پرسی یەکگرتنەوەی دێمۆکراتەکان و چەند تێبینی‌یەک

0
1624
د. کامران ئەمین‌ئاوە

د. کامران ئەمین‌ئاوە

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار بەشە جیاجیاکانی کۆمەڵە، هەروەها دوو بەشی دێموکرات هەوڵی جۆراوجۆریان بۆ دانیشتن، پێکهاتنەوە و درووستکردنەوەی حیزبێکی هاوبەش داوە. نەبوونی متمانە بە یەکتر بە‌پێی ڕووداوەکانی پێش دابڕان و کێشە ناوخۆیی‌یەکانیان، پاوانخوازی و بەرژوەندی تاکەکەسی و گرووپی کۆسپێکی جیددی لەسەر ئەم ڕێگایە بووە. لەم دووایانەدا کەمتر باس لە یەکگرتنەوەی کۆمەڵەکان، بەڵکوو زۆرتر باس لە نزیکبوونەوەی زۆرتری دوو باڵەکەی دێموکرات دەکرێ. ئەندامەکانی ئەم دوو باڵەی دێموکراتیش کە چاوەڕەوانی یەکگرتنەوەن، لەسەر تۆرەمیدیای‌یەکان بە هەر خەبەرێکی نوێ خۆشحاڵی خۆیان لە ڕەوتی نزیکبوونەوەی دێموکراتەکان دەردەبڕن. بە داخەوە وادێتە بەرچاو کە تەواوی دانیشتنەکان و هتد تا ڕادەیەکی زۆر بە دوور لە چاوی جەماوەی حیزبی‌ ڕوو دەدات و ئەوە ڕێبەرەکانن کە پێکەوە دادەنیشن و بریاری کۆتایی بە باش یان خراپ دەدەن و ئەندامەکان هیچ نەخشێکیان لەم ڕەوتەدا نی‌یە؟! ئەگەر وابێ، ئەمە بۆخۆی لە ناوەڕۆکدا کارەساتە!

  ئەگەر قەرار وابێ کە دوو باڵی حیزبێک، کە بە هەر هۆیەک، چ ڕێکخراوەیی و چ بە پێی جیاوازیی بیر و باوەڕ لەیەک جیابوونەتەوە و ئێستا وەکو دوو حیزبی سەربەخۆ کار و چالاکی دەکەن، یەک بگرنەوە، پێویستە لەسەرەتادا خەسارناسی‌یەک بکردرێ و لەم ڕەوتەدا تەواوی کادر و ئەندامەکان بەشدار بن و بریاردەر تەنیا ڕێبەریی حیزبەکە نەبێ. دەبێ ڕوونکرێتەوە کە هۆی دابڕانەکە چی بوو، هەڵەکە لە کوێدا بووە؟ کام یەک لە هۆیەکانی دابڕان پاش پتر لە دە ساڵ کاری سەربەخۆی ئەم دوو حیزبە، بە دوو فەرهەنگ و دوو هەڵوێست و سیاسەتی جیاوازەوە چارەسەرکراوە؟

  کاتی خۆی ڕێبەری حدک بۆ جیابوونەوە گەلێک خاڵی جۆراوجۆری ڕیز کردبوو، ئێستا کام ‌یەک لەم خاڵانە لە حیزبی بەرامبەردا حەڵبووە کە ڕێخۆشکەرەی یەکگرتنەوەیەکی ئوسووڵی بێ و پێش بە جیابوونەوەی نوێ لە داهاتوویەکی نزیکدا بگرێتەوە؟ بۆ ئەوەی کە ئەوان بتوانن لە حیزبێکی یەکگرتوودا بە چەشنێکی هەواڵانە کاری هاوبەش بکەن کام میکانیزم لە هەر دوو لاوە پەسەند دەکرێ؟ بڵێی حیزبی یەکگرتوو ڕێگا بە هەبوونی فراکسیۆن و ئاراستەکردنی بەرنامە و پلانی جیاواز و گۆڕانکاری لە ڕێبەری، بێ دابڕانی نوێ بدات؟ ئایا باشتر وانەدەبوو بە درووستکردنی بۆلتێنێک بیرورای کادر و ئەندامەکان و جەماعەتی ڕێبەری بخرێتە بەردەست و بە چەشنێکی دێموکراتانە بەدەنەی حیزبیش بەشداری ئەم ڕەوتە بکات؟ بڵێی باشتر نەبێ لەسەرەتادا ئەم دوو حیزبە بە کار و هەڵوێستی هاوبەش و دەربڕینی بەیاننامە و هتد دەستپێبکەن، کۆمیتەی هاوبەش لە بوارە جۆراوجۆرەکان پێکبێنن، هەوڵ بدەن بەرنامە وپێرەوی هاوبەش ئامادە بکەن و لە داهاتوودا پاش ماوەیەک کاری دوو قۆڵی وەکو دوو حیزبی برا بەرەو پێکهێنانی کۆنگرەیەکی هاوبەش برۆن؟

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت