بانگەوازیی سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی کاتی بۆ ڕۆژهەڵات لە تاراوگە

0
1029

پارتی سەربەستیی کوردستان، ڕێکەوتی١٠ی بەفرانباری ٢٧١٧ کوردی، بەرامبەر بە ٣١ / ١٢ / ٢٠١٧ / زاینی، بە سەرپەرەستی عارف باوەجانی سەرۆکی گشتی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان، و بەرپرسی ناوەندە گرنگەکان و بەرپرسی ڕێکخستنە ناوخۆییەکان و ڕاوێژکارانی بوارە جیاوازییەکان. پلۆنۆمی چوارەمی خۆی بەڕێوەبرد،

ڕۆژی کورد: دوابەدوای بەڕێوەچوونی ئەو پلۆنیۆمە، عارف باوەجانە، سەرۆکی گشتیی پارتی سەربەستیی کوردستان، بانگەوازێکی ڕوو بە حیزب و لایەنەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی بۆ ڕۆژهەڵات، خستووەتە ڕوو.

عارف باوەجانی لە لێدوانێکی تایبەت لەگەڵ ناوەندی ڕۆژی کورد، لەمەڕ چاوەڕوانی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ بەپیرەوەچوونی ئەو بانگەوازیە دەڵێ: “بە پێێ ئەزموونی زیاد لە ٣٠ ساڵ کاری سیاسی خۆم لەگەڵ لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەم بۆ ڕوونبووەتەوە کە ئەو حیزبە دێرینانە هەرگیز پێشوازی لە پرۆژەیەک ناکەن، کە لایەنی دیکە پێشنیاریان پێبکات. ئەویش بە تایبەت لایەنێک تازەتر دروستکراوبێت، و بیرکردنەوەی جیاوازتریان بۆ شێوەی خەباتی ڕزگاریخوازی هەبێت. هەر هەموو ئەو حیزبانەش لە بەرنامەو پرۆگرامیاندا، لە لێدوان و کۆروکۆبوونەوەکانیاندا، بە زەقی باسی ئازادی و پلورالیزمی سیاسی دەکەن. بەڵام مخابن بە کردەوە تا ئیستا من بۆ خۆم لە کەسیانم نەدیوە. ١٢ ساڵە ئێمە وەک پارتی سەربەستیی کوردستان دروستبووین، هێچ کێشەیەکمان لەگەڵ هێچ لایەنێکی کوردستانی نەبووە، تەنیا کارمان ئەوە بووە کە پێداگریمان لە بیری سەربەخۆیی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە، لە وڵامدا هەمیشە کۆسپمان بۆ دروستکراوە بۆ ئەوەی لە هیچ کۆرو کۆبوونەوەیەک بەشداریمان پێنەکرێت. لە هیچ کۆمیتەو ڕێکخراوێکی دروستکراو بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن بەڕێزانی کۆمەڵەکان و دیموکراتەکان ئێمە بەشدار نەکراوین، حەتا لە ڕێکخراوەکانی گشتی کوردستانی کە لە وڵاتانی دەرەوە دروستکراون، وەک نموونەی کۆمیتەی هاوکاری ‌هێزە کوردستانیەکان لایەنێکی ڕۆژهەڵات دژایەتی بە ئەندام بوونی ئێمە ڕاگەیاندووە، هۆکارەکەشی نازانین بۆ؟. بە هەر حاڵ بوونی لایەنێکی سیاسی ئەگەر بۆ خۆی چالاک بێت و کۆڵنەدات، هەرگیز بە خواستی لایەنی دیکە لە بەین ناچێت. بە خۆشییەوە پارتی ئێمەش لە ئاست کوردستان وجیهاندا بێوچان لە خەبات و تێکۆشاندایە و بەردەوامیشە. بینەرو چاودێرانی سیاسیش دەیبنن و دەیبیسن. بەڵام ئەوەی کە ئێمە پێمانوایە کە کارێکی دروستەو دەبوو هەوڵی بۆ بدەین، تەنیا لە خەمخۆریی خۆمانە بۆ گەلەکەمان لە خۆرهەڵاتی کوردستان.

سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان، هەروەها لەمەڕ خەسارەکانی پێکنەهاتنی ئەو حکومەتە کاتیە لە ئێساتدا، گوتی: “خەساری یەکجار زۆرە، بێگومان هەمێشە لە بۆشاییەکانی برسێتی خەڵکدا کاری مەترسیدار ڕوودەدات، ڕێکخراوە تووندڕەوەکان، دەزگای داپڵۆسێنەری وڵاتانی داگیرکەر نفوز دەکەنە ناوچەکە . نموونەش ڕووداوە ناخۆشەکانی ساڵەکانی ١٩٩٤ تا ١٩٩٩ کە لە کاتی شەری ناخۆ و برسێتی چەندە کاری تروریستی ڕویدا. کەوابێت هەموو حیزبەکان و هەموو تاکێکی کورد کە شارەزای مێژووی سیاسی بێت لە کوردستان لەوە دڵنیایە کە ئەو شتانە ڕوو دەدەن. ئێ ئەگەر وایە بۆ لە پێشدا بیر لە چارەسەرەکەی نەکەیەنەوە.”

دەقی بانگەوازەکە بەو شێوەی خوارەوەیە: 

بۆ گشت پارت و لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان؛

بۆ گشت یاساناس و دیپلوماتە کوردستانییەکان؛

بۆ گشت کەسایەتییە دیارەکان و ڕووناکبیران؛

هەر وەک هەموو لایەک ئاگادارن کە شەپۆلی گۆرانکارییەکان لە ئێران و ناوچەکانی نەتەوە بندەستەکان بە کوردستانیشەوە. ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبێت. هەموو نەتەوەیەک خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ هەر ئەگەرێکی پێشهاتوو.

بۆ ئەوەی ئێمەی کوردیش لە هەر ئەگەرێک کە لە ناوچەکە ڕووبدات، یا بڵێن ئەگەری ڕووخانی ڕێژیمی ئیستا و گەرانەوە بۆ ناوخۆی وڵات. بۆ ئەوەی نا ئارامی و بێ یاسایی بۆ ماوەیەک دەست بە سەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە نەگرێت، بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆیی یا براکوژی سەرهەڵنەدات، بۆ ئەوەی دام و دەزگاکانی ڕاپەڕاندنی ژیانی رۆژانەی خەڵک پارێزراوبێت، یا بۆ ئەوەی گروپی مەترسیدار دزە نەکاتە ئەو ناوچانە و هەڵەکانی ساڵانی ١٩٧٩ و ١٩٨٠ دووبارە نەبنەوە، پێشنیاری دروستکردنی حکومەتێکی کاتی بۆ ماوەی ٦ مانگ لە تاراوگە دەکەم، کە ئەو حکومەتە یاساییەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی شار و ناوچەکانی کوردستانی پەسەند بکات.

لە کاتی گەرانەوە بۆ ناوخۆی وڵات، ئەو یاسایە تا دیاریکردنی کاتی هەڵبژاردن لە ماوەی ئەو ٦ مانگە ئیدارەی وڵات بەڕێوە ببات.

تکایە ئەو لایەنانەی کە خۆیان زیاتر بە بەرپرس و حیزبی دێرینی ناوچەکە دەزانن زیاتر هەنگاو بۆ ئەم ئەرکە گرنگە هەڵگرن. بە دڵنیایەوە گەرانەوەمان بۆ وڵات بە دەیان گروپی هێزی پێشمەرگەی جیاوازەوە، بە دەیان ئیدارەی جیاواز لە شار و ناوچەکاندا، بێزاری خەڵکەکە چەندە بەرامبەر بە داگیرکەری ئێرانی هەبووە بەرامبەر بەو وەزعەش دێتە پێشەوە، و هەرگیز گەل پێشوازی لەو جۆرە گەڕانەوە ناکات. هەڵبەت ئەزموونەکانی هەردوو باشوور و رۆژاوای کوردستانمان لە پێشن و دەتوانین چەندین وانەی باش لە هەڵە و کەموکورتییەکانیان وەربگرین.

هەر لەو پێوەندییەدا: ئەگەر لایەنەکان بە دەنگ بانگەوازەکەمانەوە بێن: ئامادەیی خۆم پێشاندەدەم بۆ ئامادەکردنی کۆبوونەوەی یەکەم و ئەرکی پەزیرایی و شۆێنی مانەوە دەگرمە ئەستۆ، ئیتر لە دەستپێکی یەکەم کۆبوونەوە بریاری کارەکان لە سەر پێشنیاری هەموو لایەک دەبێت.

بەڕێزەوە

عارف باوەجانی

سەرۆکی پارتی سەربەستیی کوردستان.

١٣ی بەفرانباری ٢٧١٧ی کوردی. بەرامبەر بە ٣/١/ ٢٠١٨ی زاینی.

بۆ پێوەندی گرتن لە ڕێگەی پەیجی فەرمیەوە: Aref Bawecani عارف باوەجانی‎

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.