وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: فرۆشتنی چەک بە سعودیە، هۆشدارێکە بە ئێران

0
895

ڕۆژی کورد: ڕێکس تەیلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە لە یەکەمین سەفەری خۆرهەڵاتی ناڤینیی ترامپ، هاوسەفەرە، لە لێدوانێکدا بە ڕوون و ئاشکرایی هۆشداری دا بە ئێران.

تەلیێرسۆن کە دوای واژۆکرانی ڕێکەوتنی فرۆشتنی چەک لە نێوان ئەمریکا و سعودیە قسەی دەکرد گوتی: “فرۆشتنی چەک بە سعوودیە، هۆشدارێکی ڕاستەوخۆیە بە ئێران”.

لەو سەفەرەی ترامپدا، ڕێکەوتنێکی زیاتر لە ٣٨٠ میلیارد دۆلاری بۆ فرۆشتنی چەک لە لایەن ئەمریکاوە بە سعوودیە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە واژۆ کراوە.

تەلیێرسۆن لە لێدوانەکەیدا هەروەها گوتی: “واژۆکرانی ڕێکەوتنی فرۆشتنی چەک بە عەرەبستان، پەیامێکە بۆ “دژبەری سەرسەخت”ـی ئەو وڵاتە واتا ئێران و پەیامێکی ڕوونە بۆ ئەو دوژمنە هاوبەشەی ئەمریکا و سعوودیە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها گوتیشی: “فرۆشتنی چەک بە عەرەبستان، تەناهیی ئەو وڵاتە و هەروەها سەرجەم ناوچەکە، لە ژێر دەسەڵات و هەڕەشەی ئێران دەپارێزێ و لە هەموو لایەکەوە هەڕەشەی ئێران کەم دەکاتەوە.

دەگوترێ مەبەستی تەیلێرسۆن، دەست تێوەردانی ئێران لە سووریە و عێراق و پشتیوانیی ئێران لە حوسییەکانە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەو کۆنفرانسە هەواڵنیرییەی خۆیدا لە ڕیاز، لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئەگەری ئەوە هەیە کە “تەلەفوون بۆ محەمەدجەواد زەریف بکات و قسەی لەگەڵ بکات؟” گوتی: “من هیچ کات تەلەفوون لەسەر هەر کەسێک کە بیهەوێت قسە بکات یان وتووێژێکی بەکەڵک بکات، داناخات”.

تەلیێرسۆن هەروەها گوتیشی:”لە ئێستادا من هیچ گەڵاڵەیەکم بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەم نیە، هەرچەند ئەگەری زۆرە لە کاتێکی گونجاودا، قسەی لەگەڵ بکەم”

لەم کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا، عادل ئەلجوبەیر، وەزیری دەرەوەی سعوودیە، ئێرانی بە پشتیوانی کردن لە تیرۆریستان و دەست تێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچە، تاوانبار کرد.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت