٥٩<٤١

0
1309
کامران ئەمین‌ئاوە

بە پێی ڕاگەیندراوەکانی حکوومەتی تاران لە ١٢- مین دەوری هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی و ٥- مین دەوری هەڵبژاردنی شوراکانی شار و دێ لە ٢٩ ئەیاری ئەمساڵدا، لە یەک میلیۆن و١٨١ هەزار و٨٨٣ کوردستانی کە ماڤی دەنگدانیان بوو، ٦٩٤ هەزار و ٣٧ کەس واتە لەسەتا ٥٩ بەشداریان کرد. پاش تەواو بوون و ڕاگەیاندنی ئەم ئامارە، بەشێک لەوانەی کە دژ بە سیاسەتی بایکۆتی هەڵبژاردن بوون، بەشداری خەڵکیان وەکو سەرکەوتن و مایەی شانازی بیرۆکەی خۆیان و شکستهێنانی سیاسەتی بایکۆت پێناسە کرد. ئەم کەسانە بە زەقکردنەوەی ڕێژەی سەتا ٥٩ی بەشداریکەران لەبەرامبەر ڕێژەی سەتا ٤١ی ئەوانەی کە بەشداریان نەکردبوو بەو ئاکامە دەگەن کە سیاسەتی بایکۆتکردن هەڵەیە و پێویست بوو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم هەڵوێستەیان نەگرتبا!! ئەگەر ئێمە سرنج بدەینە چەند ڕاستی‌یەکی حاشاهەڵنەگر، دەبینین لەباری مێژووی‌یەوە ئەم چل‌و یەکە گەلێک لە پەنجاو نۆیەکە گرینک‌تر و پڕبایەخترە! بۆچی؟

١.‌ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا مەیدانی ململانێ حکوومەتی دەستەڵاتدار و ئەوانەی کە بایکۆتیان کردبوو بەرامبەر نەبوو، واتە دەستەڵات بە هەبوونی تەواوی دەرفەت و  کەرەستەکان دەوری مەیدانگێرانی زۆرتر لەو کەس و حیزبانە بوو کە بە هۆی زاڵبوونی حکوومەتی دیکتاتۆری ئێران و نەبوونی ڕاستەوخۆیان لە ناو خۆی وڵات بانگهێشتنیان بۆ دەنگ ‌نەدان کردبوو!

٢.‌ بەشداری خەڵک لە کۆمەڵگایەکی نادێموکراتیک کە نوێنەرانی ڕاستەقینەی خەڵک ئیزنی کاندیدبوونیان نی‌یە ناتوانێ وەکو پێوەرێک بۆ نارەوابوون یاخود هەڵەبوونی بڕیاری بایکۆتکردن لەقەڵەم بدرێ، پێویستە حیزبێکی سیاسی خۆی لە پۆپۆلیسم دوور کاتەوە تا تووشی کارەساتی سیاسەتەکانی حیزبی توودەی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ دەوڵەتی پاش شۆڕشی ٥٧ی هەتاوی نەبێتەوە. دووپاتکردنەوەی ئەم سیاسەتە بە جڵ و بەرگی مۆدێرنیسم و بانگەوازی بەشداری لە سیاسەتی “کلان” تەنیا دووپاتکردنەوەی سیاسەتێکی دۆڕاو و هەرەسهێناوە کە دەکرێ وەکو کۆمێدی‌یەکی گاڵتەجاڕانە لەبەر چاو بگیرێ.

٣.‌ هێزێکی سیاسی پێویستە پێوەرێکی دیاریکراوی بۆ هەڵسەنگاندنی رووداوەکان بێ. ئەوانەی کە لایەنگری دەنگدان بوون پێویستە ڕوونی بکەنەوە دەیانویست خەڵکی هانبدەن هەتا دەنگ بە کێ و بە کام بەرنامە بدەن؟ بۆ وێنە پلاتفۆرمی کام یەک لە کاندیدەکانی سەرۆک کۆماریی تەنانەت لە خاڵێکیشدا بێ لە بەرژوەندی کورد و ستراتێژی” نەتەوەیی” ئەوان بووکە تاکتیکی دەنگ نەدان تاوان بێ و دەنگدانی خەڵک ببێتە مایەی شانازی و بزەی سەر لێوانیان، وەکو بڵێی نوێنەری خوازیار و ڕاستەقینەی ئەوان هەڵبژاردرابێ!!

بریاری حیزبێکی سیاسی نە بە پێی بەشداری خەڵک و بەشوێنکەوتوویی لە ڕووداوەکان، بەڵکوو بە پێی هەڵسەنگاندنی باروودۆخی کۆمەڵگا، دەستەڵات و ئەرکی روونکردنەوە و ئاگاکردنەوەی خەڵکە. ئەگەر پێوەری هەڵسەنگاندن، ڕادەی بەشدارکردنی خەڵکی لە ڕێفراندۆمەکان بێ، دەبێ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان واتە دێموکرات و کۆمەڵە کە بە پێچەوانەی زۆرینەی حیزبەکان و خەڵکی ئێران دەنگیان بە کۆماری ئیسڵامی و یاسای بنەرەتی ئێران نەدا تاوانبار لەقەڵەم بدرێن و هەڵوێستی ئەوان بکەوێتە ژێر ڕخنەیەکی جیددی. هەروەها پێویستە کار و چالاکی ئەوانەی کە لە کاتی سەرهەڵدانی فاشیسم لە ئەڵمان و ئیتالیا بە پێچەوانەی زۆرینەی خەڵک کە بەشوێن هیتلێر و موسولێنی کەوتبوون، دژ بە فاشیسم ڕاوەستان و گەلێک قوربانیان دا وەکو هەڵەیەکی مێژوویی لەبەر چاو بگیرێ! ئەرکی حیزبێکی سیاسیی کەڵک وەرگرتنە لەدەرفەتەکان بۆ پاشگەزکردنەوەی دەستەڵات نەک پاکانە وبانگەوازکردن بۆ بەشداری لە نمایشە مەهەندیسی‌کراوەکەی رێژیمی تاران.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت