وەزیری کار و باری دەرەوەی ئێران، نامەیەکی چەند لایەنەی بڵاو کردەوە

0
500

محەممەد جەواد زەریف وەزیری کار و باری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی نامەی بۆ هەر کام لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەگرتووەکان، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی هاوکارییە ئیسلامییەکان و وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، نارد و تێاندا باسی لە پرسگەلی نێوان ئێران و عەڕەبستان کرد.

لەو نامەیەدا کە ئەوڕۆ، ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانبار (٩ی ژانویە) بڵاو بۆتەوە، هاتووە: ئێران نایهەوێ تەنگژەکانی لەگەڵ سعوودیە، پەرە بستێنێ.

شیاوی ئاماژەیە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سعوودیە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا بەرەو ئاڵۆزی چوون و سەرجەم پەیوەندییە دیپڵۆماتیکەکانی خۆیان پچڕاندووە.ئەو گرژی و ئاڵۆزییانە دوا بەدوای لە دار دانی شێخ نەمر لە لایەن سعوودیە و ئاگر تێبەردرانی سەفارەت و کۆنسوولگەری سعوودیە لە ئێران، هاتوونەتە ئاراوە و عەڕەبستانی سعوودی دیپلۆماتە ئێرانییەکانی لە وڵاتی خۆی دەرکردووە.

زەریف لە نامەکەی خۆیدا نووسیوێتی: من و سەرۆلک کۆمار لە یەکەم ڕۆژەکانی دوای هەڵبژاردن، نامەی گشتی و تایبەتمان بۆ وڵاتی عەرەبستان ناردووە و ڕامانگەیاندووە کە ئامادەی دان و ستانین بۆ خۆش کردنی بەستێنەکان بۆ جێگیربوونی ناوچە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تووند و تیژی و سەرەڕۆیی، بۆیەش سعوودیە دەبی دەست بکا بە هەڵبژاردنێکی مەزن.

زەریف هەروەها دەنووسێ: دەوڵەتی ئێران زۆر بە ڕاشکاوانە هێرش کردنە سەر سەفارەت و کۆنسوولگەری عەرەبستان لە ١٢ی بەفرانباردا مەحکووم دەکات و سەرجەم هەوڵی خۆی بۆ سزادانی تاوانباران، بە پێی یاسا، خستۆتە گەڕ.

لە بەشێکی تری ئەو نامەیەدا، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، هەندێ جیاوازتر دەدوێت و باس لە هێرش کردنە سەری چەکداران بۆ شوێنە دیپڵۆماتیکەکانی ئێران لە یەمەن و هەروەها پشتگیری کردن لە تیرۆریستەکان بۆ هێڕش کردنە سەر ئەو شوێنانە لە وڵاتانی تر دەکات و باس لە نەشیاو جووڵانەوە لەگەڵ زیارەتکەرە ئێرانیەکان و ڕق و بێزاری چاندنی فەرمی بە دژی ئێران و سەرجەم مسوڵمانانی شیعە لە نوێژی هەینی سعوودیەدا و سەربڕینی بێ پاساو و هاندەرانەی مەلا شیعەکان و لە کۆتاییشدا هاندان بۆ شەڕی ئابووری دژ بە ئێران لە لایەن عەڕەبستانەوە دەکات و گازندە دەکات.

زەریف هەروەها گوتی: “عەڕەبستانی سعوودی دەبێ دەست بکات بە هەڵبژاردنێکی مەزن. ئەوان دەتوانن لە نێوان پشتگیری کردن لە تیرۆریستە سەرەڕۆکان و پەرەپێدانی ڕق و بێزاری یان ڕێگای نیازپاکی جیرانانە و بەجێ گەیاندنی دەورێکی بنیاتنەرانە لە ناوچەکەدا، یەکیان هەڵبژێرن. هیواخوازیشین سعوودیە، لە هەمبەر هەڵبژاردنی ڕێگای خۆی، ڕێگای ئەقڵ و ژیری هەڵبژێرێت.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت