پۆمپێئۆ ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ وتووێژ لە گەڵ ئێران بە بێ هیچ پێش مەرجێک ڕاگەیاند

0
558

رۆژی كورد :
لە بەرەبەرەی سەفەری سەرۆک وەزیری ژاپۆن بۆ ئێران بە مەبەستی ناوبژیوانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئامریکا، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند وڵاتەکەی بۆ دانیشتن و وتووێژ لە گەڵ بەرپرسانی ڕژیمی ئێران بە بێ هیچ پێش مەرجێک ئامادەیە. هاوکات حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری  ئێران پێش لە ئێستا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ ڕەزامەندی خۆی ڕاگەیاندبوو.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ئامادەبوونی خۆی بۆ پێکهێنانی وتووێژێکی هاوبەش بە بێ هێچ پێش مەرجێک لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاندووە. مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢ حوزەیران لە وڵاتی سویسرا ڕوو لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند : ئێمە ئامادەین بۆ دانیشتن و وتووێژ کردن لە گەڵ ئێوەدا. هاوکات جەختی لە سەر ئەوەش کرد کە ئامریکا بەردەوام ئەبێت لە بەرەنگاری دژی کردەوە شەرخوازانەکانی ئێران.
لە لایەکی دیکەش حەسەن ڕووحانی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئێران شەوی شەممەی ڕێکەوتی ١ حوزەیران باسی لەوە کردبوو کە وڵاتەکەی خاوەن بیرکردنەوەیە و ئامادەن بۆ وتووێژ بە مەرجێک لە گەڵ ڕێزگرتنی تەواو و لە چوارچێوەی یاساکانی نێونەتەوەیی وتووێژ و دانیشتنیان لە گەڵ بکرێت نەک ئەوەی ئەمری وتووێژیان بۆ دەربکرێت.
پۆمپێئۆ ڕۆژی یەکشەممە لەنێوان سەفەرەکەی بۆ وڵاتی سویسرا لە گەڵ ئیگناسیۆ کاسیس وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە دیدار و چاوپێکەوتنیان کرد و لە پێوەندی لە گەڵ بابەتەکانی ئێران وتووێژیان کرد. وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سویسرا ڕایگەیاند لە نێوان ئەم وتووۆێژانە دا لە سەر پرۆگرامەکانی ناردنی خواردەمەنی و دەوا و دەرمان بۆ ئێران کە بایکۆتەکانی ئەم دواییانە لە خۆ ناگرێتەوە باس کراوە.  هەر لەم پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی وڵاتی سوییس ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئەیەوێت پشکێکی گرینگی بێت لەوەی کە جەماوەری ئێران نەکەونە ژێر گوشارەکانی بایکۆت و سەرەکی ترین پێداویستیەکانی ڕۆژانەی ئەوان دابین بکات.
شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن بڕیار وایە لە ڕوژانی نیوەی مانگی حوزەیران بەرەو وڵاتی ئێران بەڕێکەوێت و لە گەڵ عەلی خامنەیی ڕێبەری ئایینی ئەو وڵاتە چاوپێکەوتن و وتووێژ بکات. شینزۆ ئابێ کە حەوتووی ڕابردوو چەن وتووێژی لە گەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا پێک هێنا، هیوادارە بتوانێت وەکوو نێوانجییەکی باش کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئامریکا و کۆماری ئیسلامی سەرکەوتووانە کۆتایی پێ بهێنێت. دوابەدوای ئەم وتووێژانەی ئابێ لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئامریکا دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند وڵاتەکەی ئامادەی وتووێژە و بە تەمای لەناوبردنی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی نیە.
عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری ئایینی ئێران ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا به‌ ڕاشكاوی ته‌واو ڕایگه‌یاندبوو كۆماری ئیسلامی به هیچ جۆرێك و هه‌رگیز له‌ گه‌ڵ ئامریكا وتووێژ ناكات ئه‌و جه‌ختی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كردبوو كه‌ بابه‌ته‌كانی نامووس په‌ره‌ستی و سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌كه‌مان هیچ كات ناتوانێت ببێته‌ ته‌وه‌ری وتووێژه‌كان. رێبه‌ری ئایینی كۆماری ئیسلامی شه‌وی چوارشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٩ ئایار به‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ی وتووێژ دوایین رێگاچاره‌ی ئامریكایه‌ بۆ ته‌واوكردنی ستراتێژی گوشار بۆ سه‌ر ئێران، باسی له‌وه‌ كرد ته‌نیا رێگای به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ریان ئامرازی گوشاری خۆی به‌كار بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی گوشاره‌كانی سه‌ر خۆی كه‌م بكاته‌وه‌. پێده‌چێت سه‌رۆك وه‌زیرانی ژاپۆن هه‌ڵگری په‌یامێكی گرینگ بێت له‌ لایه‌ن ترامپ بۆ خامنه‌یی رێبه‌ری ئێران.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئامریكا ساڵی ڕابردوو به‌ ڕاگه‌یاندنی رێگاچاره‌یه‌كی نوێی ئامریكا له‌ به‌رانبه‌ر ڕژیمی ئێران ١٢ مه‌رجی سه‌ره‌كی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئامریكای بۆ پێكهاتن له‌ گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی داخوازیه‌كانی ئامریكای به‌ كۆماری ئیسلامی ڕاگه‌یاند كه‌ به‌ جورێك داوای گۆڕینی شێوازی كرده‌وه‌ی ئێرانیان كردبوو. بڕێك له‌م مه‌رجانه‌ وه‌كوو ڕاگرتنی پشتیوانی ئێران له‌ تێرۆریسمی و خۆڕاگری له‌ چالاكی تێكده‌رانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ وه‌كوو پشتیوانی له‌ حیزبۆڵای لۆبنان و ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچه‌كه‌یه‌. هاوكات ئامریكا له‌ ده‌سپێكی ساڵی نوێی هه‌تاوی ١٣٩٨ سۆپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی خسته‌ ناو لیستی گرووپه‌ تێرۆریستیه‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌. ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار بوو كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئامریكا هێزی سه‌ربازی ولاتێك بخاته‌ ناو لیستی گرووپه‌ تێروریستیه‌كانی هاوشێوه‌ی ئه‌لقاعیده‌ و داعیش.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.