پاشەکشێی هێزە چەکدارەکانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان

0
908

ڕۆژی کورد :
هێزە چەکدارەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری وڵاتی سووریە پشتڕاستیان کردەوە، بە پێی بڕیارەکان بە تەواوەتی لە “سەرێکانی” و ناوچەکانی دەوروبەری پاشەکشێیان کردووە. ڕێژەیەکی نزیک بە ٥٠٠ شەڕڤان لەم ناوچە کشاونەتەوە.

نزیک بە ١٠ ڕۆژ دوای دەسپێکی چالاکییە سەربازییەکانی هێزەکانی تورکیە لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری وڵاتی سووریە و سێ ڕۆژ دوای ڕاگەیاندنی پەیمانی ئاگربەست، “هێزەکانی دێمۆکراتیکی سووریە” کە سەرەکیترین هێزەکانی بریتین لە هێزە چەکدارەکانی کورد ناسراو بە “ی پ گ”، ڕایانگەیاندووە کە بە پێی بڕیارەکانی پەیمانی ئاگربەست پاشەکشێی هێزەکانی خۆیان بە ئەنجام گەیاندووە. یەکێک لە وتەبێژانی هێزەکانی دێموکراتیکی سووریە لە سەر هەژماری توییتێری خۆی نووسیویەتی : ئێمە هیچ شەڕڤانێکمان لە ناو شارەکان دا نەماوە.
ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤی سووریە ڕایگەیاندووە کە نزیکەی ٥٠٠ کەس لە شەڕڤانانی هێزەکانی دێمۆکراتیکی سووریە لە ناوچە سنوورییەکانی ڕەئسۆلعەین و سەرێ کانی پاشەکشێیان کردووە و پێش لە دەرچوونیان بریندار و تەرمی کوژراوەکانیان لە شارەکانی ئەو ناوچە گواستوەتەوە. لەو وێنانەی کە لە ناوچەی ڕەئسۆلعەین بڵاو کراونەتەوە چەن ئۆتۆمبێلی نەخۆشهەڵگر بینراون کە تێکڕای کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی هێزە چەکدارییەکان، سەرقاڵی ڕۆیشتنە دەرەوە لەم شارانەن.
وەزارەتی بەرگری تورکیە پشتڕاستی کردەوە کە کاروانێک پێکهاتوو لە ٥٥ ئۆتۆمبێل بەرەو ناوچەی سەرێکانی بەڕێکەوتووە و دواتر کاروانێک لە ٨٦ ئۆتۆمبێل ئەم شارەیان بەرەو ناوچەکانی “تەل تەمر” بە جێهێشتووە. وەزارەتی بەرگری تورکیە هەروەها ڕایگەیاندووە کە دوابەدوای پاشەکشێی “یەکینەکانی پارێزەری گەل” و تا ئێستاش هیچ بەربەستێک نەهاتووەتە ئاراوە.
ناوچەی ڕەئسۆلعەین ماوەیەک پێش ئێستا لە لایەن هێزە سەربازییەکانی سۆپای تورکیاوە گەمارۆ درابوو. مایک پێنس، جێگری سەرۆک کۆماری ئامریکا ئاگربەستی نێوان تورکیە و هێزە چەکدارەکانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانی ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ئۆکتۆبر دوای وتووێژ لە گەڵ دەوڵەتی تورکیە ڕاگەیاند. بڕیار لە سەر ئەوە درا کە ئاگربەست مۆڵەتێک بێت بۆ شەڕڤانە کوردەکان بۆ ئەوەی لە ناوچە سنوورییەکانی سووریە کە تورکیە بە تەمایە “ناوچەیەکی ئەمن و ئارام” لەوێ پێک بێنێ، پاشەکشێ بکەن. تورکیە هێرشی سەربازی خۆی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە باکووری وڵاتی سووریە لە ڕێکەوتی ٩ی ئۆکتۆبر دەست پێکرد بۆ ئەوەی بەربەرەکانی لە گەڵ “یەکەکانی پارێزەری گەل” بکات و ئەوان لە ناوچە سنوورییەکان بکشێنێنەوە. تورکیە ئەم هێزە کوردییانە بە “تێرۆریست” ناو دەبات.
بە پێی وتەی دەوڵەتی تورکیە، ئاگربەستێک کە بڕیار بووە تا ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ئۆکتۆبر لەو ناوچە سنوورییانەی ڕۆژئاوای کوردستان دەوام بکات، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی ئۆکتۆبر لە لایەن هێزە کوردییەکان لە ژێر پێ نراوە. بە پێی وتەکانی وەزارەتی بەرگری تورکیە، سەربازێکی سۆپای ئەم وڵاتە کوژراوە و سەربازێکی بریندار بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە بە وتەی هێزە چەکدارەکان و دانیشتووانی ناوچەکە بۆردوومانی سۆپای تورکیە ڕۆژی پێش ئەوەش لەو ناوچانە بەردەوام بووە و چەن شەهید و برینداری لێکەوتووەتەوە. تورکیە و هێزە چەکدارە کوردەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆژی شەممە یەکتریان لە بەرانبەردا بە لە ژێر پێنانی ڕێکەوتنی ئاگربەست تاوانبار کردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.