جێگری خەزێنەداریی ئامریکا هەڕەشەی لەو وڵاتانە کرد کە لەگەڵ ئێراندا ئاڵووگۆڕیی بازرگانی دەکەن.

0
656

سێگاڵ مێندلکیر، جێگری خەزێنەداریی ئامریکا بە پێشوازی لە ئەگەری گەمارۆی نوێی ئەوروپا بۆ سەر ئێران لە هەمانکاتدا هەڕەشەی لەو وڵاتانە کرد کە ئاڵووگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدەن.

ڕۆژی کورد: بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆیتێرز، جێگری خەزێنەداریی ئامریکا ڕۆژی سێ شەممە ۱۰ی ئاپریل بەرانبەر بە ۲۱ی ڕێبەندانی 2718ی کوردی، لە کاتی ئاخاوتن بۆ ڕۆژنامەوانەکان لە لەندەن گوتی: واشێنگتۆن لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی گەمارۆیی نوێی یەکیەتی ئەوروپا بۆ سەر ئێران دڵخۆشە.

هەروەها و لە هەمانکاتیشدا هەڕەشەی لەو وڵاتە ئەوروپاییانە کرد کە پێوەندی بازرگانیان لەگەڵ ئێراندا هەبێ و گوتی: ئەو وڵاتانەی کە دەیانهەوێ لەگەڵ ئێران پێوەندی ئابووریان هەبێ دەبێ چاوەڕوانی پێشهاتەکانیشی ببن، لەبەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ئاڵوگۆڕی لە بنچینەی دەسەڵاتی خۆیدا نەکردووە.

بەپێی وتەکانی، کۆماری ئیسلامی پووڵی خۆی خەرجی حیزبوڵای لووبنان و حەماس و هەروەها بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سووریە دەکات و بەهەمان هۆوە هیچ ڕوونکردنەوەیەک لە پڕۆسەی بانکداریی ئێراندا نیە.

مێندلکێر هەروەها گوتی: قورسایی ئەرک لەسەر شانی کۆماری ئیسلامییە، ئێمە دووبارە مەترسییەکانی پێوەندی ئابووری لەگەڵ ئێراندا باس دەکەین، لەبەر ئەوەی ئەو بەڵێنانەی ئێران دابوونی هیچی جێبەجێ نەکردووە.

هەڕەشەکانی ترامپ سەبارەت بەوەی کە، ئەگەر سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ چالاکیی مووشەکی و چاکسازی لە پڕۆگرامی ناوکیی ئەو وڵاتەدا نەکرێ ئەوە وڵاتەکەی لەو ڕێکەوتنامەیە دەکشێتەوە، هەر بەو هۆیەوە مێرکل و ماکرۆن مەجبوور بوون کە سەردانی بە جووتە سەردانی ئامریکا بکەن. هەردوو وڵاتی فەڕانسە و ئاڵمان لە تێکچوونی ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران نیگەرانن لەبەر ئەوەی کە هەردوو وڵات پێوەندی ئابووری باشیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە.

ماکرۆن و مێرکل بەپێی بەرنامەیەکی لە کوت و پڕدا، لەمانگی ئاڤریلدا سەردانی ئامریکا دەکەن و چاویان بە تڕامپ دەکەوێت.

ڕۆژنامەی بیڵدی ئاڵمانی لە زاری هێندێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاند کە ڕێکەوتی ۲۷ی ئاڤریل ئەم سەردانە ئەنجام دەدرێت.
ئێمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەڕانسە ڕۆژی ۲۴ی ئاڤریل ۳ڕۆژ پێش خاتوو مێرکل دەچێتە ئامریکا و لە کۆشکی سپی چاوی بە تڕامپ دەکەوێت.

لە ئێستادا، جیاوازی بیرووبۆچۆن سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوکیی ئێران و هەروەها یاسایی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتە کێشەیی سەرەکی نێوان ئامریکا و ئەوروپایە و گرنگترین بابەتی ئێستای جیهانە.

تڕامپ و دەوڵەتەکەی سوورن لەسەر دەربازبوون لە بەرجام بەڵام فەڕانسە و ئینگلیس و ئاڵمان داوای گەمارۆیی زیاترن بۆ سەر ئێران لەمەڕ پڕۆگرامە مووشەکیەکانی و هێشتنەوەی ڕێکەوتنامە ناوکییەکە. یەکیەتی ئەوروپا و بە تایبەتیتر فێدێریکا مۆگرینی پێداگریان لەسەر هێشتنەوەی ئەم ڕێکەوتنامەیە بە هەمووشێوەیەک.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.