پرۆژەی نوێی بەھمەن قوبادی بۆ منداڵان بە ناوی “منداڵانی ھەتاو”

0
1198

ڕۆژی كورد: كۆمپانی “مژ فیلم” پرۆژەیەكی نوێی بۆ یارمەتی منداڵانی كورد بە ناوی “منداڵانی ھەتاو” رێكخستووە،

لە چوارەچێوەی ئەم پرۆژەیە دا زیاتر لە 240 جۆر ھۆنراوە و چیرۆك و شیعری كوردی بۆ منداڵان بەرھەم ھاتووە كە بێ بەرامبەر بە سەر منداڵاندا دابەش دەكرێت.

بەھمەنی قوبادی دەرھێنەری ناوداری سینەما ئاماژەی پێكردووە بە ھۆی كەمبوونی بابەتی شێعر و چیرۆكی تایبەت بە منداڵان بە زمانی كوردی بڕیاری داوە گروپێك بۆ كۆكردنەوە و بەرھەمھێنانی ھۆنراوە و چیرۆكی شادی منداڵان پێكبھێنێت و كۆمەڵێك بابەت بۆ منداڵان بەرھەم بھێنێت.

ئەم گروپە چەندین كەسی بەتوانای شاعیر، نووسەر، دەرووناسی، وەرگێر و شارەزای مۆسیقای لەخۆگرتووە كە ھەموویان لە لایەن بەھمەنی قوبادییەوە ھەڵبژێردروان و دواتر دەستیان بە بەرھەمھێنان كردووە كە تا ئێستا ئەم بەرھەمانەی ئامادەیان كردووە زۆرتر لە 120 ھۆنراوە و 120 چیرۆكی تایبەت بە منداڵان كە بابەتی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی تێیدا رێكخستراوە و بە شێوەی گۆڕانی و بابەتی شاد له‌گه‌ڵ مۆسیقا ئامادە كراوە،

شایانی باسە ئەم پرۆژەیە تەنیا ئەم 240 بەرھەمە لە خۆ ناگرێت و لە داھاتوودا چەندین پاكەیجی تر لە درێژەی ئەو ئامانجانەمان ئامادە و بڵاو دەكرێت.
به‌ وته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمپانی مۆژ فیلم یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم پرۆژەیە پێكھێنانی بارودوخێكی شاد لە دەروونی منداڵانی كورد و گەرانەوەیان بۆ دونیای منداڵی خۆیانە، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵانەی لە ناوچە جەنگییەكان و ھەژارنشینەكان (ئەم گوند و ناوچانەی دوورن لە خزمەتگوزاری) دەژین، ئامانجمانە ئەم بەرھەمانە بە دوورترین شوێن، ناوچە بێ خزمەتگوزارییەكان و منداڵانی گوندنشین و پەراوێز خراو بگات و لە ئامانجەكانیتری ئەم پرۆژەیە قەرەبووی كەمی ھۆنراوە و چیرۆكی شادی تایبەت بە منداڵانە بە زمانی كوردی و ئەم پرۆژەیە دەستپێكێكی باشە بۆ پركردنەوەی ئەم بۆشاییە.


به‌رێوه‌به‌رانی پڕۆژه‌كه‌ ده‌ڵێن: ھیوادارین ئەم پرۆژەیە بارودۆخێكی لەبار دروست بكات تا منداڵانی كورد لەگەڵ ھۆنراوە و چیرۆكی كوردی ئاشنا بن و ئەم پرۆژەیە رۆژێك ھیندە بەربڵاو بێت و گەشە بكات كە بزووتنەوەیەكی فەرھەنگی و پەروەردەیی بۆ منداڵانی كوردستان دروست ببێت.
بەھەمەنی قوبادی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم بابەتە ئاماژەی به‌وه‌ كرد و وتی : داوا لە ھەموو ئەو كەسانە دەكەم كە لە ھەر پلە و پۆست و پیشەیەك دا خزمەت دەكەن بەتایبەت ئەو كەسانەی لە گوندە دوورەكان مامۆستا و یا پزیشك و یا خود بە ھەر ناونیشانیكیتر… و ھەروەھا ئەو كەسانەی لە كەمپەكان لەگەڵ ئاوارەكان پەیوەندییان ھەیە و خزمەتگوزارییان پێشكەش دەكەن لەم پرۆژەیە دا بەشدار بن و بۆ بەڵاو كردنەوەی ئەم بەرھەمانە بە ھەر شێوەیەك كە بۆیان گونجاوە یارمەتی بكەن و كۆپی بكەن و بەدەست منداڵانی بگەیەنن و بەھمەنی قوبادی وتی دەستی ھەموویان ماچ دەكەم و مایەی خۆشحاڵیمە.
ھەر وەھا جێگەی ئاماژەیە ئەم پرۆژەیە بە بێ پشتگیری مادی یا مەعنەویی ھیچ لایەنێكی كەرتی تایبەت و حكومی تا ئێستا لەسەر ئەركی “بەھمەن قوبادی” بەڕێوەچووە و بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن لەتۆڕەكۆمەڵایەتێكانی فەیسبوك و ئینستاگرام بە ناوی “بەھمەن قوبادی” و یا لە ماڵپەڕی “www.mindalan.com” بكەن.


ئەو كۆمەڵە بەرھەمەی كە ئاماژەی پێكرا لە ماڵپەری تایبەت بە “منداڵانی ھەتاو” بە ناو و نیشانی “www.mindalan.com” و لە پەیجە فەرمییەكانی بەھمەن قوبادی لە سۆشیال میدیا (فەیسبووك، ئینستاگرام، تێلێگرام) ھەر ھەفتە (5 گۆرانی و 5 چیرۆك) بڵاو دەبێتەوە كە ھەموو میدیایەك و ھەر كەسێك بە بێ بەرامبەر دەتوانێت داونلۆدی بكات ودوبارە بە ھەر شێوەیەك بینراو، بیستراو و یا چاپ كراو بڵاوی بكاتەوە، بۆ پەیوەندی كردن لەگەڵ بەڕێوەبەرانی پرۆژەی “منداڵانی ھەتاو” خاتو گوڵریز و خاتو روناك فەرەجی دەتوانن پەیوەندی بە ئادرێس ئیمەیلی mindalani.hataw@gmail.com بكەن.
www.mindalan.com
telegram.me/ghobadi_bahman

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت