هەڵگورد، مەسنەویەک بۆ مێژووی کورد

0
2275
ڕەسووڵ سوڵتانی

هەڵگورد

ڕەسووڵ سوڵتانی

با قەڵەم بێتە زمان و ڕاپەڕێ
سەیرە پێم چۆنە زمانی ناگەڕێ!
ئێستە هەڵگورد بۆتە هێلانەی هەڵۆ
كەژ هەموو بانگی دەكەن خاوەنشكۆ!
تۆ كەرەم كە و چۆم و كانی ڕێ بدە
خۆت هەڵۆیەكمان بەدیاری پێ بدە
با وەكوو تۆ تۆزێ شانازی بكەین
سەربەقوربان خۆی و ڕێبازی بكەین
با وەكوو تۆ گەورە بین سەرمان هەڵێ
نیشتمان ناومان لە مێژوودا بڵێ
تۆ چەنێ خۆشبەختی بەردت ڕووگەیە
سەنگەر و پشت و پەنای پێشمەرگەیە
“قادری” وەك لووتكەتە ئێستا سەری
سپی دەچێ و لەشكاننەهاتوو سەنگەری
ئێستەكەش هەنگاوی هەر وایەو بەتین
ڕێگە دەبڕێ زۆر بە ئیمان و یەقین
“خۆشكەلام”ـێكی لەوێ هاوسەنگەرە
شێری مەیدانە و قەڵای جەنگاوەرە
“خۆشكەلام” بێت و لە هەڵگورد بێتە خوار
ئەو چیایە سووك دەبێت و لێوبەبار
لێگەڕێ با جاڕی مێژووی كورد بدەن
هێز بە قەندیل و چیای هەڵگورد بدەن
با قەڵەم ئەمڕۆ لەخۆشی بێتە دەنگ
ماچ بكا پەنجەی پەلاپیتكە و تفەنگ
ماچ دەكەم شان و شەپیلكی ڕۆڵە كورد
كوێر دەبێ چاوی لە داخان زۆڵە كورد
“قادر”ـێك لەو لووتكەیە پێشمەرگەیە
شێری ڕۆژی گیانفیدایی شەڕگەیە
پێم دەڵێ هاوسەنگەرم بێ “خۆشكەلام”
دەنگی بۆمبا هەر وەكوو بایە لەلام

هەڵگورد 2: بۆ هەردوو لەتەكەی دیموكرات

ئێستە هەڵگورد شای چیاكانە و دەڵێ
كاتی وەی هاتووە كە داگیركەر هەڵێ
ئێستە لێرەن ڕۆڵەكانی نیشتمان
نیشتمانیش ڕووگەیە بۆ گشتمان
دوژمنم پێی وانەبێ خۆ ڕادەنێن
سەر لە پێناو نیشتمانا دادەنێن
“پێشەوا” ڕێگەی نیشانداین بۆ ژیان
بۆیە ڕۆڵەی نیشتمان شێری چیان
كیژ و كوڕ دەستیان لە دەست یەك نا هەموو
حەز دەكەن ماڵی حیزب یەك بێ، نە دوو
ئەی ئەوانەی ئاشقی كورسیی لەقن
تاكوو یەك نەگرن هەمووتان ناحەقن
هەستن و یەكدەنگ و یەكڕیز وەرنەوە
جا میداڵی قارەمانی بەرنەوە
تاكوو دەنگ و ڕەنگ و هەنگاو یەك نەبێ
تاكوو سۆمای دیدە و و چاو یەك نەبێ
چۆنی دەبڕن ڕێگەیی ئەنگوستەچاو
تووڕەیە میللەت لە ئاوێنەی شكاو
هەستن و ڕێبازی قازی ون مەكەن
بەسیە جەرگی دایكمان كون كون مەكەن
ڕابن و شێری سڕ و نوستوو مەبن
بۆ گەلی خۆتانە یەك بن، دوو مەبن

نا لە ڕێبازی شەهیدان لا مەدەن
خوێنی ئاڵی ڕێبەران بەربا مەدەن

بیكەنە خاتر شەهیدانی وڵات
یەك گرن با یەك بێ ڕێبازی خەبات

هەڵگورد 3

لێمگەڕێ هەڵگوردی بەرزی سەربەتەم!

با لە كن تۆ باسی دەردی خۆم بكەم

باسی زامی پڕ لە ژانی میللەتم

باسی خاك و نیشتمانی لەتلەتم

باسی تەرمی بێ سەروشوێنی شەهید

دوا پەیامی نێو تكەی خوێنی شەهید

باسی نسكۆ و لێكترازان، دابڕان

باسی قاڕنێ كارەساتی كوردقڕان

دەردی لەتلەت بوونی  شیعر و بەستەمان

ناتەبایی و كرم و خۆرەی جەستەمان

سەنگەری لێكدابڕاوی شەڕگەمان

رۆحی پڕ زامی برای پێشمەرگەمان

دەفتەرم ئەو ڕۆژە بوو ڕووی ڕەش كرا

گۆڕی پیرۆزی شەهید دابەش كرا

**

گوێم دەیە هەڵگوردی تەمگرتووی خەمین

هاتووم تاكوو بگێڕم گەرمەشین

گەرمەشینێك بەرد بتاوێنێتەوە

ئاو لەچاوی تاڤگە بڕژێنێتەوە

گەرمەشینێك بۆ شەهیدی دووروڵات

بۆ شەهیدێكی كە نێژرا بێ خەڵات

لێمگەڕێ تاوێ بناڵێنم بەكوڵ

تا بە فرمێسكم بدێرم دار و گوڵ

هەر گوڵێ شین بێ لە خاك و هەردی من

شارەزا بێ با لە ژان و دەردی من

با بزانن شینی مێژووی سوور دەكەم

شینی “ساماڵ” و سەدان “مەنسوور” دەكەم

با بزانن باسی ئەم ڕۆڕۆیەمە

شینی ناودارانی دەرگای كۆیەمە

با لە بیر مێژوو نەچێ نازناوی تۆش

ناوی هەر وا پیس و ڕەش بێ كوردفرۆش

دیارە هەڵگورد تۆ چیای خۆڕاگری

سەیرە بۆ “ساماڵ” و “مەنسوور” ناگری

سەیرە بەردت هەروەكوو بەفری بەهار

بۆچی ناتاوێنەوە و نایێتە خوار

بۆ ڕەوەز سەر ناگرێتە نێو تەمێ

چۆن بەرۆكی ناگرێ بۆسۆی خەمێ

نیشتمانی من تەواو خاپوور بووە

خاكی باشووریش بە خوێنم سوور بووە

هاوزمانی خۆم لە باتی چارەسەر

لەشكری داگیركەری هێنامە سەر

ڕێم دە تا تف بكەم لە ناپاكی و دەهۆ

لێرە تیمار ناكرێ زامی بەسۆ

هەڵگورد 4 

با پەنایە بەرمەوە باوەش قەڵەم

با بە خوێن و ڕۆندكی لادەم هەڵەم

با سەرێكی دەم لە مێژووی ئەو گەلە

تاوەكوو تینم لەبەردایە و هەلە

بچمەوە كۆماری ساوای پێشەوا

سێبەری ڕووخاوی كوردی بێنەوا

بچمەوە ماچ كەم گڵی سەر گۆڕەكەی

كوێر بكەم با دوژمنە سەرشۆڕەكەی

پێی بڵێم میداڵ بوو ئەو سێدارەیە

دوژمنی پێ لاڵ بوو ئەو سێدارەیە

تۆ ژیای، هیوابڕاوە  دوژمنم

دێتەوە بۆ پەت لە ئەستۆ كردنم

ئەو دەزانێ من بەڕووی لووتكەی چیام

من لە نێو شەختە و مژ و باڕن ژیام

كوا دەكارێ بەرگی هیوام داڕنێ؟

نەیترازاندووم شەماڵ و باڕنێ

لێگەڕێ هەڵگوردەكەی خۆڕاگرم

ڕێم بدە با گوێ لە هەستم ڕاگرم

با بە خوڕ بگریم و بیلاوێنمەوە

با تەلان و زەرد و ما، بتوێنمەوە

با بدێرم من بە فرمێسك و بەخوێن

جێ هەواری چۆڵ، بڵێ یاران لە كوێن؟

كوانێ قاسملووی بەكاری ڕێگەناس؟

ژانی مێژووی من بكاتە “كورتەباس”

كوا شەرەفكەندی جڵەوداری خەبات؟

بێت و لەو شەوگارە ڕزگارم بكات

بێ ئەوان من شۆڕشی بێ ڕێبەرم

لەو بیابانانە چۆن ڕێ دەربەرم

پاشی وان  هاوارە بۆ فریادڕەسێ

چی دەكەم لەو نێوە شك نابەم كەسێ

هەن كەسانێ وا دەزانن تێدەگەن

بێ كتێب و خوێندنەوە چۆن پێدەگەن؟

هەن كەسانێ وا دەزانن ڕێبەرن

دیتمن، كورسی پەرست، ڕێ ونكەرن

یادگاری پێشەوایان كردە دوو

بیر و باوەڕیان بە كورسی دا بەشوو

پاشی ئێوە شۆڕشم كۆستی كەوت

هاتە دەشتی كۆیە سڕ بوو لێی خەوت

بوو بە كێشە و ململانێی پۆستەكان

بوو بە ڕمبازێنی كورسی­دۆستەكان

دەركران و لێدران خاوەن قەڵەم

سووك كران، بوغزێندران خاوەن قەڵەم

كێ زمانێكی لە زاردا بوو لەوێ

هەردەبوو تەوس و پلاری بەركەوێ

كێ نەزان و بێزمان بوو ڕێی درا

بێسەواد و هەرزە ڕێزی لێ نرا

ئێستەكەش قەرزاری ئێوەن هەر هەموو

ئەو كەسانەی شیر و تیریان لێك دەسوو

هەر لەسەر ئەو خوانە كەوتوون و سڕن

شیری ژەنگاوین و ئاویش نابڕن

“تۆ بڵێی ڕۆژێ بەرەو ماڵ بێنەوە؟

تێی چریكێنن لە لای گەرمێنەوە؟”

داخەكەم ئەمنیش لە قەدپاڵ و زورگ

كەوتمە شوێن تیشكی دوو چاوی گورگ

كەوتمە شوێن دەنگی هاتەرپاتەران

نەمدەزانی، تاكوو فیتنەی ماكەران

چا بوو چاوم بەو هەرایە كرانەوە

زامی كۆن و نوێم هەموو برژانەوە

بۆیە ڕێگەم بدەن بەخۆدا بێمەوە

با كە هەستاوم ئیتر نەشكێمەوە

چۆن نەكەم شینێ بەحاڵی ئەو گەلە؟

ژانی خۆمە، ژینی تاڵی ئەو گەلە

كرمی نێوخۆ قوڕگی ڕووباری دڕیم

ناتەبایی تین و پرزەی لێ بڕیم

چۆن نەناڵێنم ئەمن نەگرم گڕوو

هاوەڵانم بوونە ئاردی نێو دڕوو

پێم بڵێ جا پاڵەوان چۆن نابەزن؟

گای بنەم لێ بوونە سەركردە و مەزن

ئێستەكەش گوێ ڕاگرن پێتان دەڵێم

من نەهاتووم تا بە ئێوە هەڵبڵێم

هاتووم هۆنراوەكەم بەو بەرگەوە

بیخەمە بەرپێی هەموو پێشمەرگەوە

تا بڵێم تیشكی چرای ئەم ڕێگەیە،

ئێوە نا! نا!، هەر ورەی پێشمەرگەیە

چۆن بە پێشمەرگەی بزانم ئەو كەسەی

هەر لە پێناو پۆست و كورسی بن قسەی؟

ئێوە هەر باسی زگی برسی مەكەن

شۆڕشیش قوربانی یەك كورسی مەكەن

*******

ساقیا سووڕێ بدە بەولایەدا

بەو گوڕەی وەیشوومە و سەرمایەدا

با بزانی چۆنە ژینی تاڵی من

كێ شكاندوویە شكۆی شاباڵی من

با بزانی بۆچی دەرباز بووم، فڕیم

چۆن خەمی نانێ بڕستی لێ بڕیم

تا بزانی ژینی من بۆ وایە بۆ؟

ساقیا دەی واوەرە و ئاوا مەچۆ

من كوڕی ئەو بەندەن و كێوانەمە

وا تەرەی ئەم خاکی كوردستانەمە

وا لە جێی شێر و پڵنگان، كەمتیار

لانی چێ كردووە لە دێهات و لە شار

جاشی گوێشۆڕیش ئەوا كەوتوونە پێش

دێن و ڕاوی بۆ دەكەن وەك گورگەمێش

ئەو بە تاوان و ڕقی كوردایەتی

ئەم لە داخی غیرەت و ئازایەتی

ئەو لە داخی وەی كە چۆكم دانەدا

ئەم لە حەیفان بۆ لە ڕێگەم لانەدا

قۆڵی هەڵماڵیوە دێ بۆ كوشتنم

دێ پەتی داری بخاتە گەردنم

دەمكوژێ چون نافرۆشم خاكی خۆم!

نایدەمێ یەك زەڕڕە خاكی پاكی خۆم

دەمكوژێ چونكە زمانی خۆم دەوێ

ماف و ئازادیی ژیانی خۆم دەوێ

چونكە كوردم كوشتنە ماف و بەشم

شیعە بم یا سووننە بم لای وی ڕەشم

چون دەڵێم بۆچ ماڵی من وێرانە بێ

كێ لە كوێی دی خانەخوێ بێگانە بێ؟

ساقیا دەردم گرانە و دڵ بە خەم

شینی بێ مافی گەلی خۆم بۆ نەكەم

چۆن نەكەم شینی گەلی كوردی هەژار

شۆڕشی پەرش و بڵاوە و كۆڵەوار

دوژمنم بۆ كوشتنم برسیم دەكا

ڕێبەرم قوربانی یەك كورسیم دەكا

ناتەبایی ماڵی وێران كردووم

تینی ئەژنۆ و حوكمی چاوی بردووم

ڕۆژ هەتا ئێوارە ڕاساوین بە شیر

دوژمن و داگیركەریشمان چوو لەبیر

 ساقیا سەرباری ئەو دەرد و خەمە

گوێ لە من بگرە و لە ئەو ژانەی هەمە

وا پەشێو و بێ بژێو و دوور لە ژین

میللەتم كەوتۆتە بەر لافاوی قین

لاو و پیرم بۆ بژیوی ژینی خۆی

دادەنێ هێز و بڕست و تینی خۆی

وا بە نێو قوڕگی مەرگدا ڕەت دەبێ

بەرد لە سوێیانی دڵی لەت لەت دەبێ

نرخی یەك پاروویە ئێستا ژیانی ئەو

چۆتە نێو زاری سەگی دڕ نانی ئەو

ئەو بە نێو مین و كەمیندا دێ لە دوور

لێرە گاڵتەی پێ دەكا گورگی سنوور

فیشەكی  داگیركەر و جاشی  تەرەس

مینی سەر ڕێ، باڕن و گرمەی هەرەس

هەر بەخۆشی و گاڵتە هەر بۆ پێكەنین

دەیكوژن دەیكەن ئیتر بێبەش لە ژین

خۆ بەڵام من ڕێگە بەرنادەم دەڕۆم

خۆم مشوورێك لەو وڵاتەی خۆم دەخۆم

ڕۆژێ دێ تۆماری خۆم دەخوێنمەوە

یەك بەسەد تۆڵەی شەهید دەستێنمەوە

گورزی تۆڵەی لاوی كورد دەخرێتە گەڕ

ڕادەماڵێ ئاسەواری شوومی شەڕ

ڕۆژێ دێ ئەمنیش تەواو ئازاد دەبم

وەك گەلانی پێگەیشتوو شاد دەبم

ئەودەمی داخی وەمە لێم دێنە پێش

مفتەخۆری حازری وەك پوڕگەمێش

دێن لەسەر سفرەی خەبات و خوێنی من

دەیكەنە هاوار لەسەر جێ و شوێنی من

یەك دەڵێ مافی مرۆڤی كوشتووە

یەك دەڵێ بۆچ خوێنی جاشی ڕشتووە

یەك دەڵێ بۆ زەبروزەنگی نواندووە

شوێنەواری زاڵمی فەوتاندووە

جاش دەبینی دێن بە ڕەنگی دیكەوە

دەیكەنە هەڵڵا بە فاك و فیكەوە

دێن بە ناوی مافی پیرۆزی مرۆ

میللەت و لاوم دەكەن لێ دەسخەرۆ

ئەو كەسانەی ئێستە بێدەنگ و كڕن

پاشی ئازادی لە ئاستی من دڕن

دێن و مەحكوومم دەكەن جا دەم هەراش

خەم لە داگیركەر دەخۆن و مەرگی جاش

من بەڵام گورزم لە كارە و  ڕۆژمە

باری تۆڵەی خۆم لەبارە و ڕۆژمە

شیری تۆڵەم هەڵدەكێشم بێ جڵەو

لێ دەدەم گوێ نادەمە هاواری ئەو

دێم و بانگ دێڵم لە لاوانی وڵات

دێم دەڵێم ڕابن كە نۆرەی ئێمە  هات

ژەنگی سەر دڵ لابەرن بە خوێنی جاش

بیدڕن كەللەی بهاڕن ورد و خاش

كیژ و كوڕ، پیران و لاوان ڕاپەڕن

تێر لەسەر تەرمی نەیاران هەڵپەڕن

خۆفرۆش و  كوردكوژ  و یاری نەیار

یەك بەیەكیان ڕیز كەن و بیدەن لەدار

رۆژی دێ شادی دەبەخشێ شار و دێ

جا بە تەرمی جاش دەنەخشێ شار و دێ

لاگری مافی مرۆڤیش هەر كەسە

تێری تێهەڵدەن بڵێن ئیتر بەسە

ئەودەمی سێدارە پێناسی مە بوو

گوللە ڕێبواری سەری كاسی مە بوو

ئەودەمی پڕ بوو لە من زیندانی شار

تۆ لەكوێ بووی دەمدرێژی و خوێنەوار؟

ئەودەمی زامی مە پڕ دەكرا لە خوێ

تۆ لەكوێ بووی، تۆ لەكوێ بووی، تۆ لەكوێ؟

بۆیە تا تۆڵەی شەهید نەستێنمەوە

دەفتەری مافی مرۆڤ ناخوێنمەوە

مافی ئینسان دەچتە دووتوێی دەفتەرێ

جا دەبێ خوێن بێ و سەری جاشان بەرێ

ئەو دەمی ئەمنیش بە شێعر و دەفتەران

دێمە سەر تەرم و سەری داگیركەران

دێم و شادیی خۆم لەگەڵتان بەش دەكەم

جوانترین هۆنراوەتان پێشكەش دەكەم

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.