بەنداوی داریان و کارەساتەکەی بۆ گوندی 3 هەزار کەسیی بڵبەر

0
872

بەنداوی داریان کە سەرەڕای ڕێگری و هەوڵێکی زۆری خەڵک و چالاکانی مەدەنی، هەروا درێژەی هەیە، کارەساتی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە ناوەتەوە، بەڵام لەو ناوەدا کارەساتی گوندی “بڵبەر” لە زۆربەیان کارەساتبارتر و سرنجڕاکێشترە. ڕاپۆرتی هەواڵنێری ڕۆژی کورد لەمبارەوە….

ڕۆژی کورد: ئاوایی بڵبەر سەر به ناوچەی هەورامان، لەبەر نەبوونی ئاوی خاوێن، چەند ساڵ بەر لە ئێستا، ناچار بون له ئاواییەکی‌تر به ناوی سلێن که دراوسێی بڵبەره، کانی ئاوێکی جوان و کانزایی لەگەڵ زەوییەکەی دەوروبەری بکڕن.
بۆ دابین کردنی تێچووی ئەو کڕینە، تەنانەت ژنی وا بووه خشڵ و زیڕی دەستی و گوارەی گوێی خۆی فرۆشتووه.

ئێستا و پاش چەندین ساڵ کەڵک وەرگرتن لەو ئاوه، بە هۆی سازکرانی بەنداوی داریان، ئەو کانییه سروشتییه چووەته ژێر ئاوە و لەناوچووە.

کاربەدەستانی بەنداوەکه لەبری ئەو ئاوه، پاڵاوتگەیەکی بچووکی ئاویان بۆ خەڵکی بڵبەر دروست کرد بەڵام ئەو ئاوە بەرهەم‌هێنراوە نه تێری خەڵکەکە بوو و نە ئاوێکی پاقژ و ساخڵەم.

ئەو پاڵاوتگە بچووکە، بۆ حەشیمەتی سێ هەزار کەسیی بڵبەر، تەنیا ئاوی خواردنی سێسەد کەس دابین ئەکات.

پاش ناڕەزایی دەربڕین و سکاڵای خەڵکی ئاوایی بڵبەر لە بەرپرسانی بەنداوەکە، دەرکەوت کە ئەو بەرپرسانە کڵاویان ناوەتە سەر خەڵک. فەرمانگەی ئاوی شارستانیش، شلەنگی داوه بە خەڵک و ڕایان گەیاندووە کە پێویسته خەڵکی ئاوایی، خۆیان ئاوی خواردنەوەی ئاوایی دابین بکەن و حکومەت هیچ یارمەتییەکیان نادات.

ئیستا خەڵکی ئەو گوندە خەریکن له سێ کیلومەتریی خوارەوەی ئاوایی سەرپیرەوە سەرچاوەی نوێی ئاوی خواردنی گوندەکەیان ڕابکێشن.

کەسێکی خەڵکی گوندەکە بە هەواڵنێری ڕۆژی کوردی گوت: “خەڵکی گوندی بڵبەر، ئاوی خاوێن و کانیی خۆیان بووه و بەنداوی داریان له ناوی بردووه و ئیستایش دادپەروەری وا حوکم ئەکا که ئەو پڕۆژە ئاو و باقی زیانەکانی ئەو خەڵکە قەرەبوو بکاتەوە.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.