کاتێک هزر و دەروون کۆیلە بوون، گەڕانەوە مەحاڵە/ لەپەراوێزی سەرەخۆشی کردن لە قاسم سلێمانی

0
1638

ڕوانگەی ڕۆژی کورد

هەرێمی کوردستانی باشوور، ڕێکەوتی ٢٥ی سیپتامبری ٢٠١٧ گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئێراقی بەڕێوەبرد. نزیک بە 93 لەسەدی کوردان (کە بەشێکی بەرچاویشیان ڕۆژهەڵاتی بوون) دەنگی “ئەرێ”ـیان بە سەربەخۆیی دا، جیهان هەژا، ڕیزبەندیی دژبەران دەستی پێکرد، لە ناو دژبەراندا کوردی باشووریش هەبوون وکەمڕەنگیش نەبوون، لە ناو داکۆکیکاراندا ئیسراییل وەک وڵات و کوردانی ڕۆژهەڵات وەک نەتەوەیەکی بێ وڵات، بەرچاوترین و ڕاشکاوترین بوون.

ڕێکەوتی ١٥ی ئۆکتۆبر واتا ٢١ ڕۆژ دوای گشتپرسی، لە شاری دووکان لە هەرێمی باشوور، کۆبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی باشوور بە بزەی لێو و پێکەنین و دەستی یەکتری گوشین کۆتایی پێهات، ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبر هێرش کرا سەر کەرکووک و خانەقین و شنگال و مەندەلی و …سەرجەم ئەو شوێنانەی بە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم ناسرابوون. پێشمەرگەی حیزبەکان بەپانەوە هەر بەر لە هێرشەکە کشابوونەوە، نەجمەدین کەریم، پارێزگاری ئەوساکەی کەرکووک کە دەستی بە پێشمەرگە ڕانەدەگەیشت، داوای لە خەڵک دەکرد بە گۆپاڵ و چەکی خۆیان بەرگری بکەن.

تا زیاتر لە ماوەی دوو ڕۆژ دوای هێرش بۆ سەر کوردستان، تەنیا دەنگێک کە دەبیسترا دەنگی خائینە ئاشکراکان بوو کە دەیانکوت ئێمە خیانەتمان نەکردووە و بە کۆ و بە گشتی ڕێککەوتووین. دوای دوو ڕۆژ، دەنگی بەڕێز مەسعوود بارزانی و نەجمەدین کەریم و کۆسرەت ڕەسووڵ و دەیانی تر بیسترا، نێچیروان بارزانی تا دوو ڕۆژ دوای ئەویش هەر بێدەنگ بوو.

کۆی گشتی قسەکان، وەک هەموو مێژووی نێوان پارتی و یەکێتی لە باشوور، تاوانبارکردنی ئەوی تری و بە جاش و خائین ناساندنی ئەوی تری بوو. خەڵکانێکی خۆبەخش و هەندێ پێشمەرگەی ڕێکنەخراوی دڵ کوردستانیش لە پردێ بەرگرییەکانیان کرد و دونیای دەرەوە هاتە سەر هێڵ، بەرگریەک کە بە گوێرەی ڕای چاوەدێرانی سیاسی دەبوا لە کەرکوک کرابا و ئەگەر لەوێ کرابا ئەوا جیهانی بە قازانجی کورد دێنایە سەر هێڵ و ئەوەی قەوما، لانیکەم بەو ئاستە خەساربارە نەدەقەوما.

ڕێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر و لە کاتێکدا کە  قاسم سلێمانی، فەرماندەی سپای تیرۆریستیی قودسی ئێران، فەرماندەیی میلیشیا شیعەکانی حەشدی شەعبی و سپای ئێران بە دژی کوردستان دەکا، محەمەد سلێمانی، باوکی قاسم سلێمانی (قاسم سلێمانی ساڵی ٢٠١٢ و دوای هەوڵ دان بۆ تیرۆری ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی ئێستای سعوودیە و باڵوێزی ئەو کاتیی سعوودیە لە ئەمریکا، چووەتە ناو لیستەی تیرۆری ئەمریکاوە) دەمرێ و لە دوای پێنج ڕۆژ دوای ئەو ڕێکەوتە، بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی باشوور کە ئێستا لەلایەن بەغداوە وەک پارێزگا یان ئەیالەت ناویان دەبردرێ و جیا لەوەی کە ئەمریکا پشتیوانیان ناکا، لە بەغدا بەشە بوودجەیان لە سەدا ١٧ ـەوە بۆ کراوەتە سەدا ١٢ و بڕێک. جیا لەوەش بەغدا بە ناوی هەرێم بانگیان ناکا و بوودجەکەشی بۆ پارێزگاکان تەرخان کردووە و وەک بەشێکی تەواو لە بەغدا نەک هەرێمێکی فیدراڵ چاویان لێدەکات. جیا لەوەش بەغدا داوای هەموو خاڵە سنووریەکان دەکات و هەموو بیرە نەوتیەکانیش دەکاتەوە.

لەو حاڵەدا کە لە ئێستادا، چاوەدێرانی سیاسی ڕایان وایە کە، ئەگەر بێت و ئەمریکا لە فریای کوردی باشوور نەکەوێ، لە ماوەی شەش مانگی داهاتوودا، هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە پێش ساڵی ١٩٩١ و بندەستییەکی تەواو. عیبادی لە ئێستادا بێ منەت لە هەموو جیهان، لە سعوودیە، داوای ئەمریکا و سعوودیەی بۆ  پێکهێنانی بەرە بە دژی ئێران و دەرکردنی سپای تیرۆریستیی ئێران لە ئێراقی ڕەت کردەوە و لە ئێرانیش باسی لە پاشەکشە پێکردنی یەکجارەکی بە کورد کرد و لە تورکیەش، بکەرانی گشتپرسی بە تیرۆریست ناساند، بەو حاڵەوە بەشێک لە کوردی باشوور بە گشتی و بە کۆمەڵ، سەرەخۆشی لە قاسم سلێمانی دەکەن و بە برای بەڕێزی خۆیانی دەناسێنن. ئەوە واتا ڕۆحی کۆیلەتی لە ناو بەشێکی زۆری کوردی باشوور و سەرکردایەتیەکەیدا چەقەرەی کردووە و بناغەی هێندەی هەموو مێژووی خیانەت، بەهێز بووە و لە بڕان نەهاتوویە.

شەهید د. قاسملوو، ڕێبەری کوردەکانی ئێران و سکرتێری پێشووتری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە لە ئاستی جیهاندا ناسراوە، وتەیەکی بەنرخی هەیە کە دەڵێ: “شۆڕشی هەر پارچەیەک لە کوردستان، ناچارە لەگەڵ داگیرکەری پارچەکەی تری کوردستاندا پەیوەندی هەبێ بەڵام دوو مەرجی هەیە: یەک: لەسەر حیسابی خەباتی پارچەکەی تر نەبێ و دوو: ئەوەندە نەچنە پێش کە نەتوانن بکشێنەوە”، کوردەکانی باشوور هەر دوو خاڵ و مەرجیان بە دەیان جار بەزاندووە و ئەوەش کۆی گشتی ڕێبەریی ئەو پارچەیە لە ڕابردوودا تا بە ئێستا دەگرێتەوە و پێدەچێ لە داهاتووشدا هەر لەسەر ئەو خوویە بڕوات کە بە منداڵیەوە گرتوویەتی، مەگەر ئەوەی کە  ڕژیمی تیرۆریستی ئێران بڕووخێت.

مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانی باشوور کە بەپێی بەڵگەکان بە زۆرەملی لەکار دەستی کێشایەوە و پێشتریش داوای ئەمریکای بۆ دەست لە کار کێشانەوە ڕەت کردووەتەوە، لە نامەیەکدا، قاسم سلێمانی بە برای بەڕێزی خۆی دەناسێنێ و دەشڵێ کە مەرگی دڵتەزێنی باوکی قاسم سلێمانی ئەویشی ناڕەحەت کردووە و هیوای سەرساخی بۆ قاسم سلێمانی دەکات و داوای بەهەشتی بەرین بۆ باوکی.

ئەو نامەی مەسعوود بارزانی، ناسراو بە کاک مەسعوود کوڕی مەلا مستەفا بارزانی، ڕێبەری شۆڕشی بارزان لە باشوور، زیرەکانە درا بە کۆنسوولی ئێران و لە ڕاگەیێندنەکانی باشوور بڵاو نەبۆوە و لە سەرجەم ماڵپەڕ و هەواڵدەرییە فەرمیەکانی ئێران وەک ئیسنا و ئیرنا و تەسنیم و لە ماڵپەڕی کۆنسوولگەریی ئێران لە باشووریش بڵاو بۆوە. دوو ڕۆژ لەو باسە لایداوە بەڵام تا ئێستا نکوڵی لە نووسینی ئەو سەرەخۆشیە دۆستانەیە بۆ کەسێک کە هێرشی هێنا سەر خاک و زێدی کوردستان و کەرامەتی کوردی لە باشوور شکاند و “شەڕی ئیرادەی” لەگەڵ کورد کرد و کوردی بێ ئیرادە کرد، نەکراوە کە ئەوە خۆی بە واتای ڕاستبوونی بانگەشەی ئێرانە.

فوئاد مەعسووم، سەرۆک کۆماری ئێراق کە سەر بە یەکێتیی نیشتمانیە و تا ئێستاش نەیکردووە بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە هێرش بۆ سەر کوردستان وتار، ڕاگەیێندراو، دیمانە یان ڕاگەیێندراوێک بدات و بووە بە نێوبژیوان یان باشترە بڵێین دەڵاڵی نێوان ئێراق و هەرێم، لە نامەیەک دا بە هەمان شێوە سەرەخۆشی لە قاسم سلێمانی “برادر عزیز جناب آقای قاسم سلیمانی” دەکات و دەنووسێ:

“برادر عزیز جناب آقای قاسم سلیمانی

سلام علیکم و رحمة الله

با تأسف فراوان خبر درگذشت مرحوم پدرتان رحمة الله علیه را دریافت کردم. از خداوند متعال برای ایشان رحمت الهی و سکونت در رضوان را مسئلت دارم و برای شما نیز در برابر این اتفاق دردناک صبر و آرامش آرزومندم”.

«حاج حسن سلیمانی» پدر حاج قاسم سلیمانی سه‌شنبه نهم آبان در سن 95سالگی بر اثر کهولت سن در استان کرمان دار فانی را وداع گفت که مراسم تشییع و تدفین وی با حضور شخصیت‌هایی از لبنان، عراق و سوریه در روستای «قنات‌ملک رابر» کرمان برگزار شد.

لەلایەکی تریشەوە، چەندین کەسی یەکیتیی نیشتمانی ناسراو بە باڵی خەیانەت وەک ئاراس شێخ جەنگی، بە جلی ڕەشەوە و بە شێوەی حزووری چوونە سەرەخۆشیی قاسم سلێمانی کە وێنەکانیان لێرەدا دادەنێین و بە هۆی ئەوەی کە ئێستاکە لە ناو کورددا، ناوی ئەوان بە خائین ناسراوە، خۆ لە زێدەوێژی لەسەر ئەو بابەتە نادەین.

لەو ناوەدا هەندێ مەلا و شێخ و کەسی تریش کە پێدەچێ تەریقەت و تەکیە و کوێخایەتییەکیان لە مەڵبەندی خۆیان هەبێ، لەو سەرەخۆشیە بەشدارن کە وێنەکانیان دادەنێین و لەو ناوەش دا شێخ تاهیری کویسە بە جلوبەرگێک کە لە لایەن ڕاگەیەندنەکانی ڕژیم بە گاڵتەوە باسی دەکەن لە سلێمانیەوە بەشدارە .

لە هەمان کاتیشدا، هاوتەریب و هاوتا لەگەڵ ئەو کوردانە، بەشارد ئەسەدی سەرۆکی سووریەش، چەپکە گوڵێکی بە نیشانەی ڕێزلێنان و سپاس، بۆ قاسم سلێمانی و پرسەی باوکی ئەو، ناردووە.

ئەوە دەست خۆشی و ڕێزلێنانە لە ئەو شەهیدانەی بە ناحەق لە کاتی بەرگریی خۆیان لە کەرکووک لە دوای هەڵاتنی فەرماندەکانیان کە هەر کامەو بە بەڵگەوە وەنەوشە یان خانوویەکیان پێدراوە، لەلایەن حەشدی شەعبیەوە سەریان بڕدرا، ١٧ پێشمەرگەی ئازای گەرمیان کە پێدەچێ ئێستا بەو سەرەخۆشیانە لە جەلاد و بکوژەکانیان، ڕوحیان ئارام بێ و لە جیهانی تریشدا “ئەی ڕەقیب” بڵێنەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.