ئیدرسی ئەحمەدی: حکومەتی داهاتووی ترامپ دەتوانێ سوودی بۆ باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێ و هاوکات بۆ باکوور و ڕۆژئاوای وڵات زیانبەخش بێ

0
2343

ڕۆژی کورد: لە وتووێژێکدا لەگەڵ دوکتور ئیدریس ئەحمەدی، دوکتورای زانستی سیاسی و مامۆستای کۆلیژی پاراستنی وڵاتی سوید، باس و پرسەکانی ئێستای خۆرهەڵاتی ناوەڕاستمان تا ڕادەیەک تاووتوێ کردووە و بەڕێزیان بە وردی شیکارییان بۆ دۆخەکە کردووە و بە وردی باسەکانیان شی کردۆتەوە. دەقی ئەو وتووێژە لێرە بڵاو دەکەینەوە.

ڕۆژی کورد: دۆخی جیهان بە گشتی و خۆرهەڵاتی ناڤین بەتایبەتی وەک “ژیان لە ناو بلووردایە و هەر ساتەی ڕەنگێکی هەیە کە ڕەنگی ساتەوەختی دوایی بە هیچ چەشنێک دیار نیە، جیا لە سەرکەوتنەوەی ئەسەد و هاوپەیمانەکانی لە لایەن و هاتنە سەر کاری ترامپ لەلایەکی تر و نزیکبوونەوەی بریتانیا لە وڵاتانی عەرەبی لەلایەکی تر، ڕقێکی ئیسلامیی سوننەش بە دژی ڕووسیە و ئێران لە ئارا دایە، بە گشتی دۆخی ناوچە لە ئێستادا لە ڕووانگەی بەڕێزتانەوە چۆنە؟

د. ئیدریس ئەحمەدی
د. ئیدریس ئەحمەدی

ئەحمەدی: خاڵی جێگای ئاماژە سەبارەت بە دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوین، هەوڵی ئەکتەرە بەرچاوە ناوچەیی و جیهانییەکانە بۆ دیاریکردنی داهاتووی ناوچەکە. لەو پەیوەندییەدا، دەبێ جیاوازیی لە نێوان تێکدان و پێکهێنانی نیزامی ناوچەییدا دابنێین.

 دواجار، پارسەنگی هێز دیاری دەکا چ نیزامێک لە ناوچەکەدا دێتە ئاراوە. بە هۆی ئەوەوە کە ئەمریکا دەستی لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ و شوێندانەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەڵگرتووە، ڕووسیە و ئێران هەوڵجدەدەن ناوچەکە بەرەو ئاراستەیەک بەرن کە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بێ.

هەڵبەت، هەوڵی ڕووسیە و ئێران لەو پەیوەندییەدا کۆنەوارانەیە، زۆرتر دژکردەوەیە بەرانبەر بە ڕەوتی شۆڕشگێڕی کە بە ڕووخاندنی حکومەتی بەعس لەلایەن ئەمریکاوە دەستی پێکرد و لە شکڵی بەهاری عەرەبیدا درێژەی کێشا. دەیانهەوێ بەهاری عەرەبی بکەن بە زستانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

پێم وانییە ڕووسیە و ئێران بێجگە لە ڕزگارکردنی کاتیی ڕژیمی ئەسەد، سەرکەوتنی پتر وەدەست بێنن. ڕاستە، دواجار پارسەنگی هێز، داهاتووی ناوچەکە دیاری دەکا، بەڵام ئێران ئەکتەرێکی ناوچەییە کە کۆنەپەرەست، ستەمکار، تیرۆریستپەروەر و تایفەگەرایە. لە نێو خۆشدا، ئێران کۆمەڵێک لاوازیی بەرچاویی هەیە. تەنیا بە پارەی نەوت و ئەنجامدانی شەڕی ناتەراز، ئەویش لە ڕێگای “سوپای قودس”ـەوەو بە پشتیوانیکردنی تیرۆریزم، دەتوانێ لە ناوچەکەدا دەور بگێڕێ. دەوری ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا زۆرتر تێکدەرانەیە تاکوو پێکهێنەر. ڕووسیەش زۆرتر هێزی سەربازیی بەرچاوی هەیە. ڕووسیە نە خاوەنی ئابووریی بەهێز و نە خاوەن بەها و سیاسەتی گونجاوە بۆ دیاریکردنی داهاتوویی ناوچەکە بە شێوەیەکی سەقامگیر. کوشتنی بەکۆمەڵی خەڵکی مەدەنیی سوریە و وێرانکردنی شارگەلێکی وەک حەلەب مەسەلەیەکە و پێکهێنانی نیزامێکی نوێی سەقامگیر، مەسەلەیەکی دیکەیە. لەلایەکی دیکەوە، بەکاربردنی هێزی سەربازی بە شێوەیەکی دڕندانە بۆ پاراستنی ڕژیمی ئەسەد، زۆرتر ڕووسیەی بەدناوکردووە. بە میلێون لە خەڵکی ناوچەکە، ئێستا ڕق و کینەیان لە ڕووسیە و ئێران هەیە، مەسەلەیەك کە تەنانەت ڕێبەرێکی پێشووی حزبووڵای لوبنان دانی پێداناوە و تەنانەت لەو بارەوە، نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.

سوننە زۆرینەی ناوچەکەن و ملکەچی ئێران و ڕووسیە نابن. کوشتاری سەدان هەزار لە خەڵکی مەدەنیی سوننەی سووریە و عێراق و هەروەها لەپەراوێزخستنیان لە ڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە، بەستێنی ناڕەزایەتی، ناسەقامگیری و سەرهەڵدانی گرووپی توندئاژۆ بە شێوەیەکی بەردەوام، ئەویش بە پشتیوانی ماڵی و لۆجیستیکیی وڵاتانی سوننەی ناوچەکە، خۆش دەکا.

پێکهێنانی نیزام، بەشێکی لەسەر بنەمای هێزی سەربازی ئەنجام دەدرێ، بەشەکەی دیکەی دەبێ لەسەر بنەمای فکری نێوهاوێژ و بەهاگەلێک بکرێ کە دواجار بتوانێ ڕەزامەندیی خەڵکی ناوچەکە، بە تێکڕای فرەیی نەتەوەیی، ئایینی و تایەفەییەوە بەدەست بێنێ. ئێران و ڕووسیا ناتوانن نیزام پێکبێنن، تەنیا دەتوانن وێرانکاری بکەن و پارێزەری ڕژیمە ستەمکارەکان بن.

 هەڵبەت هێزە سوننەکانیش ناتوانن لە هێنانە کایەیی نیزامێکی نوێدا سەرکەوتوو بن، چوونکە ئەوانیش، سەرباری نایەکگرتوویی و لاوازبوونی نیزامییان، تایفەگەران و هەڵگری فکری دێموکراسی نین. تەنیا بەرەیەکی دێموکراسیخوازی تۆکمە و خاوەن هێزی یەکلاکەرەوە دەتوانێ نیزامێکی نوێی سەقامگیر بێنێتە کایەوە. ئەو جێگرەوەیەش ئێستا بوونی نییە.

بە کورتی، دۆخی ڕیزپەڕ، واتە شەڕ، کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوایندا بووە بە دۆخی باو، درێژە دەکێشێ.

ڕۆژی کورد: لەمەڕ هاتنە سەر کاری دانلد ترامپ، لە ناو کورددا دوو ڕوانگە هەیە کە پێدەچێ زیاتر لە هەندێک ژیلەمۆی ناکۆکیی حیزبییەوە سەرهەڵبدا، بە گشتی یەکیان دەڵێ هاتنی ترامپ، هاتی کوردەو و ئەوی تریان دەڵی نا بۆ کورد هیچی لەباراندا نیە، ئێوە ڕاتان چیە؟

ئەحمەدی: حکومەتی داهاتووی ترامپ دەتوانێ سوودی بۆ باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێ و هاوکات بۆ باکوور و ڕۆژئاوای وڵات زیانبەخش بێ.

 ئیدارەی ترامپ درێژەدەری ستراتژیی ساڵانی دوایی ئەمریکا دەبێ، بەڵام سیاسەتی دەرەوەی دەشێ بە بەراوەرد لە گەڵ سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئۆباما، لە هێندێک ڕووەوە جیاواز بێ.

دەبێ ستراتیژی و سیاسەتی دەرەوە لێک جیا بکەینەوە. ستراتیژی بریتیە لە کۆمەڵێک سیاسەتی پێکەوەگرێدراو و دوورمەودا. سیاسەتی دەرەوە، کۆمەڵێک سیاسەتی بچووک و مەزن، کورتمەودا و دوورمەودا لەخۆ دەگرێ. بە هاتنەسەرکاری ترامپ، گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ستراتیژیی ئەمریکادا نایەتە کایەوە. لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، ستراتیژیی ئەمریکا پاش شکستی ئیدارەی بوش لە عێراق، گۆڕاوە بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی هێز، ئەویش بەبێ ئەوەی ئەمریکا خۆی ئاماده‌یی بەرچاوی سه‌ربازی لە ناوچەکەدا هەبێ. (جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە ستراتیژیی ئەمریکا پاش ١١ـی سێپتامبر، بریتی بوو لە بڵاوکردنەوەی دێموکراسی و ڕووخاندنی ڕژیمە دیکتاتۆرەکان.) بەڵکوو ئەمریکا هەوڵ دەدا لە دوورەوە پارسەنگی هێز ڕاگرێ و تەنیا کاتێک مەترسیی تێکچوونی پارسەنگی هێز بە قازانجی دوژمنانی ئەمریکا بێتە کایەوە، ئامادەیە ده‌ستێوه‌ردانی ڕاستەوخۆ بکا. هۆکاری گۆڕان لە ستراتیژیی ئەمریکا لە ساڵانی دواییدا، ئوباما نەبووە، بەڵکوو ئەو گۆڕانە ڕەنگدانەوەی نسکۆی ئابووری و نیزامیی ئەمریکایە، بەتایبەت پاش دوو شەڕی پڕتێچوو لە ئەفغانستان و عێراق کە بە گشتی لە نێوخۆی وڵات، بە شکست لە قەڵەم دەدرێن. لەلایەکی دیکەوە، ڕەکەبەرەکانی ئەمریکا، وەک چین و ڕووسیە، پێگەی ئابووریی و سەربازییان بە ڕێژە باشتر بووە.

ڕاستە ئەم ستراتیژییە لە شێوه‌ی ڕوونی خۆیدا لە کاتی سەرۆککۆماریی ئۆبامادا هاتە کایەوە، بەتایبەت کاتێک ئەرتەشی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١دا، عێراقی چۆڵ کرد و تاکوو ئێستا، خۆی لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ لە کێشەی نێوان شیعە و سوننە بواردووە. هەڵبەت پاشگەزبوونەوە لە گۆڕینی ڕژیمە دیکتاتۆرەکان و بانگهێشت کردنیان بۆ دانوستاندن، لە خولی دووهەمی ئیدارەی بوشدا ڕووی دا. لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران، ئەوە ئیدارەی بوش بوو کە سیاسەتی “دووڕێینە”، واتە سەپاندنی گەمارۆ و بانگهێشتکردنی ئێران بۆ دانوستاندنی گرتە بەر و ئۆباما بە هێندێک جیاوازییەوە، بەتایبەت بە دانی خاڵی زۆرتر لەوەی ئیدارەی بوش ئامادە بوو بە کۆماری ئیسلامی بدا، درێژەپێدەری بوو.

کەوابوو، دەتوانین بڵێین ترامپ درێژەپێدەری ئەو ستراتیژییە دەبێ. تا ئەو جێگایەی من بزانم، کەس سەرنجی ئەو بەردەوامییەی لە ستراتیژیی ئەمریکادا نەداوە، چونکە چاوەدێرانی سیاسی، زۆرتر چەقیان بەستۆتە سەر پێشبینیی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی داهاتوو. ئەگەر سرنجتان دابێ، به‌راییدان (ئەولەوییەت)ی ئۆباما، بەهێزکردنەوەی وڵات بوو لە نێوەوە و کەمکردنەوەی ئەرک، ئامادەبوون و تێچووەکانی ئەمریکا لە دەرەوە. به‌راییدانی ترامپیش بە هەمان شێوە، مەزنکردنەوەی ئەمریکایە لە نێوەوە و کەمکردنەوەی ئەرک، ئامادەبوون و تێچووە دەرەکییەکانی وڵات، بەتایبەت سه‌باره‌ت به‌ ڕۆژهەڵاتی ناوین، ستراتیژیی هەردووکیان لە هەمبەر ئەو دەڤەرە، ڕاگرتنی پارسەنگیی هێزە لە دوورەوە. هەڵبەت دەشێ جیاوازی لە سیاسەتی دەرەوەدا بێتە کایەوە، هەرچەند ترامپ لێدوانی دژبەیەک دەدا و هەروەها بەرەبەرە لە هێندێک لە هەڵوێستەکانی پاشگەز بووەتەوە.

بەرچاوترین جیاوازیی چاوەڕوانکراو، لە پیەوەندی لەگەڵ ئێراندایە. ترامپ، بە پێچەوانەی ئۆباما، لانیکەم بەپێی لێدوانەکانی و هەروەها بە دیاریکردنی کەسانێک وەک ڕاوێژکاری خۆی، کە بەرانبەر بە ئێران خوازیاری سیاسەتی توندترن، چاوەڕواندەکرێ ڕووبەڕووی ئێران بێتەوە. هەڵبەت ئەوە بە مانای پشتیوانیکردن لە گۆڕینی ڕژیم یان پشتیوانیکردنی دێموکراسی لە ئێراندا نیە، چونکە ترامپ زۆر سوورە لە سەر ڕەدکردنەوەی ئەو جۆرە سیاسەتانە. هەروەها ترامپ ئامادەیە لەگەڵ ڕووسیە و تورکیە لە پەیوەندی لەگەڵ قەیرانی سووریە، هاوکاری بکا.

هەڵبەت ئەگەر بەردەوامیی لە ستراتژی ئەمریکا بکەین بە بنەما، هێزی کوردی و پارچە ڕزگارکراوەکانی کوردستان لە باشوور و ڕۆژاوا، گرنگیی سه‌ربازی و جێوسیاسیان بۆ ئەمریکا دەمێنێ. لە شەڕی دژ بە داعش، هێزی پێشمەرگە لە باشوور و هەروها شەڕڤان لە ڕۆژاوا بوون بە کاریگەرترین و متمانەپێکراوترین هاوپەیمان بۆ ئەمریکا. هێزی کورد نەبایا، ئەمریکا یان ناچار دەبوو هێزی سه‌ربازیی خۆی بێنێتەوە ناوچەکە، یان ئەوەی ئیمتیازی زۆرتری بە ئێران، تورکیە، ئەسەد و ڕووسیە دابا.  تا ئەو کاتەی ئەمریکا لەگەڵ دەوڵەت و ئەکتەری نادەوڵەتیی نەیار بەرەوڕوو ببێتەوە و لە پشتیوانیی نێوخۆیی بۆ هێنانەوەی هێزی سه‌ربازیی بەرچاوی خۆی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین بێبەری بێ، ناچارە قورساییی خۆی بخاتە سەر کورد.

هەڵبەت شکستی سەربازیی داعش دەتوانێ گرنگیی هێزی پێشمەرگە لە باشوور کەم بکاتەوە. بەڵام بە لەبەچاوگرتنی توندبوونی ترامپ بەرامبەر بە ئێران و نیگەرانیی ئه‌و لەوەی عێراق بەتەواوی بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئێرانەوە، باشوور گرنگیی جێوسیاسیی خۆی ڕادەگرێ و بگرە لە بەرامبەر مەترسیی کۆماری ئیسلامیدا، تەنانەت ڕوو لە زیادبوون دەکا. لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا بۆ ڕێگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعشێکی دیکە، دەبێ بیرێک لە دۆزی سوننەکان لە عێراق بکاتەوە. بەربەستی سەرەکی لەو بارەشه‌وه‌، هەر ئێرانە. بۆیە ترامپ، دواجار ڕووبەڕووی خامنەیی دەبێتەوە و لەو پەیوەندییەدا، پێویستی بە هێزی کورد دەبێ.

سیاسەتی ترامپ بەرامبەر بە ئێران، دەتوانێ سوودی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبێ، بە مەرجێ پرۆسەی ڕاسان درێژەی هەبێ. هەڵبەت دواجار حزبی دێموکرات، کە ڕاسانی بەرپا کردووە، لە بنەڕەتدا دەبێ حیساب لەسەر هێزی خۆی بکا و ئەوەندە فاکت لە گۆڕەپانی جێوسیاسیی ناوچەکەدا بسەپێنێ کە سیاسەتی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران، بە مەرجێ سیاسەتی بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامی بێ، بتوانێ یارمەتیدەری ڕاسان بێ. بە واتایەکی دیکە، نابێ چاوەڕوانیی هەڵە لە سیاسەتی دەرەوەی ترامپ بکرێ، چونکە لە سیاسەتی دەرەوەی ئۆباما، ڕوونتر گۆڕینی ڕژیم و بڵاوکردنەوەی دێموکراسی ڕەد دەکاتەوە. سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترامپ لەهەمبەر ئێران، نابێتە جێگرەوە یان تەنانەت کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی ڕاسان. ئەمریکا، وەک بەشێک لە ستراتیژیی ڕاگرتنی پارسەنگ، سنوور بۆ فراوانخوازیی کۆماری ئیسلامی دادەنێ نەک ئەوەی بیهەوێ ڕژیم لە تاران بڕووخێنێ. ڕووخاندن، یان دروستترە بڵێین پاشەکشەکردن بە ڕژیمی ئێران، بەتایبەت لە کوردستان، دەکەوێتە ئەستۆی هێزی پێشمەرگە.

کە دەگەڕێتەوە سەر ڕۆژاوای کوردستان، ڕەنگبێ ترامپ، لانیکەم ئەگەر لێدوانەکانی بکەین بە بنەما، زۆرتر داشکاندن بۆ ڕووسیە و تورکیە بکا. ئەمەش دەشێ لە گرنگیی سەربازیی شەڕڤان و گرنگیی جێوسیاسیی ڕۆژاوای کوردستان کەم بکاتەوە. هەڵبەت ئاڵۆزبوونی شەڕی سووریە، پێشبینیی داهاتووی ڕۆژاوای کوردستان ئەستەم دەکا. ڕاوێژکارەکانی سیاسەتی دەرەوەی ترامپ، خوازیاری چڕکردنەوەی پەیوەندین لە گەڵ تورکیە، بۆیە سیاسەتی ترامپ دەشێ بە زیانی باکووری کوردستانیش بێ.

بە کورتی، ستراتیژیی ڕاگرتنی پارسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوین درێژەی دەبێ، بەڵام کە دەگەڕێتەوە سەر سیاسەتی دەرەوە، جیاوازیی نێوان ئیدارەی ئۆباما و ئیدارەی داهاتووی ترامپ، بەتایبەت لە هەمبەر ئێران، دەشێ لە دوورمەودادا گرنگیی زۆری لێ بکەوێتەوە. تا ڕادەیەک، ئەوە بەوەوە بەندە کە تا چ ڕادەیەک باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆڵی جێوسیاسیی خۆیان ببینن.

ڕۆژی کورد: لەو بارودۆخەەدا کە لەناوچە و جیهان لە ئارادایە، کوردی خۆرهەڵات چۆن دەبینن، لاوازییەکان لە چی دایە؟

ئەحمەدی: کە باس لە “لاوازیی” کوردی ڕۆژهەڵات یان خۆرهەڵات دەکرێ، دەبێ جیاوازیی بارودۆخی پێش ڕاسان و دوای ڕاسان لەبەرچاو بگیردرێ.

 پێش ڕاسان، پرسی کوردی ڕۆژهەڵات لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوین لە ڕۆژەڤ کەوتبوو و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا لەبیر چووبۆەوە، هەروەها کوردی ڕۆژهەڵات بڕوای بە خۆی لەدەست دابوو و سەرلێشیوایەکی بەربڵاو لە نێو خەڵک، ڕووناکبیران و بزووتنەوەی سیاسیی ئەو بەشەی کوردستاندا بەدیدەکرا. کوردی ڕۆژهەڵات ببوون بە پاشکۆی فکری و تەنانەت ڕێکخراوەیی حزبە شوێندانەرەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان. سوکایەتیکردن بە کوردی ڕۆژهەڵات ببوو بە دیاردەیەکی ئاسایی، تەنانەت کوردی ڕۆژهەڵات ڕێزیان بۆ یەکتر نەمابوو. حزبی دێموکرات کە بۆ ماوەی پەنجا ساڵ هێزی سەرەکی و خاوەن هێژمۆنی بوو، سەرکردایەتیەکەی لە بیست ساڵی ڕابرددودا ئوتۆریتەی خۆی لەدەست دابوو و کادر و پێشمەرگەکانی، لە ئەرکی خۆیان نامۆ ببوون.

ڕاسان پرۆسەیە و ئێمە لە سەرەتای ئەو پرۆسەیەداین. پرۆپاگەندای زۆر دژ بە ڕاسان دەکرێ. کۆماری ئیسلامی بە هەموو هێزی خۆیەوە، دژ بە ڕاسان ڕاوەستاوە. بەڵام ڕاسان هەر لە ئێستاوە ورەی داوە بە خەڵکی کوردستان و هیوای بۆ ڕزگاری پی بەخشیونەوە، هەروەها ئوتۆریتەی گەڕاندووەتەوە بۆ سەرکردایەتیی حزبی دێموکرات و جارێکی دیکە پرسی کوردی لە ڕۆژهەڵات، هێناوەتەوە ئاراوە و خەریکە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ خەبات لە ڕۆژهەڵات پێکدێنێ.

هۆکاری بنەڕەتی و سەرەکیی ئەمەش، لەئارادابوون و قوربانیدانی پێشمەرگەیە لە دوو ساڵی ڕابردوودا. بە بێ لەئارادابوون و قوربانیدان لەلایەن پێشمەرگەوە، نە ڕێبەرایەتیی دێموکرات خاوەن ئوتۆریتە دەبێ، نە خەڵکی کوردستان ورەبەرز و تەیار دەبێ، نە پرسیی کورد لە ڕۆژهەڵات دێتە بەرباس و نە پشتیوانی بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵات پێکدێ. پێشمەرگە وەک دڵی مرۆڤ وایە، چونکە بە بێ دڵ، هیچ ئورگانێکی جەستەی مرۆڤ ناتوانێ زیندوو بمێنێتەوە.

سەرەڕای دەسکەوتی بەرچاو لەو ماوە کورتەدا، مەترسیی زۆرە لەبەردەم پرۆسەی ڕاساندا هەیە. یەکێکیان ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدا ڕاسان ڕاگرێ، لەوانە بە کەڵکوەرگرتن لەو لاوازییانەی کە لە ئارادان. لاوازییەک ئەوەیە کە نەک تەنیا حزبمان زۆرە، بەڵکوو حزبی دێموکرات و کۆمەڵە تووشی دابڕان بوون. ئەگەر کۆماری ئیسلامی لە پەرەپێدانی ئەو دابڕانانە سەرنەکەوێ، دوور نییە یان سەلەفییەکان بەهێز و چەکدار بکا بۆ ئەوەی بە گژ پێشمەرگەیاندا بدا، یان ئەوەی شتێک لە بابەتی داعش دروست بکا بۆ ئەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی لە ڕۆژهەڵات بەدناو بکا و لە پشتیوانیی نێودەوڵەتی بێبەری بکا. خامنەیی و ئەسەد سەرکەوتووانە ئەو سیاسەتەیان لە سوریە بردە پێش و بۆ بەدناوکردن و لاوازکردنی ئوپۆزیسیۆنی سوریە، ڕێگایان دا بە پەرەئەستاندن و بەهێزبوونی داعش و گرووپە جیهادییەکانی دیکە.

لاوازیی سەرەکیی کوردی ڕۆژهەڵات ئەویە کە هێزێکی نیە وەک حزبی دێموکراتی پێش ڕاگرتنی خەباتی چەکداری لە ساڵانی نەوەد، واتە هێزیک کە خاوەن هێژمۆنی بێ. هێزێکی خاوەن هێژمۆنی بەو واتایەی کە لە ڕووی سیاسی و داراییەوە سەربەخۆ بێ و هەروەها خاوەن هێزی سەربازیی بەرچاو بێ بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان گوتاری ئەو حزبە پەسەند بکەن و بەرهەمی بهێننەوە و هەروەها دونیای دەرەوەش بە نوێنەری کوردی ڕۆژهەڵاتی بزانێ.

لێکوڵێنەوەی جێگای سەرنج لە زانستی سیاسیدا سەبارەت بە بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکان نیشانی دەدا کە یەکگرتوویی یان یەکگرتنی هێزەکانی نێو بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی، ئەساس نیە، بەڵکوو ئەوە هێژموونیی یەکێک لەو هێزانەیە کە لە پرۆسەی ڕزگاریدا بڕیاردەر و چارەنووسساز دەبێ. کۆماری ئسلامی بە باشی ئەمە دەزانێ، بۆیە بەردەوام هەوڵی لاوازکردنی سەربازی، ئابووری و سیاسیی حزبی دێموکراتی داوە و هەروەها بوونی حزبی زۆری لە کوردستان زۆر پێ خۆشە و ڕەنگبێ ناڕاستەوخۆ ئاسانکاریشی بۆ کردبێ.

هەرچەند پێکهێنانی بەرە باشە، بەڵام جێگرەوەی هێزی خاوەن هێژمۆنی نیە و ناشبێ. ئەم ڕاستییە لەگەڵ هەستی خەڵک و پرۆپاگەندای حزبەکان نایەتەوە و ڕەنگبێ ئەم لێکدانەوەیە، کەس و لایەنگەلێک تووڕەش بکا. بەڵام ئەم لێکدانەویە بنەمایەکی زانستی هەیە. بۆ نموونە، لە کۆتایی هەشتاکاندا، لە باشووری کوردستان، بەرە پێکهات، کەچی ڕێگر نەبوو لە شەڕی براکوژی. ئێستا سیستەمی سیاسی لە باشوور لە دووجەمسەرییەوە بووە بە فرەجەمسەری و ئەوەش وایکردووە کە کوردی ئەو بەشە لاواز بن و نەک نەتوانن هەنگاو بەرە سەربەخۆیی بنێن، بەڵکوو بەردەوام بە دەست قەیرانی سیاسییەوە بناڵێنن.

بۆیە، حزبی دێموکرات کە بەهێزترین ڕێکخراوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، دەبێ دوورمەودا کار بۆ وەدەستهێنانەوەی هێژمۆنی بکا. بە دووری نازانم ئەو هێژمۆنییە، هەروەها بتوانێ پێکهێنانی بەرەش دەستەبەر بکا. ئەگەر حزبی دێموکرات دەیهەوێ کار بۆ بەرە بکا، دەبێ لە سەر بنەمای مۆدێلێک بێ کە هێزی پێشمەرگە بکا بە سپایەک بۆ داهاتووی کوردستان. واتە، نابێ هەر حزبێک خاوەن هێزی چەکداریی خۆی بێ، چونکە ئەوە بە واتای هەبوونی کۆمەڵە حزبێکی چەکدارە کە مەترسیی ئەوەی هەیە لە کاتای ململانێی توندی حزبیدا ببنە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆیی. لە ڕابردوودا هەم لە کوردستان و هەمیش لە زۆر شوێنێ دیکەی جیهان چەندین جار شاهیدی ئەم ڕاستییە تاڵە بووین،. فرەحزبی شتێکە، فرەچەکدار شتێکی دیکە.

هەڵبەت حزبەکانی دیکە ڕازی نابن بەوەی کە سپایەک بۆ داهاتووی کوردستان پێکبێ، چونکە هەموویان خۆیان داناوە لە داهاتوودا ببن بە دەسەڵاتدار. بۆیە، تەنیا ڕێگا ئەوەیە حزبی دێموکرات هەوڵ بدا ببێتەوە بە هێزێکی خاوەن هێژمۆنی. لەو پێناوەدا، دەبێ حزبی دێموکرات کار بۆ ئەوە بکا کە چارەیەک بۆ دابڕانی ساڵی ٢٠٠٦ لە نێو ڕیزەکانی خۆیدا ببینێتەوە. بە پێچەوانەی خۆماندووکردن بۆ پێکهێنانی بەرە، وەدەسهێنانی ئەو ئامانجە هەم ئەگەری زۆرترە، هەمیش ستراتژیکترە.

دواجار، درێژەپێدان و سەرکەوتنی ڕاسان بەندە بە دەور و باندۆڕی نیزامی و سیاسی هێزی پێشمەرگەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت