پیرۆزبایی نەوڕۆژانەی ترامپ: هیوای ئازادی بۆ خەڵکانی ئێران دەخوازم

0
918

دۆناڵد تڕامپ، سەرۆک کۆماری ئامریکا بەبۆنەیی جێژنی نەورۆزەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە هەمان کاتیشدا ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی دەوڵەتی ئێران و سپای پاسداران کرد.

ڕۆژی کورد: دۆناڵد تڕامپ، سەرۆک کۆماری ئامریکا ڕۆژی دووشەممە ۱۹ی مارس، لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی نەورۆزەوە ئاڕاستەی خەڵکی ئێرانی بە گشتی کردبوو و پیرۆزبایی ساڵی نوێی لێکردوون لەگەڵ ئەوەشدا بەتوندی هێرشی کردە سەر سپا و دەوڵەتی ئێران.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، لە پەیامەکەی تڕامپدا هاتووە: لە جێژنی نەورۆزدا هیوای شادی بۆ میلیۆنان خەڵک بە ئاواتەخوازم.

ئەو لەم پەیامەدا وەبیری هێنایەوە: خەڵکی ئێران لەژێر دەسەڵاتی حاکمانێکی زاڵمدان کە بەجێگای ئەوەی لە خزمەتی خەڵکی خۆیاندابن، خزمەتی خۆیان دەکەن.

تڕامپ لە بەشێک لە پەیامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: سپای پاسداران ئەرتەشی گەندەڵە کە هەموو داراییەکانی خەڵکی ئێران دەدزێت تاکوو بۆ هێرشە تیرۆریستیەکانی دەرەوەی وڵات بەکاری بێنێت.

تڕامپ نووسیویەتی، دەسەڵاتدارانی ئێران لە شەش ساڵی ڕابردوودا بڕی ۱٦ میلیارد دۆلاریان خەرجی پشتیوانی لە بەشار ئەسەد کردووە، ئەمە لە کاتێکدا لە دە ساڵی ڕابردوودا خەڵکی ئێران بەشێوەی نێوەنجی ۱۵ لەسەر سەد هەژارتر بوون و نزیک بە سی لە سەدی لاوانی ئێران بە گشتی بێکارن.

تڕامپ هەروەها سپاس پاسدارانی تاوانبار کردووە کە بەهۆی دەستدرێژی و زاڵ بوون بەسەرپڕۆژەکانی بەنداو لەئێراندا بوون بەهۆی درووستبوونی وشکساڵی و تەنانەت وشک بوونی گۆلی ورمێ و هەروەها درووستبوونی خۆڵ و تەپووتۆز.

تڕامپ کە چەندینجارە هەڕەشەی دەرچوون لە ڕێکەوتنی ناوکیی دەکات، لە پەیامە نەورۆزییەکەی خۆیدا سپای بە ئەرتەشێکی ئاژاوەگێر خەمڵاندووە کە خەڵکی ئێران سەرکووت دەکات و داراییەکانیان دەدزێت بۆ ئەوەی لە دەرەوە کاری تیرۆریستی پێ ئەنجام بدات.

دۆناڵد تڕامپ لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە دۆعاکەی داریۆشی هێخامەنێشی یەکێک لە پاتشاکانی ئێرانی باستان کرد کە داوای لە خوای گەورە کردووە ئێران لە هێرشی ئەرتەشە داگیرکەرەکان درۆ و وشکساڵی بپارێزێت کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە هەرسێ مەترسییەکە ناوبرد.

سەرۆککۆماری ئامریکا لە پەیامەکەی خۆیدا سەبارەت بە سپای پاسداران دەڵی: بۆ پشتیوانی لە حکومەتی بەشار ئەسەد و تیرۆریستەکانی نێوخاکی سووریە و عێراق و هەروەها یەمەن، ۱٦ میلیارد دۆلار دارای خەڵکی ئێران لەلایەن سپاوە خەرج کراوە. ئەو سپای پاسدارانی بەهۆکاری هەژاری خەڵکی ئێران زانی و گوتی کە سپا دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژێربینای ئابووری خەڵکی ئێران وێرانتر بێت و مافە مەدەنیەکانیان زەوت دەکات.

تڕامپ لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەنووسێ: لەگەڵ ئەوەیدا کە خەڵکی ئێران سەرکووت دەکرێن بەڵام لە هەوڵدان بۆ ئازادی ڕاناوەستن، ئەوان لە چاوەڕوانی بەهاری ئومێددان و دەوڵەتی ئامریکا ڕێز لە ویست و خواستی خەڵکی ئێران دەگرێت و بۆ هەبوونی حکومەتێکی سێکولار و خەڵکی هەمووکات پشتیوانیان دەکات.

ئەو هەروەها لە بڕیارێکی نوێیدا بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی ئامریکا داوای کردووە کە خەڵکی ئێران بۆ بەدەست هێنانی زانیارییەکان بێبەش نەکەن.

سەرۆککۆماری ئامریکا هەروەها سپای پاسداران و دەوڵەتی ئێرانی تاوانبارکرد بەوەی کە لە هێرشە سایبێریەکانیاندا لە دەرەوەی وڵات هۆکاری سەرکووتی خەڵکی ناڕازی نێوخۆی ئێران بوون.

دۆناڵد تڕامپ لە پەیامە نەورۆزییەکەی خۆیدا گوتی: لەلایەن خەڵکی ئامریکاوە، ساڵی نوێ ساڵی زاڵبوونی ڕۆشنایی بەسەر تاریکاییدا دەبێت و خەڵکی ئێران دەستیان بە ئازادی و ئاسایش ڕادەگات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.