ڕۆژی کورد: باران و لافاوی زۆری ئەم دوو ڕۆژەی دوایی لە کوردستان، خەسارێکی زۆری بە هاووڵاتیان گەیاندووە و تا ئیستا لە شارەکانی شنۆ و سەقز، لانیکەم ٥ کەس گیانیان لە دەست داوە.
ئەمڕۆ هەینی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بە هۆی ڕمان و ڕۆچوونی بەشێک لە پارکی “کەوسەر”ـی شاری سەقز، ٤ هاووڵاتیی ئەو شارە گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ناوەندی ڕۆژی کوردی گەیشتوون، بەشی خوارەوەی بوفەی ئەو پارکە ڕۆچووە و بەو هۆیەشەوە چەند هاووڵاتییەک بوونە قوربانی،
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە گوتی: “تا ئێستا تەرمی ٤ کەس لە ژێر ئەو هەرەسە دەرهاتۆتەوە”.
بەپێی ئەو زانیارییانە هەر ٤ کەس گیانیان لە دەست داوە.
هەر ئەمڕۆش دوای هەڵەسوونی ڕووباری گادەر لە شنۆ، سەرەڕای زیانی زۆری ماددی کە دەگوترێ زیاتر لە ٤ میلیارد تمەنە، هاووڵاتییەکی مێرمنداڵی تەمەن ١٢ ساڵانیش گیانی لە دەست دا.
تا ئێستا شوناسی ئەو هاووڵاتییانە بڵاو نەکراوەتەوە.