لە قەڵای دێموکرات لە کۆیە، تەقینەوەیەک ڕووی دا

0
2863

زانیارییە سەرەتاییەکان باس لە هەبوونی ١٥ شەهید و بریندار تا ئێستا دەکەن. تا ئێستا ٧ کەس بە ڕوونی شەهید بووە.

ڕۆژی کورد: بە گوێرەی زانیاریی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، ئەمشەو شەوی سێ شەممە ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە قەڵای دێموکرات، مەقەڕی حیزبی دێموکراتی کوردستان، تەقینەوەیەک ڕووی داوە.

هەواڵنیری ڕۆژی کورد رایگەیاند، ئەمشەو و لە دوای تەواوبوونی رێوڕەسمی شەوی چلە و ساڵڕۆژی لە دایک بوونی دوکتور قاسملوو، دوو تەقینەوەی دوابەدوای یەک لەبەر دەرگای قەڵای دێموکرات هاتە ئاراوە.

ناوی یەکێک لە شەهیدەکان “عەلی قۆیتاسی” ڕاگەیێندراوە. هەروەها دەگوترێ ئەندامێکی ئاسایشی یاکێتیش شەهید بووە. ناوی یەکێکی تریش لە شەهیدەکان، “یەعقووب کورانی” ڕاگەیەندراوە.

ناوی چوار کەسی تر لە شەهیدەکان بریتییە لە:  ناسر کەریمی و سالار باقری و ئەرسەلان و محەمەد 

دوای ئەوەی تەقینەوەی یەکەم ڕووی داوە و خەڵک کۆبوونەوە، تەقینەوەی دووهەم ڕووی داوە.

هەر دوو تەقینەوە لە رێگای بۆمبی چێندراوەوە ئەنجام دراوە و لە ڕێگای کۆنترۆڵ لە دوورەوە، تەقێندراونەوە.

سەرچاوەیەک بە ڕۆژی کوردی راگەیاند، تەقینەوەکان سێ دانە بوون بەڵام یەکیان زیانێکی ئەوتۆی بەدواوە نەبووە، ڕۆژی کورد ئەو زانیارییانە پشتڕاست ناکاتەوە.

مستەفا مەولوودی لە یەکەم دژکردەوەی خۆیدا کۆماری ئیسلامیی ئێرانی وەک بکەری ئەو کردەوە تیرۆریستییە، ناساند.

ئەمشەو ڕێوڕەسمی شەوی چلە بە بۆنەی ساڵڕۆژی لەدایک بوونی دوکتور قاسملوو لە هەر دوو باڵی دێموکرات بەرز ڕاگیراوە.

بەپێی زانیارییەکان ئەو تەقینەوەیە لە بەردەم دەفتەری سیاسی حزبی دیموکراتی کوردستان “حدک” لە کۆیە روویدا.

زانیارییە سەرەتاییەکان باس لە هەبوونی ١٥ شەهید و بریندار تا ئیستا دەکەن.

دەگوترێ چەند کەس لە قوربانیانی ئەو تەقینەوەیە، سووتاون.

یەکێک لە کارناسانی ناوەندی ڕؤژی کورد کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئەو تەقینەوەی بە دەرەنجامی ناشێلگیریی ناوەندە ئاسایشیەکانی حیزبەکانی کوردستانی خۆرهەڵات کە نیشتەجێی کوردستانی باشوورن زانی و گوتی: “تەکنەلۆژی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تەواوی خزاونەتە ناو حیزبەکانیشەوە و هێچ چاوەدێرییەک بەسەر ئەو بابەتەدا ناکرێ. ئەمساڵ لە فەیسبووکەوە بینیمان کە چەند کەس لە حیزبەکان، سەربەخۆ ئەو ڕێوڕەسمانەیان رادەگواست و ئەوەش بەو واتایەیە کە زانیاریی تەواو لەمەڕ هاتن و چوون و کات و سات دەدەن بە ڕژیم”.

ئەو کارناسەری ڕۆژی کورد گوتیشی: “حیزبەکان دەبێ ئەوە بزانن کە ئەوان هەرچەند نیشتەجێی ناو کەمپ و خاکی باشووریش بن، هەمدیسان حیزبی سیاسی و دژبەری کۆماری ئیسلامین، کەواتە پێویست ناکا وا ساویلکە و هەستیارانە، ئەو ڕێوڕەسمانەی خۆیان ڕابگوازن و گیانی پێشمەرگە و ئەندامان بکەنە قوربانیی چەند لایک و کۆمێنت و پیویستە بە جیدیی لێپرسینەوە لەو کەسانە بکرێ کە ئەو ڕێوڕەسمانەیان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان راگواستووە”.

ناوەندی ڕۆژی کورد، هاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی، ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیانی ئە وکردەوە تیرۆریستەی و هەروەها حیزبی دێموکراتی کوردستان دەکات و هیوای ساغی و سڵامەتی بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

ئەو هەواڵە نوێ دەکرێتەوە………

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت