کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ سەبارت بە ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەحوازی ڕاگەیێندراوەیەکی بڵاو کردەوە

0
741

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۱۱ی خاکەلێوەی ۲۷۱۸ی کوردی بەرانبەرە لەگەڵ ۳۱ی مارسی ۲۰۱۸ی میلادی لە ڕاگەیاندراوەیەکدا پاڵپشتی خۆی بۆ خەڵکی ئەحوازی ڕاگەیاند.

ڕۆژی کورد: خەڵک و لاوانی عەرەب زمانی ئەهوازی، بەرانبەر بە بێڕێزی و سووکایەتییەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕژیم، چەندین ڕۆژە بە ناڕەزایەتی و ڕێپێوان ڕژاونەتە سەر شەقامەکانی ئەو شارە.

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕژیم لە ترسی ناڕەزایەتی دەبڕینەکانی خەڵک، داوای ناردنی هێزی چەکداری پشتیوان لە خوڕەم ئاوا کرد بۆ ئەهواز و شارەکانی دەور و بەری بە مەبەستی سەرکوت کردنی ناڕەزایەتییەکان.

خەڵکانی ناڕازی بە وتنەوەی درۆشمەکانی ” پەستی قەبووڵ ناکەین “،”گیانم بە فیدای ئەهواز “،”ئەهواز ئەوینی منە “،” ئێمە لێرە دەبین، ئێرە وڵاتی باب و باپیرانمانە “،” من عەرەبم “،” ئەهواز ڕادەست ناکەین ” و درۆشمە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی دیکەیان دەوتەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەو ناڕەزایەتییانە بە شێوەیەکی هێمنانە و لە سەرخۆ بەڕێوە دەچوو بەڵام هێزە ئەمنییەتییەکان ڕۆژی پێنج شەممە و هەینی لە ناوەندی شاری ئەهواز و ناوچەی کۆت ئەبدوڵڵای ئەو شارە بەرانبەر بە جەماوەرە ناڕازییەکان گازی فرمێشک ڕێژ و چەکی گەرمیان بە دڕندانەترین شێوە بەکار هێنا و ڕێژەیەکیش لە خەڵکانی ناڕازی دەست بەسەر کران.

کەریم دەحیمی، چالاکی مافی مرۆڤی ئەحوازی، سەبارەت بە ڕێژەی گیراو و بەند کراوەکان، ڕایگەیاند کە تاکوو ئێستا نزیک بە ۲۶ کەس دەست بەسەر کراون کە چەند ژنێکش لە نێوان گیراوەکاندان.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیداڵ لە ڕاگەیاندراوەیەکدا، داوای لە هەموو خەڵکی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانی کرد بە مەبەستی بەرانگاری لە بەرانبەر سەرکوتەکانی ڕژیمی ئاخوندی ئێراندا یەکگرتوو بن.

دەقی ڕاگەیاندراواکە بەم شێوەی خوارەوەیە.


ڕاگەیەندراوی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ

بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی خەباتگێڕی ئەحوازی دژ بە سیاسەتی وەرگیراو لە سیاسەتە گشتییەکانی ڕێژیم بۆ لە نێو بردنی فەرهەنگ و شوناسی نەتەوە غەیرە فارسەکان.

ناڕەزایەتی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئەحوازی بەهۆی سیاسەتەکانی ڕێژیم بۆ لە نێو بردنی فەرهەنگ و شوناسی نەتەوە غەیرە فارسەکان درێژەی هەیە.

ئەوان داواکاری ئەوەیان هەیە کە بەرپرسانی ڕژیم داوای لێبوردن بکەن و بەرهەمێنەرانی ئەو بەرنامە “پڕ لە سووکایەتییە” تەلەفزیۆنییە سزا بدرێن، و نەکۆڵی کردن لە شوناسی ئەوان هۆکاری ناڕازی بوونیانە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، سەرەڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ خەڵکی خەباتکاری ئەحوازی، جارێکی دیکە بیرتان دەهێنێتەوە کە تەنیا ڕێگای پێش گرتن لە درێژە دان بە سەرکوتە جۆراوجۆرەکانی ڕژیم، یەکگرتووی خەڵکانی دانیشتووی ئێرانە بۆ بەرەنگاری و تێکۆشتان بە مەبەستی لە نێو بردی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران.

سکرتاریای کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ “

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لە ڕێکەوتی ۲۰ی فەڤریەی ۲۰۰۵ی میلادی بەرانبەرە لەگەڵ ۲ی ڕەشەممەی ۲۷۰۵ی کوردی بە هاوکاری حەوت حیزبی ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەکانی ئێران، لە شاری لەندەن، پێتەختی وڵاتی بریتانیا پێک هاتووە.

حیزبە پێک هێنەرەکانی ئەو کۆنگرەیە بریتین لە:

۱ــ بەرەیی یەکگرتوویی بەلووچستان
۲ــ بزووتنەوەی فیدراڵ دیموکراتی ئازەربایجان
۳ــ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٤ــ حیزبی خەڵکی بەلووچستان
۵ــ حیزبی هاوپەیمانی دیمرکراتیکی ئەحوازی
٦ــ ڕێکخراوەی داکۆکی کاری لە مافی نەتەوەیی تورکمانی
۷ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

ئەم حیزب و ڕێکخراوانە ئەو کۆنگرەیان پێک هێناوە و پاشان چەند پارت و ڕێکخراوەیەکی دیکە پەیوەست بوونە بە ڕیزی کۆنگرەکەوە.

ئەو حیزب و لایەنانە کە دواتر پەیوەست بەو کۆنگرەیە بوون بریتین لە:
۱ــ بەرەیی یەکگرتوویی خەڵکی بەلووچستان
۲ــ جووڵانەوەی نەتەوەیی ــ دیموکراتیکی تورکمانی
۳ــ حیزبی یەکتیەتی بەختیاری و لۆڕستان
٤ــ ڕێکخراوەی خەڵکی کورمانج ( کوردەکانی خوراسان )
۵ــ کانوونی فەرهەنگی و سیاسیی ئازەربایجان
٦ــ کانوونی فەرهەنگی و ساسیی خەڵکی تورکمانی

لە گشتیدا سێزدە حیزب و ڕێکخراوەی نەتەوەکانی بندەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەندامی ئەو کۆنگرەیەن و ئامانجیان پێک هێنانی حکوومەتێکی دێموکراتیک فیدراڵە لە داهاتووی ئێراندا لە ئەگەری هاتنە ئارای هەر شۆڕش و سەرهەڵدانێدا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.