێنی بوە لە سەردەمی خۆی دا بەڵام ئەوەی پێشەوای جیاواز دەکاتەوە لە هەموو ڕێچکە شکێنێک ئەوە بوو کە باڵانسێکی وای دانا بوو کە هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی کە دەکات لە لایەن کۆمەڵگاوە پەسند دەکرێن لە هەمان کاتیش دا خۆی پێش ڕەوی ئەنجامی ئەو گۆڕانکاریانە بوە سەڕەرای کەسایەتی ئاینیەکەی بەڵام توانیوتەی کۆمەڵگا بە یاساو ڕێسای سەردەمی پێشڤەچون ئاشنا و هەوڵی ئەو جێبەجێ کردنی ئەو ڕێسایەنە لەو سەردەمە دەکات لەوانەیە بۆ ئێستا ئەو هەوڵانەی ئەوکاتی هەندێ بابەتی ئاسای بن بەڵام بۆ کۆمەڵگایەکی دونیایی سێیەمی سەردەمی شەڕی دووەمی جیهانی ئەو پەڕی ڕێچکە شکێنی بووە لەوانەش دەتوانین بە هێنانی ژنان بۆ گوڕەپانی سیاسەت و کار و خەبات بێت یا هەوڵی پێکەوە ژیانی پێکهاتە جیاوازەکان و زۆر شتی تر بێت.

پێشەوا خاوەن کاریزمای ڕێبەرایەتی بوە لە سەردەمی ئەو دا هەتا هەندێک جار ئێستاش بۆ بەدەست هێنانی ئەو کاریزمایە دەبێ خاوەن هێزێکی چەکداری یا عەشیرەتی یا لانی کەم موڵک و مادیەت بێ بەڵام پێشەوای کورد تەنیا خاوەن هێزی زانست و دادی کۆمەڵایەتی بوە واتە ئەو کاریگەریە زۆرەی کە هەیبوە لە عەشیرەتی یا ژمارەی کەسە چەکدارە خزمەکانی نەبوە بەڵکو لە ڕوی هێزی عەقلانی بوە کە پێشەوا هەیبوە دمەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر دەستی ئەو وای کرد کە لە کاریزمای خۆی کەڵک وەرگرێ بۆ رێکخستنی کۆمەڵگا چونکو پێشەوا بوونی نەک لە سەر ئارەزوو مەیلی بۆ ڕێـەرایەتی بەڵکو لە سەر بناغەی پێداویستی گەل بۆ زانایاتی و دادی ئەو بوە هۆی ئەوە کە ببێ بە پێشەوای گەل. گەورەی پێشەوا کاتێک دەردەکەوێ کە لە هەموو قوناغەکانی خەباتیشی دا سەڕەرای ئەو کاریزمایە بڕیارەکانی بە تایبەتی بڕیارە چارەنوس سازەکانی لە ڕێگەی راوێژی زۆرترین کەسەوە دەیدا ئەوەش نیشان دەدا کە تەنیا غەمی پێشەوا کورد و داهاتووی بوو نەک شتی تر.

پێشەوای کورد دیپلۆماتێکی سەرکەوتووی کورد بوو کە بە زانینی زمان و فەرهەنگی بێگانە دەیتوانی ببێ ە پردی بێگانە لە هەمان کاتیش دا موکڕ بێ لە سەر داواکاری بە دانانی پەیوەندی لە گەڵ هێزەکان هیچ کات لە داخوازی ڕەوای گەلەکەشی بۆ یەک سانیەش پاشگوێ نەخست هەر ئەوەش وایکردبوو جیاوازی لە نێوان کۆماری کوردستان و حکومەتی ئازەبایجان هەبێ یەکێکیان ڕەنگی هێزەکانی پێوە دیار بێ یەکێکی تر ڕەنگدانەوەی ویستی نەتەوەکەی بێت. لە درێژەی کوبونەوەکانی قازی لە تاران لە گەڵ قوام یەک خاڵ لە داخوازیەکانی گەل نەکردە قوربانی ئەوەش بۆ دیپلۆماتێکی زانا دەگەڕێتەوە کە ڕێبەرایەتی وەفدەکانی دەکرد.

پێشەوا لە هەموو ژیانی دا نمونەی تاکی کورد و پێشەوای مێژوی ماف خوازی کوردە پێشەوا ئەوەندە گەورە بوو کە بە مەرگی خۆشی وانەیەکی پڕ لە ناوەڕۆک بوو بۆ گەلەکەی بە مردنی زۆر چەمکی لە خەباتی مێژوی گەلی بۆ هەمیشە زیندو ڕاگرت هەر بۆیەش باشترین ڕۆژ بۆ ڕێز گرتن لە شەهید و ناوهێنانی وەک ڕۆژی شەهید ڕوژی ۱۰ خاکەلێوەیە کە ڕوژی لە سێدارە دانی پێشەوامانە کە دەڵێ سەر بەرزم ئەمڕۆ ژیانم پێشکەشی خاک و گەلەکەمان دەکەم بۆیە لە ڕۆژێک دا کە پێشەوای پێشمەرگە لە پێناو وڵاتەکەی بە چاوی کراوە بە سەربەرزی گیانی فیدا دەکات رۆژی هەموو شەهیدانی کورد و کوردستان بێت کە لە پێناو وڵات دا مردن بە سەرکەوتن دەزانن.

پێشەوا خەباتی کەسایەتی و ژیان و مەرگی شایانی زۆرترین بابەتی لێکۆڵینەوەو وەرگرتنی وانەی مرۆڤایەتی و کوردایەتیە بەڵام دێرەکانی وەسیەتی ئەمڕو زیاتر لە هەر ڕۆژێک دەتوانێ بە کەڵک بێ بۆ خەباتمان پێشەوا باش دەزانی کە هۆکاری سەرنەکەوتنی کورد و یەکگرتوو نەبونیەتی و فریوی دوژمنیش دەخوات بۆیە زۆر جەخت دەکات کە ڕۆڵەکانی کورد یەک بن و فریوی دوژمن نەخۆن . ئەوەی ئەمڕو لە گۆڕەپانی سیاسەت دەبینین هەردو خەساری بەدی دەکرێ هەر بۆیەش وردبونەوە لەو دێڕانەی وەسیەتی زۆر پێویستن. لە هەمان کاتیش دا پێشمەرگەی قەهرەمان ئەمڕو بە هەمان ورەوە بۆ سەلماندنی ئەو وتەی پێشەوا کە دەی گوت لە تنۆکی خوێنم هەزاران قازی دروست دەبێ لە چیاکانی کوردستان خەریکی سەر لە نوێ ڕاسانێکی ترن تا لە جیاتی ژیانی بن دەستی گیانفیدای لە پێناو ئازادی هەڵدەبژێرن بەشێک بوون لەو پێشمەرگانە یا پشتیوانی کردنیان ڕێز گرتنە لە پێشەوامان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.