پارتی ئازادیی کوردستان، هەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی خۆی ڕاگەیاند

0
1416

ڕۆژی کورد: پارتی ئازادیی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا، هەواڵی شەهیدبوونی کچەپێشمەرگەیەکی ئەو پارتەی بە ناوی  زارا غوڵامی ( ەوین) ڕاگەیاند کە پاش ٤ مانگ خۆڕاگری و بەربەرەکانێ لە گەڵ مەرگ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی رۆژاوای شاری هەولێر، تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کوردستان بووە.

پارتی ئازادیی کوردستان کە هێزێکی ڕۆژهەڵاتییە کە تا ئێستاش جالاکییەکانی بە کوردستانی باشوورەوە سنووردار بووە و چالاکیی سەربازی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نەبووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی داعش، وێڕای پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستانی باشوور، لەو شەڕە بەشدار ىووە و تا ئێستش چەند پێشمەرگەی شەهید و بریندار بوون.

راگەێندراوی فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگەیPAK بە بۆنەی گیانبەختکردی هەڤاڵی پێشمەرگە زارا غوڵامی بەو شێوەی خوارەوەیە:

رۆڵەکانی نەتەوەی گەورەی کورد!
پێشمەرگە دلێرەکانی کوردستان!
هێزی لە شکان نەهاتووی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان، قوتابخانەی کوردایەتی و کوردستانییەت، ئاڵاهەڵگری هەڵتەکاندنی سنوورە دەسکردەکان و رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان، هێزی بەرەنگار بوونەوەی تێرۆریزم و تێرۆریستان، رۆڵەیەکی دیکەی لە نەبەرد لە گەڵ تێرۆریستانی داعش، پێشکەشی کوردستان و مرۆڤایەتیی کرد.
پێشمەرگەی هەڵمەتبەری ئۆپەراسیۆنی گەورەی باشیک- ناوەران، کیژی روو سووری قەڵا و حەوزەگەورەی بۆکان، شۆڕە ژنی لە خوێن گەوزاوی چیای باشیک ” زارا غوڵامی( ئەوین) ، پاش ٤ مانگ خۆڕاگری و بەربەرەکانێ لە گەڵ مەرگ، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی رۆژاوای شاری هەولێر، رۆحی سەرکەشی بەرەو ئاسمانی نەمری فڕی و چووە ریزی کاروانی شەهیدانی پاراستنی نەتەوە و نیشتمان و سەربەخۆیی کوردستانەوە.

شەهید زارا غوڵامی، ساڵی 20155 هاتبووە ریزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لە سەنگەرە لەگیران نەهاتووەکانی هێزی خۆشەوی خەلیلی پارتی ئازادیی کوردستان، لە چیای باشیک کە دەیان هێرشی هێزەکانی داعشیان تێکشکاندوە، دامەزرا.
بە دەسپێکی ئۆپەراسیۆنی گەورە و بەربڵاوی باشیک- ناوەران، ئەو ئەویندارەی ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان لە دەسپێکەوە تا ساتی شەهید بوونی، شێرانە بەشداری هەموو جووڵە و هەڵمەت و بەرگرییە پڕ حەماسەکانی ئەو رۆژانە بوو.
سەرەنجام، زارای قارەمان، پێشنیوەڕۆی رۆژی17 خەزەڵوەر، رێکەوتی 77ی نوامبری 2016، لە کاتێکدا، لە گەرمەی هێرشی پێشمەرگە و بەرگریی داعشدا، لە تەنیشت فەرماندەی گشتی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان ، لە باکووری شارۆچکەی باشیکەوە، بەرەو لێواری شارۆچکەکە لە هەڵمەت دا بوون؛ بەر خومپارە( هاوەن)ی هێزەکانی داعش کەوت و بە سەختی بریندار بوو و خوێنی ئاڵی ئەو تەوارەی لە رۆژهەڵاتی نیشتمانەوە فڕی بوو، بە سەر تاشە بەردەکانی ئەو مەڵبەندە دا، رژا و جارێکی دیکە خوێنی رۆڵەکانی کورد، ئاسۆی ڕمانی دیوارە بەڕلینیەکان و هەڵتەکاندنی سنوورە دەسکردەکانی زەهاو و سایکس- پیکۆی، نەخشاند.
زارا، تەواری شاباڵ خوێناوی رۆژهەڵات، لە چوار مانگی رابردوودا لە نەخۆشخانەکانی رۆژاوا و پاری هەولێر لە ژێر چاودێری چڕ دا بوو. لە گەڵ ئەوەدا کە بە سوپاس و پێزانینەوە، ستاڤی پزیشکی ئەو نەخۆشخانانە ئەو پەڕی توانا و زانستی خۆیان بۆ چارە سەری، بە کار گرت، بەڵام بە داخەوە، برینەکەی بە رادەیەک کاریی بوو؛ کە ئاوات و هیوا و حەولەکان، نە گەیشتنە ئاکام و زارای ئەوینداری ئازادیی، پێشمەرگەی رێگای سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونی کوردستان ، ماڵاوایی یەکجاریی لە نیشتمان کرد.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشی پێشكەشی، بنەماڵە و کەسوکار ی شەهید زارا دەکا و بەڵێنی لە گەڵ دەبەستێ کە رێگای پڕ سەروەریی و شانازیی ئەو، تا وەدیهاتنی ئەو ئاواتانەی لە پێناویاندا گیانی بەختکرد، هەر ئاوەدان و پڕ رێبوار بێ.

پارتی ئازدیی کوردستانPAK
فەرماندەیی هێزەکانی پێشمەرگە
8 رەشەمەی 2716کوردی
26 فێورییەی 20177 زایینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت