پێشوازی نێچیرڤان بارزانی له‌ مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئامریكا له‌ هه‌ولێر

0
654

ڕۆژی كورد :
سه‌ر له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئامریكا له‌ سه‌ردانێكی كتووپڕدا گه‌یشته‌ هه‌ولێر و له‌ لایه‌ن نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و شاندی هاوڕێی به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكرا. حه‌یده‌ر عیبادی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر عێراق ئه‌ڵێت به‌غدا پێته‌ختی عێراقه نه‌ك هه‌ولێر!

له‌ سه‌ردانێكی ناكاو و ڕانه‌گه‌یه‌ندراو، مایك پێنس جێگری سه‌رۆك كۆماری ئامریكا سه‌ر له‌ ئێواره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٣ی نوامبر گه‌یشته‌ هه‌ولێری پێته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و له‌ لایه‌ن ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی و شاندی هاوڕێی پێكهاتوو له‌ مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی ئه‌نجۆمه‌نی وه‌زیران و قۆباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجۆمه‌نی وه‌زیران و چه‌ن كه‌سی دیكه‌ له‌ ئه‌ندام پاڕله‌مانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ گه‌رمی پێشوازی لێكرا و هاتنی ناوبراو بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ لایه‌ن نێچیرڤان بارزانیه‌وه‌ به‌ ده‌سكه‌وتێكی باش و به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ پاڵپشتی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ناوبرا.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ درێژه‌دا سپاسی ئامریكای كرد بۆ پشتیوانی و پاڵپشتی و هاوكارییه‌كانیان بۆ تێكشكاندنی هێزه‌كانی داعیش له‌ عێراقی فێدراڵ و هه‌رێمی كوردستان و داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئامریكا و دۆناڵد تڕامپ، سه‌رۆك كۆماری ئامریكا كرد كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ هاوكاری و پاڵپشتی كردنیان. له‌ به‌رانبه‌ریش دا مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئامریكا سپاسی نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ پێشوازی كردنی به‌ گه‌رمی و سڵاوی دۆناڵد ترامپی به‌ نێچیرڤان بارزانی و شاندی هاوڕێی ڕاگه‌یاند.
له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌، حه‌یده‌ر عیبادی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سر به‌ توندی ئیدانه و سه‌ركۆنه‌‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی مایك پێنسی بۆ هه‌ولێر كرد و به‌ توانج لێدانه‌وه‌ له‌ هه‌مبه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ی ناوبراو وتیشی : به‌غدا پێته‌ختی وڵاتی عێراقه نه‌ك هه‌ولێر! دواتر مایك پێنس له‌ پێوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فوونی له‌ گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی فێدراڵ داوای له‌ ناوبراو كرد توند و تیژی به‌رانبه‌ر خۆپیشانده‌ران نه‌كرێت و داواكارییه‌كانیان جێبه‌جێ بكرێت كه‌ له‌و باره‌یه‌ ناوبراو دڵنیایی و متمانه‌ی داوه‌ته‌ جێگری سه‌رۆكی ئامریكا و هاوكات نیگه‌رانی خۆی له‌ جموجووڵه‌كانی ئێران له‌ وڵاتی عێراق خستووه‌ته‌ روو و داوایكردووه‌ كه‌ ئه‌و چالاكیانه‌ سنووردار بكرێت و پێشی پێ بگیردرێت.
مایك پێنس هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌ به‌هێزكردنی پێوه‌ندییه‌كانی نێوان كورد و ئامریكا كردووه‌ و به‌ ناوی ئیداره‌ی تڕامپه‌وه‌ دڵنیایی و خاترجه‌می ته‌واوی داوه‌ته‌ كورد كه‌ پارێزگاری له‌ پێوه‌ندی مێژووی نێوان كورد و ئامریكا ده‌كه‌ن و پشتیوانی خۆی و وڵاته‌كه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ دووپاتكرده‌وه‌.
پێشتریش ساڵی پێشوو، دۆناڵد تڕامپ سه‌رۆك كۆماری ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌ نهینی سه‌ردانی وڵاتی عیراقی كردبوو و له‌ گه‌ڵ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی وڵاتی چاوثیكه‌وتنی پێكهێنابوو ، دواتریش به‌ بێ ئه‌وه‌ی چاوپێكه‌وتن له‌ گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای به‌غدا پێك بهێنێت، ئه‌و وڵاته‌ی به‌ جێهێشتبوو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.