پیلانەکان بۆ لەناوبردنی گەڕەکی کوچەباغی شنۆ سەریهەڵداوەتەوە/ژینگەپارێزان لە هەمبەری دەوێستنەوە

0
903

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە باژێڕی شنۆ، دوای ئەوەی کە پیلانی چەند کەسێکی بازرگان و دژ بە ژینگەی کوردستان لە ماوەی بەهاری ڕابردوو بۆ تێکدانی گەڕەکی کوچەباغی شنۆ کە تەنیا شوێنی گەشتیاریی ناو شاری شنۆیە، بەهۆی دژکردەوەی چالاکانی ژینگەپارێز و خەڵکی شاری شنۆ بە ئەنجام نەگەشیت، ئەو پیلانە جارێکی تر و لە ژێر ناوی سازکردنی مزگەوتێک، سەریهەڵداوەتەوە.

بیانووی سازکردنی مزگەوتێک بۆ تێکدانی تەنیا شوێنی  گەیشتیاریی باژێڕی شنۆ، بە مەبەستی فرۆشتن و پارچەپارچەکردنی ئەو شوێنە گەشتیارییە، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی ئەو باژێڕەی لێکەوتۆتوە و بە پیلانی دەزانن.

گەڕەکی “کوچە باغ” کە دەگوترێ تەنیا شوێنی گەشتیاریی ناو باژێڕی شنۆیە، خەریکە لە لایەن چەند کەسێکەوە لە ژێر ناوی سازکردنی مزگەوتێک، تێکدەڕووخێندرێت و هەر وەک لە وێنەکەشدا دەردەکەوێ چەند کەسێک سەرقاڵی داڕشتنی پیلانی بینای مزگەوەتێک لەو شوێنەن ئەوە لە حاڵێکدایە کە باژێڕێکی بچوکی وەک شنۆ ٣٠ مزگەوتی تێدایە.

هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە باژێڕی شنۆ لەمبارەوە گوتی: “مەودای نێوان کوچە باغ و شوێنی نیشتەجێ بوون ناوباژێر تەنیا یەک شەقامە و بە گوێرەی زانیارییەکان خاوەن باغەکە بە نیازی پێدانی هەندێک زەوی لەو باغە بۆ مزگەوت هەم خۆی خێرخواز نیشان بدات و هەمیش لە دوای ئەوە ڕێگا بکاتەوە بۆ دابڕدابڕکردنی ئەو شوێنە گەشتیارییە و فرۆشتنی و لە ئەنجامدا لە ناوچوونی تەنیا شوێنی گەشتیاریی ناو باژێڕی شنۆ”.

ئەو پیلانە کە ئەنجامەکەی لە ناوچوونی خۆشترینی شوێنی ناو باژێڕی شنۆیە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ناڕەزایەتیی بەرینی هاووڵاتیانی باژێڕی شنۆی لێکەوتۆتەوە و داوا لە ڕدێن سپی و بەرپرسان دەکەن پێش بە سەرگرتنی ئەو پیلانە بگرن.

ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی “ژینکۆ”ـی شاری شنۆ پێشتر لە ڕاگەیێندراوێکدا دژایەتیی خۆی لەگەڵ ئەو پیلانە ڕاگەیاندبوو و مەحکوومی کردبووە.

گەنجێکی شنۆیی لەمبارەوە ۆ ناوەندی ڕۆژی کورد دوا و گوتی: “ئەوە بۆ دووهەم جارە کەوا خەریکن تەنیا جێی گەشتیاری شارەکەمان لەناودەبەن ئەویش بەبیانووی  چێکردنی مزگەوت، بەڵام لەپشت ئەم بیرۆکەیە بیرۆکەیەکی چەپەڵ هەیە، چون بەدرێژایی ئەم سەدەیە هەر شوێنێک خاوەن مڵکەکان بۆ وەنرخ کەوتنی و فرۆشتنی کۆشابن، یان مزگەوت یان قوتابخانەیان لێ چاکردووە تا بەدوای وی دا شوێنەکە بەتەواوی بگۆڕن. مزگەوت جێی ڕێزە بەڵام لەشارێکی وەک شنۆ کە نزیک ۳۰ مزگەوتی هەیە چ پێویست بە چاکردنی لەم شوێنە دەکا؟ ئیسلام باس لەوە دەکات کە دار وەک مرۆڤ وایە کە نابێ ببڕدرێت، کەوابوو ئەم بیرۆکەیە؛ بیرۆکەیەکی توندڕەویه کە خەریکی قڕکردنی ئەم هەمۆ داروو درەختەیە.”

چالاکێکی ژینگەپارێزیی شاری شنۆش، وێڕای داوای پشتگیری کردن لە بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە و هەوڵەکان لەمبارەوە لەلایەن ناوەندی ڕۆژی کورد گوتی: “تێکدانی ئەو شوێنە گەشتیارییە و بە گشتی تێکدانی ژینگەی شارەکەمان، هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک ئیزن نادەین، بازرگانان لە ژێر ناوی چاکەکاری و خواپەرەستی یان هەر ناوێکی تر، پیلان بۆ شارەکەمان بگێڕن و مەرگی ژینگەمان بۆ بە دیاری بێنن”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت