حدکا و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ ئەمجارەش دووبەدوو و بێ حیزبەکانی تر بەیاننامەیان دەرکرد

0
1007

لە کاتێکدا کە داوای پێکهاتنی بەرەیەکی یەکگرتوو لە ناو حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هاوهەڵوێستی لە هەمبەر ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان دەکرێ، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان لە طاگەیەندراوێکی هاوبەشدا پشتیوانی لە داوای خەڵکی سەرتاسەری ئێران دەکەن و ئەمجارەش حیزبەکانی تر، هاودەنگ نەکراون.

ڕۆژی کورد: لە ڕاگەیێندراوە هاوبەشەکەدا هاتووە “داوا لە هەموو کۆڕ وکۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و ناوەندە سیاسی و بڕیاردەرەکانی جیهان دەکەین کە پشتێوانی داواکانی خەڵکی ئێران بن و گوشار بۆ ڕێژیم بێنن کە هەرچی زووتر دەستبەسەرکراوەکانی ئەم خۆپیشاندانانە و هەموو دەستبەسەرکراوەکانی دیکە لە بزووتنەوە جەماوەریەکان لە کوردستان و لە نەتەوەکانی دیکە لە ئێران ئازاد بکا و هاوکات داوای ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی لە ڕێژیمی ئێران بکەن.”

پێکەوە دەرکردنی ئەو ڕاگەیێندراوە لە لایەن ئەو دوو حیزبەوە و بێ هاواهەنگی و هاوڕێی لەگەڵ حیزبەکانی تر لەو دۆخە هەستیارەدا لە کاتێکدایە کە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، وێڕای حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شۆڕای ئازادیخوازانی ئێراندا بەشدار بووە و “پاراستنی تەواویەتی ئەرزیی ئێران”ـیان واژۆ کردووە کە حدکا دژ بەو واژۆکردنە بووە.

دەقی ڕاگەیێندراوە هاوبەشەکەی حدکا و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ  سەبارەت بە خۆپێشاندانی ناره‌زایه‌تیی خه‌ڵكی ئێران

خەڵکی ئازادیخوازی ئێران،
نەتەوە مافویستەکانی ئێران،
کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان،
له‌ چه‌ند رۆژی ڕابردوودا شه‌پۆلێكی گه‌وره‌ له‌ خۆپێشاندانی ناڕه‌زایه‌تی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی خه‌ڵكی ئێران ده‌ستی پێكردوه‌ و تا ئێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

سه‌رچاوه‌ی سەرەکی ئەم ناڕه‌زایه‌تییانە قەیرانی ئابووری و گرفتە کەڵەکەبووە ئابووری و سیاسییەکان لە نێو ئێران دایە کە ئاکامی چەندین دەیە حکومەتی ستەمکارانە و قەیرانخولقێنیی کۆماری ئیسلامیە کە وای کردووە لەبەر دۆخی نالەبار و خه‌راپیی ئابووری و بێمنه‌تیی حكوومه‌ت له‌ هه‌مبه‌ر گوزه‌ران و مه‌ینه‌ته‌كانی خه‌ڵكی كه‌مداهات و هه‌ژار‌ و هەروەها هەزینەکردنی بە میلیارد سامانی ئەم وڵاتە لە ئاژاوەگێڕێ و شەڕە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خەڵکی ئێران بە هەموو نەتەوە و چین و توێژی جیاوازەوە بێنە شەقام و داواکاریی خۆیان و دژایەتییان لەگەڵ تەواویەتی ڕێژیمی ئیسلامیی حاکم لە تاران نیشان بدەن.

ئه‌م خۆپێشاندانانه‌ له‌ هه‌مان كاتدا ئاماژه‌یه‌كه‌ به‌ توڕه‌یی پەنگخواردووی ساڵیانێک له‌ حكوومڕانێكی ناكارامه‌، گه‌نده‌ڵ، نادادپه‌روه‌ر و دیكتاتۆر كه‌ هیچ مه‌جاڵێک بۆ ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی به‌ شێوه‌یه‌كی مه‌دەنیانه‌ به‌ شارۆمه‌ندان نادا و له‌ به‌رامبه‌یاندا به‌رپرس نیه‌ و هیچ حیسابێك بۆ ئێراده‌ی ئه‌وان ناكا.

له‌ هه‌مان كاتدا خۆپێشاندانه‌كان ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌ن كه‌ خه‌ڵک بێ هیوان به‌رامبه‌ر به‌ به‌ڵێنییە یه‌ک له‌ دوای یه‌كه‌كانی ڕۆحانی و دروشمه‌ بریقه‌داره‌كانی ڕێفۆرمخوازان و چیتر ئاماده‌ نین پشت به‌ باڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات ببه‌ستن.

ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ زۆربه‌ی شاره‌گه‌وره‌كانی ئێرانی گرتووەته‌وه‌و دروشمەکانی خۆپیشاندەران بە ڕوونی دەری دەخەن کە کۆمەڵانی خەڵکی ئێران و هەموو نەتەوەکان، بە تێکڕا ئەم ڕێژیمەیان ناوێ و خوازیاری حکومەتێکی دێموکراتیکن کە وەڵامدەری داواکانیان بێ و دادپەروەری و یەکسانی و پاراستنی کەرامەتی مرۆیی و نەتەوەییان بۆ دەستەبەر بکا.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی وەک هەمووکاتی دیکە، لەبەرامبەر داوای ڕەوا و کردەوەی مەدەنیانەی خەڵکدا هیچ وڵامێکی نیە جگە لە سەرکوت و توندوتیژی و هەر لەم چەند رۆژەشدا بە سەدان کەسی دەستبەسەر کردووە و هێزی زۆری پاسدارو دژی گەلیی بە چەک و جبەخانەی جۆربەجۆرەوە ڕەوانەی هەموو شوێن و شارەکانی ئێران کردووە و بە زۆری چەک و سەرکوت دەیەوێ خەڵک بێدەنگ بکا.

خه‌ڵكی كوردستان كه‌ خۆیان هەردەم پێشه‌نگی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌ شێوازی خۆپێشاندان و هه‌ڵبڕینی ده‌نگی مافخوازی و ئازادیخوازی بوون، پشتیوانی له‌ داواکاری خەڵکی سەرتاسەری ئێران بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و ژیانی باش و داهاتووی دێموکراتیک و یەکسان دەکەن.

ئێمە وەکوو حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە، داوا لە هەموو کۆڕ وکۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و ناوەندە سیاسی و بڕیاردەرەکانی جیهان دەکەین کە پشتێوانی داواکانی خەڵکی ئێران بن و گوشار بۆ ڕێژیم بێنن کە هەرچی زووتر دەستبەسەرکراوەکانی ئەم خۆپیشاندانانە و هەموو دەستبەسەرکراوەکانی دیکە لە بزووتنەوە جەماوەریەکان لە کوردستان و لە نەتەوەکانی دیکە لە ئێران ئازاد بکا و هاوکات داوای ئازادکردنی هەموو زیندانیانی سیاسی لە ڕێژیمی ئێران بکەن.

حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران
٩ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی
٣٠ی دێسامبری ٢٠١٧ی زایینی @javanmardi77

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.