هەوڵەکانی کۆنگرەی ئەمریکا بۆ خستنە ناو لیستەی تیرۆری سپای پاسداران بەردەوامە

0
691

ڕۆژی کورد: تێد کروز و جیم ئینهاف، دوو سیناتۆری کۆماریخوازەکانی ئەمریکا، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی، گەڵاڵەیەکیان داوە بە کۆنگرەی ئەمریکا کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سپای تیرۆریسیی پاسدارانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی دەناسێ.

بەپێی هەواڵی دەنگی ئەمریکا، لە بەشێک لەو پێش نووسەدا هاتووە: “سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی لەگەڵ پێوەرەکانی یاساکانی ئەمریکا بۆ دەست نیشانکردنی ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی یەک دەگرێتەوە”.

ئەگەر بێت و ئەو گەڵاڵەیە لە کۆنگرەی ئەمریکا بچەسپێ و ببێ بە یاسا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەرکدار دەبێ تا ئەوپەڕەکەی ٣ ڕۆژ دوای چەسپانی گەڵاڵەکە، ڕاپۆرتێک لەمەڕ دانانی ناوی سپای پاسداران لە ناو لیستەی ڕێکخراوە تیرۆریستییە بەیانییەکان بدا بە کۆنگرە و ئەگەر دژایەتیش بکا دەبێ هۆکارەکانی خۆی شی بکاتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەو گەڵاڵەیە، گەڵاڵەیەکی هاوشێوەش لە لایەن مایکێل مەک کال، یەکێک لە ئەندامانی پارلمانی نوێنەرانی ئەمریکا و نوێنەری یەکێک لە ناوچەکانی ئەیالەتی تێگزاس، دراوە بەو پارلمانە.

مەک کال دەڵێ ئەگەر ڕێکخراوێک وەک گروۆێکی تیرۆریستی بێ، هاوشیوەی گروپێکی تیرۆریستی چالاکی بکا و پشتیوانیش لە تیرۆریستەکان بکا، ئەو کات دەبێ وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی بیناسین.

مەک کال هەروەها دەڵێ: “ئەوەی کە ڕوونە ئەوەیە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی، ئیزنی ئەوەی هەبووە تا لە چوارچێوەی کۆمپانیاکان و تۆڕە شاراوەکانی قاچاغ، لەو حوکمە ڕابکات. دەدەوڵەتی ئۆباما بڕیاری دابوو تا چاو لەسەر ئەو چالاکییانە بنوقێنێ تا ڕێکەوتنی ناوکی سەربگرێ، ڕێکەوتنێک کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئێران گوتبووی، کرداری ئێران ناگۆڕێت”.

مەک کال لە درێژەدا دەڵێ: “لە ئەنجامدا، سپای قودس، لە ساڵەکانی ڕابردوودا، ڕاهێنانی بۆ گرووپگەلی ژێر چەتری خۆی وەک حیزبووڵا و حەماس کردووە و هاوپەیمانەکان و تەناهیی نەتەوەیی ئێمەی لە ناوچەکە خستۆتە مەترسییەوە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت