ویستی ژنی کورد و فێمینیستە کوردەکان، هێندەی زەوی و ئاسمان لێک دورن

0
3704
سارا قەناعەتفەر

نووسینی: سارا قەناعەتفەر

بەداخەوە هەر کەس و لایەنێک، لەژێر ناوێک و سیاسەتێکەوە خەریکن ژن و ئافرەتی کورد بەلاڕێدا دەبەن و زۆر کەسیش کاڵفامانە و بە بێ تێگەیشتنی تاکە کەسیی خۆیان، تەنیا وەک تووتی قسەی چەند کەسێک دووپات دەکەنەوە.

ڕاستە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ، بە داخەوە لە هیچ کۆمەڵگایەک، بە تەواوی و بە شێوەی کرداری، مافی بەرانبەر لە نێوان ژن و پیاودا نیە و لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی جیهاندا، ژن دەچەوسێتەوە و مافەکانی پێشێل دەکرێت. لێرەدا ئامانج سەرکۆنەکردنی هیچ لایەن و هێزو تاکێک نیە، خەسارناسیی ئەو بابەتە پێویست نیە و دڕکیش لە قاچ و قولی کەس دەرناهێنێ بەڵکو بۆی هەیە زامێکیش دابتاشێ، هەر بۆیە لێرەدا باس لە چۆنیەتیی بەهێز کردنی ئەو گڕکانە کە تاڕادەیەک ڕۆمرکاو و کوژاوەیە دەکەین.

پیویستە کچان و ژنانی چالاک لێکتر کۆببنەوەو تێبکۆشن بەشێک لە کاتی خۆیان بۆ کۆرد و ژنی کورد تەرخان بکەن، ڕاستە کێشە زۆرە بەڵام خۆ هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگانە بە نیوەی ئازاری ژنی کورد نین کە ئێمە لێی بەرپرسیارین و تا ئێستاش بە باشی پێناسە نەکراون، هزر و فکری جوان و شیاو بکەینە بنەمای پەیوەندی و لێکتر نزیک بوونەوەمان و بە هزرو ڕوانگەوە کار بکەین و هەوڵ بدەین تواناییەکانی خۆمان بە یەکتری بناسێنین، ئەوەیکە چالاکیی ژنی کورد چەندە گرنگەو دەوری ژن لە کۆمەڵگادا چییە، هێندە ڕوون و ئاشکرایە کە جێگای باس کردن نیە، ژن وەک ژن، وەک دایک، وەک خوشک، وەک مرۆڤ، وەک تاکێکی کۆمەڵگا، ژن وەک وزەی کار و مرۆیی، و…تاد، دەیان دەوری گرنگی لەسەر شانە کە بە ڕاشکاوی دەبێ بڵێین ئەو ئەرک و دەورانە ژنی کردووە بە بناغەی ماڵ و کۆمەڵگا و بەلاڕێدابردنی ئەو ئەرک و دەورە، بەلاڕێدابردنی کۆمەڵگایە.

ئەوەیکە لێرە دەخوازرێ باسی لەسەر بکرێ، بە فیڕۆچوون یان لاڕێ بوون یان لەوانەشە خرابتر لەوانە، ناچالاک بوون و پەسیوبوونی ئەو وزە بەنرخ و شیاوەیە. ژنانی کورد دەبێ و دەتوانن پێگەیەکی گەورەیان لە ناو کۆمەڵگادا هەبێت ولابییەکی بەهێز بن بۆ ڕۆژهەڵات هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە، چونکە هەر ژنە کوردێک لەلایەک و ڕوویەکەوە تواناییەکی تایبەتی هەیە و ئەوەش حاشاهەڵنەگرە و دەشکرێ ئەو تواناییانە پەرەیان پێ بدرێت و لایەنە شاراوەکانیان بدۆزرێتەوە یان بخرێتە ڕوو.

ئێمە دەبێت ببین بە دەنگی ڕەسەنی ئازارەکانی ژنی کورد، نابێت ڕوانینمان لە چاویلکەی ژنانی وڵاتانی دیکەوە بڕوانێت، لەبیرمان نەچێت ئێمە بانگ و دەنگی ژنی کوردین لە کۆمەڵگای کوردیدا نەک لە شوێنێکیتر، واتا دەبێت لێدوان و لێکدانەوەمان بۆ ژنی کورد بێت و بەپێی ئازار و کێشە و ویست و داهاتووی ژنی کورد.

ئەوەش بەو واتایە نیە کە نابێت هیچ بازنەیەکی کەلتووری ببەزێنین و دەست لە هیچ کەلتوورێک نەدەین، نەخێر بەڵکو بەو واتایەیە کە دەبێ بزانین ژنی کۆرد لە چ ئاستێکدایە و دەبێ بگاتە چ ئاستێک، دەبێ بزانین ژنی کورد کام مافی لێ زەوت کراوە کە دەبێت بۆی بگەڕێنینەوە، نەک ئەوەیکە بە بێ لەبەرچاوگرتنی دۆخ و ئازارەکانی ئێستاکەی ژنی کورد بانگێکی بۆ بدەین لە ئەنجامدا بە دژی خۆیمان بزانێت، کەواتە ناسینی دۆخی ئێستا و ئەو دۆخەی دەبێ ژنی کورد بیگاتێ، دەبێ سەرەکیترین و یەکەم هەنگاومان بێ و بەو پێیە ئاسۆیەک دیاری بکەین و بەرەو ئەو ئاسۆیە هەنگاو بنێین.

کارێک کە تا ئێستا نەتەنیا کەسانی خۆ بە فێمێنیست زان نەیان کردووە بەڵکوو بەتەواوی پێچەوانەی ئەو بوون و هەر بۆیەش ڕاشکاوانە دەبێ بگوترێ کە ویستی ژنی کورد و فێمینیستە کوردەکان، هێندەی زەوی و ئاسمان لێک دورن و بەو شێوەیە هیچ کات بەیەک ناگەن و لێک تێناگەن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت