وەپاش خستنی گەمارۆ نوێیەکانی ئامریکا بە دژی ئێران

0
1652

لە حاڵێکدا کە لەبەرەبەری ساڵی نوێی زایینیدا، سەرۆک کۆماری ئێران، حەسەن ڕوحانی لە نامەیەکدا بۆ وەزیری بەرگری حکومەتەکەی، داوای لێکرد “دەست بکەن بە بەرهەم هێنانی هەرموو چەشنە موشەکی پێویست بۆ هێزە چەکدارەکان و بە خێرایی و چڕ و پڕییەکی زۆرترەوە ئەو کارە بکەن”، ڕۆژنامەی وار ستریت جۆرنال نووسی:  ئەو ئابلۆقە نوێیانەی کە بڕیار بوو ئامریکا بە هۆی “پەرەپێدانی گەڵاڵەی موشەکی” بە دژی ئێران بیانخاتە گەڕ، وەدوا خراون، بەڵام بەرپرسانی وڵاتی ئامریکا سوورن لەسەر بەربەرەکانی لەگەڵ “گەڵاڵە موشەکییەکان”ی ئێران.

نۆی بەفرانباری ئەو ساڵ، وال ستریت جۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا نووسیبووی: تاقیکارییە موشەکییەکانی ئەو دواییانەی ئێران بۆتە هۆکاری خستنە گەڕی هەندێ ئابلۆقی نوێ لە لایەن ئەمریکاوە بە دژی ئێران و کەسایەتیە حەقیقی و حقوقییەکانی. هەروەها ئەو ڕۆژنامەیە لیستەیەک ١٢ ناوی کەسایەتی و کۆمپانیایی ئێرانی لەو بارەوە دابۆ دەر کە بڕیار بوو لەو ئابلۆقە و گەمارۆ نوێیانە، بەر بکەون.

ڕۆژی دواتر، واتا ١٠ی بەفرانبار، هەر ئەو ڕۆژنامە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکایی بڵاوی کردەوە کە خستنە گەڕی ئەو گەمارۆ نوێیانە بە هۆی پێکهاتنی ناوەکی لە نێوان ئێران و شەش زل هێزی جیهانی، وەدوا کەوتووە. لە ئێستادا ئێران سەرقاڵی جێ بە جێ کردنی هەندێ لەو سنووردارکردنانەیە کە لەمەڕ بەرنامەی ناوەکی، بۆی داندراوە و بە دوای جێ بە جێ بوونیان، گەمارۆ ناونەتەوەییەکانی لەسەر هەڵدەگیرێ.

ئەو هەڵوێستە نوێیەی دەوڵەتی ئۆباما، لەگەڵ دژایەتی یاسادانەرانی ئامریکایی بەرەوڕوو بووە و دەڵێن: سەرۆک کۆمار ئۆباما و حکومەتی ئامریکا، ورەی خۆیان بۆ خستنە تەنگژەی ئێران لە دەست داوە. لە هەمان کاتیشدا هەندێک لە ڕەخنەگران لایان وایە ئەو گەمارۆ نوێیانە لە هەمبەر ئەو گەمارۆیانەی کە بڕیارە لەسەر ئێران هەڵبگیردرێن، کەم و لاوازن. هەندێک کەسی تریش بڕوایان وایە ئەو گەمارۆیانە کاریگەری لەسەر کەشی سیاسی ئێران و هەڵبژاردنی داهاتووی دەبێ.

بەشێک لە چاوەدێرانی سیاسی لایان وایە، ئۆباما تا کۆتایی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، گەمارۆکانی سەر ئێران کەم دەکاتەوە و بۆ گەمارۆی نوێ دەبی چاوەڕوانی دوای هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە بکەین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت